11/09/2026
چەمی ڕۆح
چەمی ڕۆح، گوڵچنی سەدان شیعری جیهانی سێ سەدەی ڕابردووە.
چەمی ڕۆح؛ کتێبێکی قەبارە مامناوەندی سەروو چوار سەد لاپەڕەییە. کتێبەکە دابەشی سەر پێنج بەش بووە: (شاعیرانی لەدایکبووی پێش سەدەی هەژدە، شاعیرانی لەدایکبووی سەدەی هەژدە، شاعیرانی لەدایکبووی سەدەی نۆزدە، شاعیرانی لەدایکبووی سەدەی بیست، لیریکی وەرگێڕدراوی گۆرانی).
ئەم کتێبە؛ ئاشنات دەکات بە شیعری سەدان شاعیری وڵاتانی جیهان. ئاشنات دەکات بە هایکۆی چینی و شیعری کلاسیکی چینی، کۆتا بەشی بۆ شاعیرانی بنووسی شیعری گۆرانی زۆر گرنگە سوود لە لیریکی گۆرانی بیانی وەرگرن و، تەوزیفی بکەن لە تێکستەکانی خۆیان.
بە کورتی؛ چەمی ڕۆح گوڵبژێرێکە لە شیعری زۆرێک لە شاعیرانی جیهانی. ئەگەرچی بەشی زۆری شاعیرەکان لەناو ئەدیب و نووسەرانی کورد ناسراون، بەڵام دووبارە کۆکردنەوە و هەڵبژاردنی جوانترین دەقی ئەوان جێی دەستخۆشییە.
سوپاس بۆ دکتۆر ڕێبوار فەتاح، بە کتێبەوە ماندوو بووە. سوپاس بۆ دەزگای فام و کاک سەنگەر زراری خاوەنی دەزگاکە، بۆ ئەو چاپە جوانەی بۆ کتێبەکەیان کردووە.
ئەمەش کورتیلە شیعرێکی کلاسیکی چینی، ومێن هوی-کای (١١٨٣-١٢٦٠) ژیاوە.
دە هەزار گوڵ لە بەهاردا، مانگ لە پاییزدا
هەوای فێنک لە هاویندا، بەفر لە زستاندا
ئەگەر ئەقڵت تەمی نەخوازراو نەیگرتبێ،
ئەمە باشترین وەرزی ژیانتە.