
04/08/2025
دایە زایدە، دایکی دوو گەریلای قارەمان کۆچی دواییکرد
هوشیار برایم..
دایە زایدە، دایکی کچ و کوڕێکی گەریلای گیانبەختکردووی بزاڤی ئازادی ( بروسک و ڕوناهی) دواماڵئاوایی لە ژیان و حەسرەتەکانی کرد.
خێزانەکەیان لە ساڵی ۱۹۹۱ وە لە شاری سلێمانی لە ڕێگەی دایە زایدە-وە ئاشنایەتیان لەگەڵ هەڤاڵانی پەکەکە پەیداکردوو هەر لەو کاتەوە کە هێشتا خەڵکی هەرێم ئاشنای پارتی کرێکارانی کوردستان نەبوون، ئەو خێزانە ماڵەکەیان وەک بارەگایەکی نهێنی هەڤاڵان و خاڵی وەرچەرخانی هزری ئازادی بوو.
دایە زایدە ژنێکی وڵاتپارێز بوو، چەندین جار تووشی گرتن و بەردەوامیش لە ژێر هەڕەشەی ئاسایشدا بوو، کاک ئیسماعیلی هاوژینیشی، هەمان شێوەی کوڕ و کچەکانی ئەوەندەی لە توانایدابوو هاوکاری هەڤاڵان و ڕێخستنەکان بوو، لەگەڵ هەموو زەحمەتیەکانیش دایە زایدە هەرگیز کۆڵی نەدەدا و دەردەسەریەکان نەیانتوانی پاشگەزی بکەنەوە، تەنانەت لە وابەستەیی بەو تێکۆشینە چوار کچ و دوو کوڕی ڕوویان لە شاخ کردوو بوون بە گەریلا.
دایە زایدە بوو بە دایکی شەش گەریلا و هەر لەو پێناوەشدا کچ و کوڕێکی لە نێو ڕیزەکانی گەریلا گیانیان پێشکەشی خاک و نیشمان کرد
ڕزگار کە ناسراوبوو بە هەڤاڵ بروسک و کوڕی گەورەی دایە زایدە بوو، یەکێکە لەو چەند گەنجە پێشەنگانەی لە ساڵی ۱۹۹۱ و دوای ڕاپەڕین چوونە ڕیزەکانی گەریلا، هەڤاڵ بروسک گەنجێکی تێگەیشتوو و ڕۆشنبیر بوو، لە ژیانی گەریلایەتیشدا پێشەنگێک و فیداکارێکی نموونەیی بوو، لە سەرەتای ساڵی ۱۹۹۷ لە سنووری ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان لە ناوچەی دۆڵی شەهیدان بە دەستی ناپاکێکی جاسووسی دەوڵەتی ئێران شەهید بوو.
ئارەزوو کە بە هەڤاڵ ڕوناهی دەناسرا، کچی دایە زایدە کە هێشتا ۱٨ بەهاری تەمەنی تێنەپەڕاندبوو، کچێکی زیرەک و خاوەن باوەڕێکی پۆڵایین بوو، بەو تەمەنی گەنجێتیەوە بە ورەیەکی بەرز و چالاکەوە لە نێو هەڤاڵانی دەناسرایەوە، بە چەند مانگێک دوای شەهیدبوونی بروسکی برای، هەر لە ساڵی ۱۹۹۷ لە کاتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی تورکیا و بارزانیەکان بۆ سەر هەڤاڵان لە بادینان، لەگەڵ گروپێک هەڤاڵ لە کاتی پەڕینەوەیان لە چیای مەتین بۆ چیای گارە، لە نزیک گوندی کانێ ی شاری ئامێدی لە شەوێکی بەهاردا، کەوتنە بەر سێرەی تانکەکانی دەوڵەتی تورک و لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی دیکەیدا دەگەنە کاروانی گیان بەختکردوان.
دایە زایدە ئەمڕۆ بەیانی بەرواری ٤ ی ئاب ۲۰۲٥ دوا ماڵئاوایی لێکردین و حەسرەتی نەبینینەوەی کچ و کوڕە گەریلاکەی، تەنانەت بێبەشیی لە بینینی گۆڕەکانیشیانی لەگەڵ خۆی برد.
زۆرن ئەوانەی وەک دایە زایدە سەربازی ونن لەو تێکۆشینە پیرۆزەدا ژیانی خۆیانیان خستە مەترسی و جگەرگۆشەکانیان پێشکەشی خاک و نیشتمان کرد و بە ژیانێکی کۆڵەمەرگ پڕ لە ئازار، بەڵام بە سەربەرزی بردەسەر.