
12/10/2025
کورد سەیرە!!........... جاران وئێستا
- جاران پیاو نەدەگریا،یان بە نهێنی دەگریا،ئێستا دەگری و دەیکاتە ڤیدیۆ، یان بەلایڤ لە سۆشیال مێدیا بڵاوی ئەکاتەوە، وەک دەبینین، نەغروری پیاوانەی ماوە نەکەسایەتی پیاوانە!
- ژن وپیاو کە شەریان دەبوو، ئەگەر یەکیان دەنگی بەرز کردایەتەوە، ئەویان ئەیووت، دەنگ بەرز مەکەرەوە عەیبە دراوسێکان گوێیان لێیە، ئێستا لە سۆشیال مێدیا شروشیتاڵی یەکتر بەیان ئەکەن،زۆریشیان منداڵیان هەیەو ناترسن لەوەی دەبێت سبەینێ چ مەغلوقێ دەربچن!!
- جاران ئەگەر کچێک ماچێکی بدایتایەتێ، بەترسەوە ئەیووت تکایە لای کەس باسی مەکە،ئێستا پیاو ئەبێت بپاڕێتەوەو بڵێ توخوا باسی مەکە!
- جاران پیاو ئەگەر درۆزنیش بوایە لای ژن و منداڵی درۆی نەدەکرد، ئاخر ئەیووت با ڕێزم لای ژن ومنداڵم بمێنێت،یان هیچ کاتێک جوێنی نەدەدا،ئێستا باوکانێک هەن، هەزاران درۆ ئەکەن وژن ومنداڵیشیان ئەزانن کە چەندە درۆزنەو بەخەیاڵیانا نایە.
-ئێمە کەباوکمان ئەهاتەوە هەموومان هەلەساین لەبەری و ئەمانووت "بەخێربێیتەوە"، ئێستا باوک دێتەوە، نەژن دەڵێ بەخێر بێیتەوەو نەمنداڵ، هەتا لەبەریشی هەڵناسن و زۆرجاران هێندە سەرقاڵی مۆبایلو ئایپاتەکەیانن وەڵامی سلاویشی نادەنەوە.
- ژنی ئەوسا بە منداڵەکانی ئەووت، ڕێزی باوکتان بگرنو ڕێزی کەس و کارەکەی بگرن، ژنانێک ئێستا هەن، مندالەکانی هەزار جوێن بەکەس وکاری مێردەکەی بدەن بەخەیاڵیا نایەت وگەز گەز باڵا دەکەن، بەڵام باسی کەسێکی خۆی بکەن ئەکێشێت بە لالەغاوەیانا.
- پیاوانێک هەن ژن و منداڵیشیان هەیە، کوڕی گەورەو کچی گەورەیان هەیە، بە ناوگەڵیان ڕۆژانەو شەوانە جوێن بە ژن ودایکی خەڵکی ئەدەن،ژن و منداڵیشی گوێیان لێیەتی وئەیبینن، هێندە بێحەیاو داوەشاوەهیچ شەرم لە خۆیشی ناکات!
- ئێستا پیاوان فیلمی ڕووتیان بلاو ئەبێتەوە،ئەکرێنە جێگری سەرۆکی هەرێم، بەلۆعاکەیان ئەکەوێتە بەرچاوی دنیا، ژنو کچ ومنداڵی لەگەڵ خەڵکا سەیری دەکەن وپێدەکەنن ومێشیش میوانیان نیە، وەک ئەوەیە مێردو باوکیان، لە بازارا کەبابیان خواردبێت.
- هیچ شتێک لەوەکارەساتبارتر نیە،مرۆڤ لە ئەخلا ق وشەرم وحەیا دابماڵرێت، هەرکە داماڵرا ئیتر لەوێدا ژیان مانای نامێنێت.
شۆپنهاوەر راست دەبێژێت کاتێک دەلیت" ژیان هیچ مانایەکی نیە" بەڵام لەوراستر ئەوەی نتیچەیە کە دەلێت" بەڵام ئەوە ئەرکی ئینسانە مانای بۆ دروست بکات" بەڵام نائینسانەکان نەک مانای بۆ دروست ناکەن، بێماناترو پوچتری دەکەن.
- هەرچەندە"ئەخلاق بۆ لەغاوکردنی سروشتی ئاژەڵانەی مرۆڤ خولقێنراوە" بەڵام کەسانێکی زۆر هەن کە شانازی بە سروشتی ئاژەڵیانەی خۆیانەوە ئەکەن، "ئاخر بۆ ڕاگرتنی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەخلاق ئەولەویەتە"، وەلێ ئەو بێئەخلاقیە وایکردوە کەژیانی کۆمەڵایەتی پوچ و بێمانا بووە.
- ئاخر"بەبێ ئەخلاق مرۆڤ بەیەکەوە هەڵناکات وناتوانێت بژی" ئەوەی ئەمرۆ مرۆڤەکان متمانەیان بەیەکە نەماوەو ناتوانن بەیەکەوە هەڵکەن وبژین، خێزان هەڵدەوەشێت، ڕێزی گەورە وبچوک نەماوە، لەشفرۆش شانازی بە کارەکەیەوە دەکات و درۆزن بە درۆکانیەوە، دەستبڕ بە دەستبڕینەکانیەوە، دز بە دزیەکانیەوە،خۆفرۆش بە خۆفرۆشییەوە، ماستاوچی بە ماستاو کردنەوە، کۆیلەیەتی بە کۆیلەیەتیەوە، بەرهەمی نەمانی ئەخلاقە!
- سەدان هەزار موچە خۆر کە موچە وەرناگرن و دەوامیش دەکەن وهیچ قسەیەکیش ناکەن، بیانەوێت یان نەیانەوێت نەک قوربانی نین بەڵکو شانبەشانی پارتی و یەکێتی سستەمکارن،لەباشترین حاڵدا،هەم ستەمکارن هەم ستەملێکراوون، ئەمانە بودەڵەترین و لاوازترین و ئاست نزمترین خەڵکن وشایانی ژیان نین،کرم بە کرمی خۆی بۆ مانەوەی خۆی تێکۆشان دەکات، لەسەر خواردن شەڕ دەکات،ئەمانە ئەوەیش ناکەن.
ئارام ئەحمەد
12-10-2025