
07/09/2025
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
( شێوازی ئەنجامدانی نوێژی مانگ گیران)
شەو یەکشەممە لەسەر دوو شەممە سەعات ( ٦:٢٨) دەقیقە مانگ بگیرێت بە پێویستم زانی شێوازی سوننەتی نوێژی مانگ گیران باس بکەم وەک ئەوەی لە صەحیحی بوخاری و موسلیم و کتێبە فیقهیەکانی مەزهەبی ئیمامی شافعی -ڕەحمەتی خودای لێبێت- ڕوون کراوەتەوە، بەهیوای ئەوەی ئەو سوننەتە لەبیر نەکەین.
- نوێژی مانگ گیران سوننەتێکی دووپاتکراوە (مؤكد)ە. کە بێجگە لەوەی گوێرایەڵی پەروردگارەو پابەند بوونە بە سوننەتێکی جێگیری حەزرەت -صلی الله علیه وسلم- لەبەر چەندین حیکمەت تەشریع کراوە، لەوانە:
عیبادەت و ملکەچی نواندن بۆ خودای گەورە، خۆ پاراستن لە سزا گشتییەکان، بیرکردنەوە لەو ئایەت و نیعمەتە گەورانەی کە مرۆڤ ئولفەتی پێوە گرتوون و گەورەییەکەیانی لەبیر کردووە، خەریک بوونی ئیمانداران لەو کاتانەدا بە عیبادەت کردن لەبری خەریک بوون بە تەماشاکردنی ئەو دیاردە گەردوونییە کە لەهەندێک کاتدا زیانی هەیە بۆ تەندرووستی ..هتد
- سوننەتە بەجەماعەت ئەنجام بدرێت بەڵام دەکرێت بەتەنهاش بکرێت، بەڵام بەجەماعەت خێری زیاترە.
- نوێژەکە دوو ڕکاتە بەڵام تۆزێک جیاوازی هەیە لەنوژەکانی دیکە.
-نیەت دەهێنێ بەدڵ و زوبان و دەڵێی(نیەتم هەیە نوێژی سوننەتی مانگ گیران ئەنجام دەدەم "بەجەماعەت" ئەگەر بەجماعەت کردی)
- سورەتی الفاتحة دەخوێنێ و سورەتێکیش لەدوای الفاتحة دەخوێنێ بەدەنگی بەرز.
- پاشان دەچێتە ڕکوع و زیکرەکانی ڕکوع دەخوێنێ وەک نوێژە ئاساییەکان بەڵام سوننەتە درێژی بکاتەوە.
- هەڵدەستێتەوە لەڕکوع دیسانەوە سورەتی الفاتحة و سورەتێک لەدوای الفاتحة دەخوێنێ .
-ئینجا دووبارە دەچێتەوە ڕکوع و زیکرەکانی ڕکوع دەخوێنێ وەک نوێژە ئاساییەکان، بەڵام سوننەتە درێژی بکاتەوە.
-هەڵدەستێتەوە لەڕکوع و ئیجا دەچێتە سەجدە و دوو سەجدەکە وەک نوێژە ئاساییەکان ئەنجام دەدات بەڵام سوننەتە درێژی بکاتەوە.
-ئینجا هەڵدەستێتەوە بۆ ڕکاتی دووهەم ئەم ڕکاتەش وەک ڕکاتی یەکەم ئەنجام دەدات.
- پاشان سەلام دەداتەوە.
-ئەگەر ئەم نوێژە بەجەماعەت ئەنجام درا سوننەتە ئیمام دوای نوێژەکە دوو وتاری وەک وتاری جومعە بەمەرج وڕوکنەکانیەوە بخوێنێتەوەو خەڵکی هان بدات بۆ تەوبەو گەڕانەوە بۆلای خودا و خێر کردن و ئاشتبوونەوە لەگەڵ یەکتری..
د. حسن محمد پشدەری