16/09/2025
🔻130 پەرلەمانتار ئیمزایان كردووەو تەنیا 50 كەس ئامادەی دانیشتنەكە بوون
(درەو):
ئەمڕۆش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاوشێوەی دوێنێ بەهۆی تەواونەبوونی (نیساب)ی یاساییەوە نەیتوانی كۆبێتەوە.
شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بڕیاربوو سەرۆكایەتیی دانیشتنەكە بكات نیگەرانە و دەڵێ: مەعقول نییە هەموو رۆژێك من كاتژمێر یەك لە سەرۆكایەتییەوە بێم بۆ ئێرەوەو پەرلەمانتاران نایەن، بەرنامەی كار هیچ بابەتێكی تێدا نییە كە ناكۆكی سیاسی لەسەر بێت.
شیعەكانی هاوپەیمانی ئێران بەنیازبوون لەكۆتایی ئەم خولەی پەرلەماندا یاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) تێپەڕینن، بەڵام ئەمریكا لەمبارەیەوە هۆشداری توندی دا بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، بەوهۆیەوە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بڕیاریدا یاسا كێشەلەسەرەكە رەوانەی خولی ئایندەی پەرلەمان بكات، یاسایەك جگە لە واشنتۆن، كوردو سوننەش دژی بوون.
رۆژی 11/11ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و كۆتایی بە كاری ئەم خولە دێت، بەوهۆیەوە بەشێك لە پەرلەمانتاران ناچینە ناو دانیشتنەكانەوە.