
04/03/2024
دو هه‌فته بۆ رێكه‌وتنی نێوان لایه‌نه‌كانی كه‌ركوك له‌سه‌ر پۆسته‌كان دیاریده‌كرێت..
محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌یه‌كی هێزه سیاسییه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی كرد و ماوه‌ی دو هه‌فته دیاریكرا بۆئه‌وه‌ی بگه‌ن به‌ڕێكه‌وتن.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران، محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌یه‌كی كرد كه هێزه سیاسییه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی له‌خۆگرتبو.
له میانه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر درێژه‌دان به وتوێژه دو قۆڵییه‌كانی نێوان هێزه سیاسییه براوه‌كان بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و نوسراوانه‌ی له كۆبونه‌وه‌كه‌دا پێشكه‌شكران، بۆئه‌وه‌ی بگه‌ن به ڕێككه‌وتن له ماوه‌ی دو هه‌فته‌دا له‌سه‌ر شێوازی هه‌ماهه‌نگی كه كێشه‌كانی نێوان هێزه سیاسییه جیاوازه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات و ده‌بێته هۆی خێراكردن له دیاریكردنی پارێزگاری نوێ و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختیكرده‌وه له‌سه‌ر پێویستی به‌رده‌وامبونی وتوێژی نێوان هه‌مو هێزه سیاسییه‌كان و به‌رده‌وامبونیان، له‌پێناو پاراستنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی له كه‌ركوك كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه.
له یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌كاندا له كه‌ركوك له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ما ڕێككه‌وتبون، له‌وانه ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ هه‌مو هێزه براوه‌كان، بۆئه‌وه‌ی ببێته چه‌ترێكی سیاسی بۆیان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كانی هاوپه‌یمانێتییه‌كه ده‌كات تا جێبه‌جێكردنی شایسته ده‌ستورییه‌كان له پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیدا.