
15/08/2025
ڕوونکردنەوەیەک لە سەرۆکایەتی شارەوانی سرێشمە.
سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەو پڕۆژانەی کە لە پێگەی فەرمی قایمقامیەتی قەزای خەلیفان بڵاو کراونەتەوە، بە پێویستمان زانی زانیاری تەواو ڕاست و درووست بۆ هاوڵاتیانی دانیشتووی شارەدێی سرێشمە بخەینەڕوو.
پێش هەر شتيک ئەرکی ئێمەیە وەکو سەرۆکایەتی شارەوانی سرێشمە خزمەتی هاوڵاتی شارەدێی خۆمان بکەین بەبێ جیاوازی، هەروەها بە سوپاسەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت کابینەی نۆیەم درێخی نەکردووە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پڕۆژەی جۆراوجۆر بە دانیشتوانی سنوری ناحیەی سرێشمە کە پێزانینی تەواومان بۆ گشت هەوڵەکانی حکومەت هەیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری جیاواز. بەڵام مافی دانیشتووان و هاوڵاتیانە کە پرسیارو سەرەنجیان دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوون و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان هەبێت، بۆیە لەو سۆنگەیەوەو لەبارەی ئەو داتایانەی کە لە پەیجی قایمقامیەت بڵاو کراونەتەوە لەم چەند خاڵەی خوارەوە وەکو ڕاستکردنەوەیەک، بۆ ڕەوانەندنەوەی تەمومژ و هەڵگرتنی گومان لەسەر وەها بابەتێک، زانیاری درووست بۆ هاوڵاتیانمان لە شارەدێی سرێشمە دەخەینە پێش چاو.
١- سەبارەت بە پڕۆژەی کۆنکریتکردنی چەند کۆڵانێک لە گەڕەکەکانی ( گەروەزین، ملەسۆر، شکان، حاجیاوە، بنەنوور)
تێچووی پڕۆژە ١٦٨ ملیۆن دیناربووە، کە لەلایەن کۆمپانیای ( ساوا لاند) جێ بەجێ کرا.
بەداخەوە بەهەر هۆکارێک بێت ئەم پڕۆژە دووجار لە داتاکەی قایمقامیەت لە ڕێزبەندی ژمارە ( ٧ و ٥٢) نووسراوەو دووبارە بۆتەوە
٢- پڕۆژەی کۆنکریتکردنی چەند کۆڵانێک لە گوندی کۆن بە گوژمەی ٧٠ ملیۆن دینار کە بەشيوەی ڕاستەخۆ (تەنفیز مباشر)
جێ بەجێ کراوە
ئەم پڕۆژەیەش دوو جارو لە لە داتاکەی قایمقامیەت لە ڕیزبەندی ژمارە( ٥٥ و ٦٧)نووسراوەو دووبارە بۆتەوە.
٣- سەبارەت بە درووستکردنی کەپری تایبەت بە وەستانی ئۆتۆمبێل بۆ نەفەرات، بە گوژمەی ١٩ ملیۆن کە بەشێوەی راستەوخۆ(تنفیز مباشر) جێ بەجێ کرا.
ئەم ١٩ ملیۆنە ڕەزامەندی (موافقە)ی سێ پڕۆژە بوو کە پێکەوە لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
بۆ جێبەجێکردنیان درا، ئەوانیش
أ/ درووستکردنی کەپری تایبەت بە وەستانی ئوتومبێل
ب/ دانانی کویسکی کارەبا بۆ فەرمانگەی ئاوی سرێشمە
ج/ تێکەڵە ڕێژکردنی ڕێگای خەزانی ئاوی سرێشمە و کۆنکریتکردنی کۆڵانێک لە گەرەکی دەروازە ڕێگای کۆن.
کە بە ئاگاداری بەرێز جەنابی قایمقام، بە فەرمانێک (امر تغیر) جگەلە تێکەڵە ڕێژکردن سەرەتای ڕێگاکە لەسەر داواکاری هاوڵاتیانی گەرەکی ناوهێنراو بە درێژی ٥٤ م و پانی ٥م کۆنکریت کرا.
بۆ زانیاری وێنەیەک لە نووسرووی ڕەزامەندی هەرسێ پڕۆژەکە کە گوژمەی هەرسێکیان ١٩ ملیۆن دینارە لە کۆمێنت دادەنێن.
٥- هەر سەبارەت بە درووستکردنی کەپر.
دووجار ئەو پڕۆژەیە لە ڕیزبەندی ژمارە (١٨ و ٨٦) دووبارە بۆتەوە، جارێک بە گوژمەی ١٩ ملیۆن و جارێکی تریش بە گوژمەی ١٢ ملیۆن کە لە بنەڕەتدا بەهەڵە نووسراوەو پێویست بەرێز قایمقام پێداچوونەوە بە زانیارییەکان بکاتەوەو داتای ووردو درووست بخاتە بەرچاو.
چونکە پێمان وایە ئەگەر ئەو زانیارییانەی کە لە پێگەی فەرمی قائمقامیەتی قەزای خەلیفانەوە بەهۆی هەڵەی تایپ یانیش هەر هەڵەیەکی ترەوە بێت گومان و پرسیار لای هاوڵاتی درووست دەکات، بۆیە ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین هەڵوەستە لەسەر هەڵەکان بکەین و زانیاری ڕاست و درووست لە بارەی پڕۆژەکان بڵاو بکەینەوە.
لەگەڵ ڕێزو خۆشەویستمان بۆ هەمووان هەروەها هەر کەسێک مەبەستی بێت لە بارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوون و جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو پڕۆژانەی کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو ئەنجامدراون بزانێت، دەتوانێت سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانیمان بکات و بە خۆشحالیەوە تەواوی بەڵگەو دیکۆمێنتەکانی تایبەت بە سەرجەم پڕۆژەکان لە گوژمەی خەرجکراو و بەڕێوەچوون و چۆنیەتی جێبەجيکردنیان دەخەینە پێش چاو.
چونکە لە خۆمان دڵنیاین کە چەندە بە شەفافی و دڵسۆزی و ڕاستگۆی کارمان لەسەر کۆی بابەتە پەیوەندارەکان کردووە.
ڕاگەیاندنی:
سەرۆکایەتی شارەوانی سرێشمە
١٥ ئابــــــی ٢٠٢٥