06/16/2026
مەنسوور حیکمەت لە تەرازووی واقیعدا: لە فەنتازیای کاغەزەوە بۆ ئیفلاسی سیاسی لە کوردستان
جەلال هۆرێنی
پێگەی هەر تێزێکی سیاسی لەوەدا کورت دەبێتەوە کە تا چەند لە تاقیکردنەوەی مێژوودا ڕاست دەردەچێت. خوێندنەوەی دەقەکەی مەنسوور حیکمەت دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە، نەک هەر دابڕانی ئەو ڕەوتە لە واقیعی سیاسی دەسەلمێنێت، بەڵکو نیشانی دەدات کە چۆن پێشبینییەکانیان لە تەرازووی مێژوودا هەڵوەشانەوە. لێرەدا دەقی کۆڵەکەکانی پلاتفۆرمەکەی حیکمەت وەک خۆی دەخەینە ڕوو و لە ژێریدا خوێندنەوەی واقیعی بۆ دەکەین.
مەنسوور حیکمەت دەڵێت:
(ئه‌مرو له كوردستانى عيراقدا قسه له زه‌رووره‌تى سه‌رهه‌لدانى هيزيكى سييه‌م ئه‌كريت... له‌روانگه‌ى زوريك له خه‌لكه‌وه، وه ته‌نانه‌ت له روانگه‌ى خودى دوو حزبه ناسيوناليستييه سه‌ره‌كييه‌كه‌وه، هه‌رئيستا هيزيكى سييه‌م له‌مه‌يداندايه، ئه‌ويش حزبى كومونيستى كريكاريى عيراقه... هيزى سييه‌م يان ده‌بى ببيته هيزى يه‌كه‌م, يان ببيته ته‌ماشاكه‌رى ئه‌وه‌ى كه چاره‌نووسى كوردستانى عيراق، لانى كه‌م له‌م ده‌وره‌يه‌دا، بورژواكان ديارى بكه‌ن.)
ڕەخنەی ئێمە:
مێژوو پێچەوانەی ئەم پێشبینییە فەنتازییەی سەلماند. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری نەک هەر نەبوو بە هێزی یەکەم و نەیتوانی جەماوەر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، بەڵکو لەسەر عەرزی واقیع تەنانەت لە دوای ڕیزی بیستەمیشەوە جێگەی نەبووەوە. تێزی (هێزی سێهەم) تەنها دروشمێکی حیزبیی ناو هۆڵە داخراوەکان بوو؛ چونکە لە دەرەوەی کاغەز، جەماوەری کوردستان ڕەوتی حیکمەتیزمیان وەک نامۆیەک سەیر دەکرد کە لە ئازاری ڕاستەقینەی خەڵک دابڕاوە. هێزێک نەتوانێت لە ناوخۆدا یەک کورسیی نوێنەرایەتی بەدەستبهێنێت، چۆن دەبێتە ئەڵتەرناتیڤی یەکەم؟
مەنسوور حیکمەت دەڵێت:
(سه‌ربه‌خويى كوردستانى عيراق له روانگه‌ى كومونيزمى كريكارييه‌وه بيگومان يه‌كه‌مين هه‌لبژاردن نييه. وه‌لامى يه‌كه‌مى ئيمه به مه‌سه‌له‌ى ميللى له گشت ناوچه‌كه‌دا شورشى كريكارييه... سه‌ربه‌خويى كوردستانى عيراق ته‌نانه‌ت دووه‌م هه‌لبژادنيشمان نييه. عيراقيكى غه‌يره قه‌ومى، عيراقيكى ئازاد... بيگومان له جيايى كوردستان باشتره.)
ڕەخنەی ئێمە:
ئەم ڕستەیە گەورەترین دژایەتیی فیکریی حیکمەتیزم ئاشکرا دەکات. ئەوان دۆزی ڕەوای نەتەوەیەک کە ئەنفال و کیمیاباران کراوە، وەک (ئامانجی پلە سێ) دەبینن و تەنها وەک (تاکتیکێک بۆ تەزکیکردنی حیزبەکەیان) بەکاری دەهێنن. حیکمەت دان بەوەدا دەنێت کە مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا لای ئەو لە سەربەخۆیی کوردستان گرنگترە. ئەمە پیشانی دەدات کە کۆمۆنیزمی کرێکاری هیچ کات بڕوای ڕەسەنی بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد نەبووە، بەڵکو پرسی سەربەخۆیی لای ئەوان کەرەستەیەکی سیاسی بوو بۆ ململانێ، نەک ستراتیژێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی.
مەنسوور حیکمەت دەڵێت:
(ئه‌م حزبه كونانه له كوردستانيكى سه‌ربه‌خودا به‌خيرايى ده‌كه‌نه په‌راويزه‌وه... ته‌نها وجودى كونه‌په‌رستييه‌كى هارو بيگانه خه‌لكى ناچار كردووه مه‌يدانداريى ئه‌مانه قبوول بكات.)
ڕەخنەی ئێمە:
ئەم شیکردنەوە سۆسیۆلۆژییە نیشانەی تێنەگەیشتنی قووڵە لە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستان. حیکمەت پێیوابوو ئەگەر کوردستان بەرەو سەربەخۆیی بڕوات، حیزبە کوردییەکان نامۆ دەبن و دەسەلمێنرێت کە ئەوان لە دواوەی مێژوون. بەڵام واقیعەکە چی بوو؟ لە ساڵی ٢٠١٧دا کاتێک پڕۆسەی ڕیفراندۆم لەسەر عەرزی واقیع ئەنجامدرا، ڕێک ئەو حیزبە نەتەوەییانە بوون کە ڕابەرایەتیی پڕۆسەکەیان کرد و جەماوەریش دەنگی پێدا، لە کاتێکدا حیزبەکەی حیکمەت بوو بە تەماشاچی و لایەنگرەکانیان ناچار بوون پشتگیری لە پڕۆژەی حیزبە ناسیۆنالیستەکان بکەن! حیزبە کوردییەکان نەکەوتنە پەراوێزەوە، بەڵکو ئەوە تێزەکەی حیکمەت بوو کە لە کەناری مێژوودا جێ‌ما.
مەنسوور حیکمەت دەڵێت:
(ئه‌م ريفراندومه ده‌بيو واباشتره كه به‌ره‌زامه‌نديى ده‌زگا ره‌سمييه نيونه‌ته‌وه‌يييه‌كان ئه‌نجام بدريت بوئه‌وه‌ى ته‌نفيزكردنى ئه‌نجامه‌كه‌ى زه‌مانه‌تيكى زورترى هه‌بيت... له وه‌ها ريفراندوميكدا ئيمه ده‌بى پيكهينانى ولاتيكى سه‌ربه‌خو پيشنياز بكه‌ين.)
ڕەخنەی ئێمە:
ئەمڕۆ کادیرانی کۆمۆنیزمی کرێکاری شانازی بەوەوە دەکەن کە پڕۆژەی ڕیفراندۆم هی ئەوان بووە لە ساڵی ١٩٩٥دا. بەڵام پرسیارە سادەکە ئەمەیە: کاتێک تێزێک لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە و هیچ ئامراز و کەرەستەیەکی جێبەجێکردنی لەسەر زەمینی واقیعدا نییە، چ بەهایەکی هەیە؟ کاتێک پڕۆژەیەک هێزی جەماوەریی لەپشت نەبێت، ناچار دەبێت چاوەڕێ بکات تا نەیارە سیاسییەکانی حیزبە نەتەوەییەکان لە ساڵی ٢٠١٧دا پڕۆژەکە ببەنە سەر سندوقی دەنگدان. ئەمە گەورەترین بەڵگەیە کە حیکمەتیزم تەنها توانای بەرهەمهێنانی دەقی هەیە، بەڵام لە دروستکردنی گۆڕانکاریی واقیعی و مێژوویی‌دا بە تەواوی ئیفلاسی کردووە.
مەنسوور حیکمەت دەڵێت:
(به‌لام هه‌موو ئه‌م باسانه به‌ماناى ئه‌وه‌يه كه ئيمه به‌هينانه گورى ئه‌م شيعاره ئه‌چينه ناو قه‌له‌مره‌ويكى حه‌ساسه‌وه‌و ده‌بى به‌ووردى ئاگادارى سنووربه‌نديى خومان بين له‌گه‌ل ناسيوناليزمى كورددا.)
ڕەخنەی ئێمە:
لێرەدا حیکمەت دەکەوێتە ناو داوی ترسی ئایدیۆلۆژی لە پرسی نەتەوەیی، بە جۆرێک کە دۆزی ڕەوای نەتەوەیەکی ستەملێکراو تەنها وەک (قەڵەمڕەوێکی حەسادەت بار یان ناسیۆنالیزم) دەبینێت. ئەو وای پیشان دەدا کە خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد بەرامبەر بە زوڵم و ستەمی ڕژێمە فاشیستەکان، تەنها کایەیەکی بۆرژوازییە کە دەبێت لێی دوور بکەونەوە. ئەم جۆرە تێڕوانینە سووکایەتیکردن بوو بەو مێژووە پڕ لە قوربانییە و دابڕانێکی تەواوی ئەوانی لە هۆشیاریی نەتەوەیی خەڵک دروست کرد. مێژوو دەریخست کە ئیرادەی گەلی کورد بۆ ڕزگاری، بزوێنەری سەرەکیی گۆڕانکارییەکان بوو، نەک ئەو هاوپەیمانییە خەیاڵییە کرێکارییەی کە تەنها لە جیهانی ئەبستراکتی حیکمەتدا بوونی هەبوو.
مەنسوور حیکمەت دەڵێت:
(ئه‌مانه ئاكامى زال بوونى خه‌باتى پيشمه‌رگانه‌ن به‌سه‌ر ژيانو ميتابوليزمى سياسى له كوردستانى عيراقدا. به‌هه‌ر راده‌يه‌ك كه
ئه‌م شيوه‌يه مه‌وزوعييه‌تى خوى له‌ده‌ست بدات‌و شاره‌كان ببنه مه‌لبه‌ندى سياسى ئه‌سليى، ئه‌مانه ته‌ريك ده‌كه‌وه‌نه‌وه‌و نامو ئه‌بن. هيزهاوسه‌نگى چينايه‌تى له‌خودى كومه‌لگاى كوردستانى عيراقدا زور له‌دژى ئه‌وانه.)
ڕەخنەی ئێمە:
ئەم گوتارە نیشانەی نەخوێندنەوەی پێگەی جێۆپۆلەتیکی کوردستان و واقیعی ناوچەکە بوو. حیکمەت پێیوابوو تەنها بە گواستنەوەی چەقی خەبات بۆ ناو شارەکان و کەمبوونەوەی ڕۆڵی (خەباتی پێشمەرگایەتی)، حیزبە چەکدارە نەتەوەییەکان تەریک دەکەونەوە. بەڵام مێژوو پێچەوانەکەی سەلماند؛ لە ناوچەیەکدا کە لە لایەن چوار دەوڵەتی داگیرکەری خاوەن سوپای بەهێزەوە گەمارۆ درابوو، سووکایەتیکردن بە خەباتی چەکداری و پێشمەرگایەتی وەک هێزی پارێزەر، دوورکەوتنەوە بوو لە لۆژیکی واقیع. ئەگەر ئەو هێزە چەکدارییە نەتەوەییە نەبووایە، نەک قەوارەی هەرێم نەدەپارێزرا، بەڵکو لە ساڵانی دواتردا لە بەرامبەر هێرشی تێرۆریستانی وەک داعش و حەشدی شعبیدا، شارەکانی کوردستان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی گەورەتر دەبوونەوە. حیکمەت دەیویست بە تێڕوانینی عەقڵانی شاریی ئەوروپی، ململانێیەکی سەربازی و جەنگیی دڕندە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوە ببات، بۆیە واقیعەکە لە بەرژەوەندیی خەباتی چەکداری شکایەوە و تێزەکەی ئەو تەنها وەک تیۆرییەکی سەر کاغەز مایەوە.
نووسینی دروشمی ڕادیکاڵ لەسەر کاغەز زۆر ئاسانە، بەڵام واقیعی سیاسی پیاوی مەیدانی دەوێت. مێژوو دەریخست کە کۆمۆنیزمی کرێکاری نەبوو بە هێزی یەکەم، نە کێشەی کوردی چارەسەر کرد، و نە توانی چرکەیەک گۆڕانکاری لە ژیانی کرێکارانی کوردستاندا دروست بکات. ئەوان لە ناو دەقەکانی حیکمەتدا سڕ بوون، لە کاتێکدا مێژووی ڕاستەقینەی کوردستان لە دەرەوەی هۆڵەکانی ئەوان بەڕێوەچوو.
تێبینی :دەقی نوسینەکەی مەنسوری حیکمەتم لە برادەرانی کۆمۆنیست وەرگرتوە ، کە بڵاویان کردۆتەوە ، وەک خۆی دامناوە پڕە لە هەڵەی ڕێنوس.
#کوردستان #چەپ #کۆمۆنیست