28/09/2026
سێ تۆمەتباری داعـ ـــش لە سلێمانی دەستگیرکران
ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بە فەرمانی دادگا سێ کەسی بە گومان لە ئەندامێتی رێکخراوی داعـ ـش لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر کردووە.
بەپێی ڕاگەیاندنەکە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نیشانی داوە دوو لە تۆمەتبارەکان رۆژی یەکشەممە هاتوونەتە ناو سنووری پارێزگاکە، لە کاتێکدا کەسی سێیەم پێشتر لە سلێمانی نیشتەجێ بووە.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکە دوای چاودێری و کاری هەواڵگری ئەنجام دراوە و هەوڵەکان بۆ شوێنکەوتن و دەستگیرکردنی کەسانی داواکراو لە سەرانسەری عێراق بەردەوام دەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە، 27ی ئەیلوول، دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی لە ناوچەی پردێ ئەنجام دا. بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە پێکدادانێکدا لەگەڵ سێ چەکداری داعش، دوو کەس کە پشتێنی بۆمبڕێژکراویان بەستبوو کوژران و کەسی سێیەم دوای برینداربوون دەستگیر کرا.
لەو پێکدادانەدا هاووڵاتییەکی مەدەنی گیانی لەدەست دا و دوو ئەندامی دەزگای دژەتیرۆری عێراقیش بریندار بوون.