15/05/2026
دیدێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک
بەشی دووەم:
هەڵوەشاندنەوەی پارێزگای کەرکووک وەک چارەسەر
شێرکۆ کرمانج
لە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرە وتارە کە تەرخانکراوە بۆ خستنەڕووی دیدێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک، گفتوگۆی پرسەکەمان کرد لەنێوان بەهەرێمکردن و گەڕانەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. لەوێ سێ پێشنیازمان تاوتوێ کرد: یەکەم، مانەوەی کەرکووک وەک پارێزگایەک لە عێراق؛ دووەم، بەهەرێمکردنی پارێزگای کەرکووک؛ سێیەم، کەرکووک وەک پارێزگایەک بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان. لەو بەشەدا بەو دەرئەنجامە گەیشتین کە هیچ کام لەم سیناریۆیانە واقیعی نین، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی پارێزگای کەرکووک پێشنیاز کرا، کە لەم بەشەدا شرۆڤەی دەکەین.
بەڵام، سەرەتا دەمەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە لەوانەیە بەخەیاڵی هەندێک کەسدا بێت ئەویش ئەوەیە ئایا دەکرێت لە عێراق هەڵوەشاندنەوەی پارێزگا ئەنجام بدرێت. لە وەڵامدا دەڵێین بەڵێ لە عێراق دا هەر لە سەردەمی مەلەکی تا ئێستا چەندین جار پارێزگای نوێ دروست کراوە و بەردەوام دەستکاری سنووری پارێزگاکانیش کراوە. دواین کار لەم پەیوەندەدا دروست کردنی پارێزگای هەڵەبجە بوو. سنووری هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی سنووری پارێزگاکانی نەکردووە. بۆ نموونە، بەگوێرەی سنووری پێش ١٩٩١ی پارێزگاکانی عێراق بێت بەشێک لە پارێزگای سلێمانی لە ناوچەی بەمۆ دەبێت بخرێتەوە سەر پارێزگای دیالە؛ قەزای ئاکرێ بەشێک بوو لە پارێزگای نەینەوا کەچی ئێستا بەشێکە لە پارێزگای دهۆک و هەرێم؛ مەخمور بەشێک بوو لە پارێزگای هەولێر و دواتر دابڕێنرا و خرایە سەر نەینەوا کەچی ئێستا لە هەندێک ڕووەوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمە و لە هەندێک لایەنی دیکە سەر بە نەینەواـیە. پارێزگای هەڵەبجە بەدابڕینی بەشێک لە پارێزگای سلێمانی لەم دواییەدا دروست کرا.
لێرە مه‌به‌ست و هۆکارەکانی پشت هه‌ڵوه‌شاندنی پارێزگای کەرکووک دەخەینە ڕوو. پێشنیازەکە داوای هەڵوەشاندنەوەی پارێزگای کەرکووک دەکات و دابەشی دەکات بە سەر سێ ناوچەدا:
ناوچه‌ی یه‌که‌م، ناوچە کوردنشینەکان
هەموو ناوچه کوردییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سنووری شاری کەرکووک، که ئه‌م قه‌زا و ناحیانه ده‌گرێته‌وه: دوبز، پردێ (ئاڵتون کۆپری)، سه‌رگه‌ڕان، شوان، قه‌ره‌حه‌سه‌ن، له‌یلان، تازه و داقوق. به‌گوێره‌ی پێشنیازه‌که ناوچه‌ی یه‌که‌م وه‌ک ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌ستنیشان کراوه ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان. دیارە دەکرێت پارێزگایەکی نوێش لەم ناوچانە پێک بهێنرێت، لەناو هەرێم، کە مەرکەزەکەی دەکرێت چەمچەماڵ یان کەلار بێت.
ناوچه‌ی دووه‌م، ناوچە عەرەبنشینەکان
هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاری کەرکووک که زۆرینه‌یان عه‌ره‌بن ده‌گرێته‌وه. ئه‌ویش ئه‌م قه‌زاو ناحیانهن: ڕه‌شاد، ڕیاز، عه‌باسی، زاب، حه‌ویجه. به‌پێی پێشنیازه‌که ئه‌م ناوچانه واچاکه بلکێندرێن به پارێزگای نه‌ینه‌وا یان سه‌لاحه‌دین وه‌ک ئه‌وه‌ی که حکومه‌تی مه‌رکه‌زی له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو پارێزگایه له‌سه‌ری پێکدێت. هاوکات، دەکرێت کە پارێزگایەکی نوێ لەم ناوچانە دروست بکرێت و حەویجە مەرکەزەکەی بێت.
ناوچه‌ی سێیه‌م، مەرکەزی شاری کەرکووک
ئەم ناوچەیە لە گەڕەکەکانی ناو شاری کەرکووک، که سنووری شاره‌وانی شاری کەرکووک ده‌گرێته‌وه، پێکدێت. ده‌کرێت ڕه‌چاوی گه‌شه‌ی دواڕۆژی شاره‌که بکرێت، بۆ ئه‌مه‌ش سنوورێکی زیاتر له‌وه‌ی ئێستا سنووری شاره‌وانییه له‌خۆبگرێت. بەپێی پێشنیازەکە، ئه‌م ناوچه‌یه وه‌ک ناوچه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ ڕادەگه‌یه‌نرێت که سه‌ر به هیچ هه‌رێمێک یان پارێزگایه‌ک نه‌بێت، وەک شاری لۆکسمبۆرگ، شاری واشنتن لە ئەمریکا، یان شاری کانبێرا لە ئوسترالیا.
لە پەیوەند به‌و ناوچانه‌ی که له 1976 له پارێزگای کەرکووک دابڕاون ده‌کرێت به‌بێ گێڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر کەرکووک چاره‌سه‌ری تایبه‌ت به‌خۆیان بۆ بکرێت به‌مشێوه‌یه:
یه‌که‌م، گێڕانه‌وه‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ و که‌لار بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان مانەوەی وەک بەشێک لە پارێزگای سلێمانی، چونکه ئه‌م ناوچانه کێشه‌یان له‌سه‌ر نییه، یان وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، لەگەڵ ناوچە کوردنشینەکانی دیکە کەرکووک کە بەپێی ئەم پێشنیازە دەگێڕدرێنەوە سەر هەرێم پارێزگایەکی نوێی لێ پێک بێت کە سەنتەرەکەی کەلار یان چەمچەماڵ بێت.
دووەم، به نیسبه‌ت قه‌زای کفری و توزخورماتوو ده‌بێت ڕه‌چاوی ئه‌و ناوچانه بکرێت که عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌ن و تورکمانیان لێ نیشته‌جێیه. ئه‌و گوند و شاره‌دێیانه‌ی که دانیشتوانه‌که‌یان عه‌ربن یان تورکمانن (نەک گوند و ناوچەی تەعریبکراو) به‌پێی سنووره‌کانیان، ده‌بێت ئازاد بکرێن له‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌رێم یان هه‌ر پارێزگایه‌کی نزیک لە ناوچەکەیان، که به‌خۆیان دیاری ده‌که‌ن، دیاره ده‌بێ ڕه‌زامه‌ندی حکومه‌تی فیدراڵی له‌سه‌ر بێت.
سێیەم، بێجگه له‌و ناوچانه‌ی که عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌ن و تورکمانیان لێیه هه‌موو ناوچه‌کانی دیکه‌ی هەردوو قەزای کفری و توزخورماتوو ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.
ئه‌م چاره‌سه‌رییه ته‌نیا بۆ دیاریکردنی سنوور و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی ناسنامه‌ی خاکە (territorial identity)، که وه‌ک پاڵپشتێک بۆ ماده‌ی 140 ده‌کرێت سوودی لێ وه‌ربگیرێت. له په‌یوه‌ند به مه‌سه‌له‌ی گێڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌به هاورده‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ی کورد و تورکمانه ئاواره‌کان واچاکه و دەبێت ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی تا ئێستا که‌ڵکیان لێوه‌رگیراوه وه‌ک قه‌ره‌بۆ و گواستنه‌وه‌ی فۆرمی بایع و نفوس هه‌ر به‌رده‌وام بن تا ئه‌و کاته‌ی عه‌ره‌به هاورده‌کان ده‌چنه‌وه شوێنی خۆیان و کورد و تورکمانه‌کانیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه گوند و شاره‌کانیان.
بۆچی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وەی پارێزگای کەرکووک؟
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە ئێمە لێره‌دا باس له ڕەوایی کێشه‌ی کورد و کوردستانییه‌تی تەواوی پارێزگای کەرکووک به بنه‌ما له‌سه‌ر فاکته نەتەوەیی و مێژوویی و جوگرافییه‌کان ناکه‌ین، چونکه نه‌ک کورد بگره زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له دوور و له نزیک ئاگاداری دۆخەکەن، به تورکمان و عهرهبـیشەوە، ده‌زانن که نەک هەر کەرکووک بەڵکوو تەواوی پارێزگای کەرکووک بەشێکن لە خاکی مێژوویی و جوگرافیی کوردستان. به‌ڵام پێشنیازه‌که‌ی ئێمە پشتی بە کۆمەڵێک بنەما و فاکتی دیکە بەستوە.
بنەمای یەکەم لە پشت ئەم پێشنیازە، جیاکردنه‌وه‌ی فاکتی مێژوویی و جوگرافی له واقعی سیاسیی و حوکمی مێژوویی. دووه‌م بنەما که ئەم پێشنیازە پشتی پێ به‌ستووە ته‌رازوی هێزه، که فاکته‌رێکی سه‌ره‌کییه له یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کێشه‌کان به‌گشتی و کێشه‌ی کورد به‌تایبه‌تی، نه‌ک هه‌قانیه‌ت و فاکته مێژووییه‌کان. بنه‌مایەکی دیکە کە لەم پێشنیازە ڕەچاوکراوە "فره-خۆبەخاوهنکردنی" کەرکووکـه. بۆیه بنه‌مای قازانجی هه‌موو لایه‌ک کراوه‌ته پێوه‌ر نه‌ک به‌ته‌نیا به‌رژه‌وندی و تێڕوانینه کوردستانییه‌کان. به‌ده‌ربڕینێکی دیکە، ئه‌م بابه‌ته هه‌وڵدانێکه بۆ ڕازیکردنی هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان؛ کورد، عه‌ره‌ب، تورکمان، تورکیا و ئه‌مریکا. ناشبێت ئەوە لەبیر بکەین کە سێ سیناریۆکەی دیکە (کە لە بەشی یەکەمی ئەم وتارە شرۆڤە کران) به بنبه‌ست گه‌یشتوون. ئەم پێشنیازە بنه‌مای به‌خشینی به‌شێک له خاک له پێناوی به‌ده‌ست هێنانی ناسنامەی خاک و ڕه‌خساندنی زه‌مینه بۆ نیشتیمانسازیی (nation building)ـیش بە هەند وەرگرتووە. لەم بەشە و لە بەشی داهاتوودا وردتر تیشک دەخەینە سەر یەکە بە یەکەی ئەم بنەمایانە و شرۆڤەیان دەکەین.
1. خاک کڕۆکی کێشه‌ی کوردە و سیاسه‌تیش هونەری مومکینه‌کانه
تێگەیشتنێک کە کراوە بە بنەمایەک بۆ نزیکبوونەوە لە پرسی کەرکووک لەم پێشنیازە ئەوەیە کە له سیاسه‌ت هه‌ق و ڕاستیی کافی نین بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کێشه سیاسییه‌کان. لەبەرئەوە ئه‌م پێشنیازە بنه‌مای له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه سیاسییه داناوە که ده‌ڵێت "سیاسه‌ت هونەری مومکینه‌کانه". ئەمە مانای ئه‌وه‌یه که کوردستانییه‌کان، لانی کەم لەم قۆناغەدا، هه‌ر دەتوانن ئه‌وه‌یان ده‌ستکه‌وێت که مومکینه و له توانایادایه نه‌ک ئه‌وه‌ی که ههقییانه و خه‌ونی پێوه ده‌بینن. ئه‌م ڕێگاچاره‌یه‌ی که پێشنیازکراوه، له بری له به‌رچاو گرتنی هه‌قیقه‌ته مێژوویی و جوگرافییه‌کان، پشت به‌و ڕاستییه‌ش دەبەستێت که ناسنامه‌ی (شوناسی) خاک کڕۆکی سه‌ره‌کی کێشه‌ی کورد پێک ده‌هێنێت له عێراق دا، کەرکووکیش له‌وێدا گرێیە سەرەکییەکەیە، ئەگەر نەڵێین چەقی پرسەکەیە. بۆیه، به‌پێی ئیمکان گێڕانه‌وه‌ی به‌شێکی به‌رچاوی خاكی کوردستان، که وه‌ک "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم" لەلایەن کوردستانیان و "ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان" لەلایەن عێراقییەکانـەوە پۆلێن کراون و ناسێنراون، باشتره له له‌ده‌ستدانی هه‌موو ئه‌و ناوچانه.
جه‌وهه‌ری کێشه‌ی کورد له عێراق به‌رهه‌می ململانێی نێوان سێ ناسیونالیزمه، ئه‌وانیش ناسیونالیزمی عه‌ره‌بیی (pan-Arabism) و ناسیونالیزمی عێراقیی (Iraqi nationalism) و ناسیونالیزمی کوردستانیین. ململانێکه‌ش له‌سه‌ر ناسنامەی عێراق و ناسنامەی کورد و کوردستانە له عێراق.
کێشه‌که خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه که هه‌ر دوو ناسیونالیزمی عه‌ره‌بیی و عێراقیی به‌گشتی پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن که "عێراق یه‌ک پارچه‌یه و دابه‌ش نابێت" (جزء لا یتجزء) و به‌شێکیشه له نیشتیمانی عه‌ره‌ب (وه‌ته‌نی عه‌ره‌بی) یان نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب (ئومه‌ی عه‌ربی). له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا ناسیونالیزمی کوردستانیی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات که "کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیه" و خاکه‌که‌ی واته کوردستان به‌شێک نییه نه له عێراق و نه له نیشتیمانی عه‌ره‌بیی.
به بنه‌ما له‌سه‌ر ئه‌م دوو تێڕوانینه دژ به یه‌که ده‌توانم بڵێم که کێشه‌ی کورد له عێراق دا ته‌نیا کێشه‌ی ناسنامەی ئیتنیی (نەژادی) نییه به‌ڵکوو کێشه‌ی ناسنامەی نه‌ته‌وه‌یی و ناسنامەی خاکە (national and territorial identity).
گرووپی ئیتنی و گرووپی نه‌ته‌وه‌یی به‌وه لێک جیا ده‌کرێنەوە که گرووپه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان داخوازی ناسنامەی خاک تێکه‌ڵ به داخوازییه ناسیونالیستییه نه‌ته‌وه‌ییه کولتوورییەکان ده‌که‌ن. به‌ڵام گرووپی ئیتنی ته‌نیا داوای مافه کو‌لتووریی و زمانییه‌کان ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش به‌گشتی له‌به‌رئه‌وه‌یه که گرووپه ئیتنییه‌کان په‌رشوبڵاون و خاکێکی مێژوویی، یه‌کپارچه‌ی، درێژکراویی نیشته‌جێبوو له‌سه‌رییان نییە، وەک تورکمانەکان لە عێراق. بەڵام کورد له عێراق دا خاکێکی مێژوویی یه‌کپارچه‌ی درێژکراوییان هه‌یه، بۆیه، بۆ کورد، ڕێگه‌چاره ته‌نیا داننان نییه به ناسنامەی کورد له عێراق به‌ڵکوو داننانه به سنووری کوردستان چ وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ یان وه‌ک هه‌رێمێک له چوارچێوه‌ی عێراق (فێدراڵی یان کۆنفێدراڵی). واته، داننان به ناسنامەی نه‌ته‌وه‌یی (national identity) و ناسنامەی خاک (territorial identity).
ده‌ستوری 2005ی عێراق دانی ناوه به ناسنامەی نه‌ته‌وه‌یی کورد. مادده‌ی سێی ده‌ستوره‌که ده‌ڵێت عێراق وڵاتێکه له نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزای جیاجیا پێکهاتووه. له ماده‌ی چواریشدا هه‌ردوو زمانی کوردی و عه‌ره‌بی وه‌ک زمانی فه‌رمی ناسێندراون. ئه‌م دانپێنانه هه‌ندێک شه‌رمنانه‌یه و پڕ به پێست نییه. هه‌مان ده‌ستوور، نهخشهڕێگاشی دیاری کردووه بۆ چارسه‌رکردنی ناسنامەی خاک، ئه‌وه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی کوردیی به دیاریکردنی چاره‌نووسی ناوچه کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم به‌پێی مادده‌ی 140 ناسراوه.
ئێستا کۆمه‌ڵێک هه‌وڵ له گۆڕێدان بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌م مادده‌یه. له‌هه‌مانکاتدا، چه‌ندین که‌س و لایه‌ن هه‌ن که ده‌یانه‌وێت هه‌وڵه‌کان له‌باربه‌رن و مادده‌که هه‌ڵوه‌شێننه‌وه. هه‌وڵه‌کان زۆربه‌یان به بنبه‌ست گه‌یشتون و موئامهرهکانیش ڕۆژانه له زیادبووندان. بۆیه، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی جددی له‌م پێشنیاز و چارەسەرەی لێرەدا خراوەتە ڕوو کاتی هاتووه چونکه بە تێپەڕینی کات کێشه‌که ئاڵۆزتر ده‌بێت.
2. فرەیی کەرکووک، ته‌رازووی هێز و چارەسەری واقعیانە
هێز له ململانێ سیاسییه‌کان زۆرجار فاکته‌ری یه‌کلاییکه‌ره‌وه‌یه، بۆیه چاوخشانێک به ته‌رازوی هێزی لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کان پێویستییه‌که بۆئه‌وه‌ی شوێنی کوردستانییه‌کان له‌م هاوکێشه‌یه‌دا دیاری بکرێت.
دوور له ڕاستی نییه، ئه‌گه‌ر بڵێین تورکمانه‌کان له ناوخۆدا لاوازترین لایه‌نن لە هاوکێشەکاندا، چونکه زۆر په‌رشوبڵاو و ناڕێکن له‌گه‌ڵ یه‌کدا. له ده‌ره‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی تورکیا پشتیوانیان لێ ده‌کات باره‌که‌یان تاڕاده‌یه‌ک پارسه‌نگ بۆته‌وه. تورکیا هەندێک جار ئەگەر لە ڕێی پشتیوانی تورکمانەکانیش نەبێت ئەوە بە دابەشکردنی لایەنەکانی دیکە، وەک دابەشکردنی کورد لە دوایین ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (٢٠٢٤)، کوردی لاواز کردووە. بەمەش تورکمانەکان بەهێزتر دەردەکەون، لانیکەم لە یاری کردن لەنێوان هێزەکانی دیکەدا. تورکمان له گه‌ڕانه‌وه‌ی پارێزگای کەرکووک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان قازانجێکی زۆر ده‌که‌ن و به نه‌گه‌ڕانه‌وه‌شی گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رمه‌ندن، چونکه توانا‌و یه‌کپارچه‌ییان لاواز و فشۆڵ ده‌بێت. بەڵام بۆ ڕازیکردنی تورکیا دژی بیرۆکەی گەڕانەوەی کەرکووک‌ـن بۆ سەر هەرێم.
لە بەرانبەردا، توانا و هێزی کورد، لانی کەم لە بیست ساڵی ڕابردوودا، هەڵکشان و داکشانی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. بۆ نموونە، لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٤ بەهێزترین هێزی پارێزگاکە بوون، لە دوای دەرچوونی هێزەکانی سوپای عێراق لە ئاکامی هێرشەکانی داعش، تای تەرازوو هێندەی دیکە بەلای کورد دا شکایەوە. کورد بوو بە هێزێکی بێڕکابەر لە ٢٠١٤ تاوەکوو ٢٠١٧. بەڵام بە دەرپەڕاندنی دەسەڵاتی کورد لە پارێزگاکە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هێزی کورد بە لە دەستدانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و دەرچوونی ئاسایش، زۆر لە لاوازی‌دا، بەتایبەتی کە ئەو ڕووداوانە بوون بە دروستبوونی درزێکی گەورە لەنێوان پارتی و یەکێتیی.
هەر چۆنێک بێت، لە ٢٠٢٤ـەوە بەتایبەتی دوای وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و بردنەوەی نزیکەی نیوەی کورسییەکانی ئەنجوومەن (کورد ٧؛ عەرەب ٦؛ تورکمان ٢؛ کرستیان ١؛ ئەوەی کۆتایی پاڵیان بە کورد داوە)، تای تەرازوو بەلای کورد دا شكاوەتەوە بەڵام دووبەرەکییەتەکەی نێوان پارتی و یەکێتیی ناهێڵێت وەک پێویست کەڵک لەو گۆڕانکارییە نوێیانە وەربگیرێن.
لەگەڵ ئەوەشدا، کورد، له‌ناوخۆ له‌وانه‌یه ئێستاکانه له هه‌ردوو لایه‌نه ناوخۆییه‌که، تورکمان و عه‌ره‌ب، به‌هێزتر بێت، نەک لەبەر یەکگرتووی کورد، بەڵكوو لەبەر پەرشوبڵاوی عەرەبەکان و تورکمانەکان. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیربکه‌ین که ئه‌و یه‌کڕیزییه‌ی نێوان هێزه سه‌ره‌کییه‌کانی کوردستان؛ یه‌کێتیی و پارتی یه‌کڕێزیی و هاوپه‌یمانییه‌کی ستراتیجی و تۆکمه نییه و زۆر فشۆڵه، هەندێ جاریش لەبەرەی دژ بەیەکن، وەک ئێستا (٢٠٢٤-ئێستا). تا ئێستا هێزی پێشمه‌رگه لە هەرێم یه‌کی نه‌گرتۆته‌وه و وه‌زاره‌ته سه‌ره‌کییه‌کانی وه‌ک دارایی و ناوخۆش هێشتان هه‌ر ماڵیان تێکه‌ڵ نه‌کردۆته‌وه.
له په‌یوه‌ند به باسه‌که‌ش لاوازترین خاڵی کوردستانییه‌کان نه‌بوونی گوتار و ستراتیجیه‌تێکی هاوبه‌شه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کەرکووک، به‌تایبه‌تی شێوازی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ گرووپه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ناو کەرکووک لەلایەک و هێزە عێراقییەکان و ئێران و تورکیا لەلایەکی دیکە.
بێجگه له‌مانە، مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵیی و ناعه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی و نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت هه‌مووی به‌سه‌ریه‌که‌وه بووه‌ته هۆی لێکترازان و لاوازبوونی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوەر (state society relation)، هەروەها دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن. جه‌ماوه‌ری کوردستان خه‌ریکه نامۆ ده‌بن به ده‌سه‌ڵات، بەتایبەتی دوابەدوای بەرتەسکردنەوەی ئازادی و ئازار و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و ڕووناکبیرانی کوردستان. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی، هێرشکردنە سەر بەرەی گەل بە سەرکردایەتی لاهور شێخ جەنگی، هاوکات، دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید لەلایەک و چەندبارە سزادانەوەی شێروان شێروانی لە هەولێر، هێندەی دیکە خەڵکی کوردستانی بێ‌ئومێد و بێزار و توڕە کردووە.
لەمەڕ پشتیوانی ده‌ره‌کی، ئه‌وه واقیعێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره که له‌م بواره‌دا کورد بێ پشتیوانیترین لایه‌نه. کورد هه‌ندێک دڵی به ئه‌مریکا و بوونی هێزی ئه‌مریکی له عێراق دا خۆشە، ئەگەر هێزە ئەمریکییەکان بارەگاکانیان لە عەینل ئەسەد و شوێنەکانی دیکە بگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام بەشێوەیەکی کاتیی نەبێت بەڵکوو لەوێ جێگیر بکرێن و بمێننەوە، ئەوا تەرازووی هێز لە قازانجی کوردستانیان دەگۆڕێت. خۆ ئەگەر ئەمریکییەکان بەیەکجاریی و بەتەواوی هێزەکانیان لە کوردستانیش ببەنە دەرەوە ئەوە تەرازوی هێز بەدژی هەرێم و کوردستانیان کۆتایی پێ دێت. له‌لایه‌کی دیکه ئه‌گه‌ر ئەمریکا هه‌ر هێزێکیشی له عێراق دا بمێنێته‌وه ئه‌وه لەوانەیە به پێکهاتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدرالیی بێت، نه‌ک هه‌رێم. ئه‌وه‌ش له‌بیرنه‌که‌ین که کوردستان هه‌رچوار ده‌وری به نه‌یارانی کورد چێنراوه.
عه‌ره‌بی عێراقی ئێستاکانه یه‌کڕیزییه‌کی ئه‌وتۆیان نییه، به‌ڵام نابێ ئه‌و ڕاستییه پشتگوێ بخرێت که له ئاست ناوچه دابڕاوه‌کان هه‌ڵوێستی زۆربه‌ی لایه‌نه‌کان ئه‌گه‌ر وه‌ک یه‌کیش نه‌بێت لێک نزیکه، بە سوننە و شیعەوە.
ئەوەی لەم ماوەیە لایەنە عێراقییەکانی، بەتایبەتی شیعەکان، زیاتر دابەش و لاواز کردووە، هەڵوێستیانە لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران. لایەنە نزیکەکان لە ئێران، ترسێکی زۆریان لێ نیشتووە، ترسی ئەوەیان هەیە گورزوەشاندنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ببێتە هۆکاری لاوازبوونیان، بەتایبەتی ئەوەی وەک "بەرەی موقاوەمە" ناسراوە و لە ئێران نزیکن. بەڵام بەگشتی لەبەرانبەر هەرێمدا هێشتان هەر سەرکێشی و هەڕەشە دەکەن و ناوەناوەش هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان. لە دوای گەڕی دووەمی شەڕی ئەمریکا-ئیسرائیل لە دژی ئێران هێرشەکان زۆر بەربڵاوترن و هەموو بنکە و بارەگایەکی گرتۆتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، مەگەر گورزی جەرگبڕیان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل‌ـەوە بەرکەوێت، ئەگەرنا تای تەرازوو هەر بەلای لایەنە عێراقییەکانەوەیە.
لە ئاستێکی دیکە، بە کشانەوەی موقتەدا سەدر لە پەرلەمان و بردنی کورسییەکانی لەلایەن لایەنە شیعییە نزیکەکان لە ئێران، پارسه‌نگی هێزه‌کان له عێراق به ئاراسته‌یه‌ک گۆڕا که له قازانجی کورد دا نەبوو. هاوکات، ئه‌وه‌ش نابێت له‌بیربکه‌ین که عه‌ره‌ب پشتێنه‌یه‌کی ئه‌ستوور و پاڵپشتێکی ده‌ره‌کیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه، چ سوننەکان چ شیعەکان.
لێره‌دا، باس له توانا و هێزی سه‌ربازی و دیپلۆماسی تورکیی و ئه‌مریکی ناکه‌ین چونکه به هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ تواناکانی کورد و تورکمان و عه‌ره‌بی عێراقی به‌راورد ناکرێن.
له ده‌رئه‌نجامی خستنه ڕووی تواناکانی لایه‌نه پهیوهندارکانی کێشه‌که، بۆمان دەردەکەوێت که لایه‌نی کوردی له‌م هاوکێشه‌یه‌دا ئەگەر لاوازترین نەبێت ئەوە بەدڵنیاییەوە لەلایەنی عێراقی (شیعە و سوننە بەسەر یەکەوە یان تەنیا شیعە) لاواز دەردەکەوێت. ئەمەش ناچاری دەکات کە دەستبەرداری هەندێک ناوچەی کوردستانی بێت کە بە حوکمی مێژوو لە کوردستانییبوون خراون، وەک حەویجە و دەوروبەری.
لە بەشی سێیەم و کۆتایی درێژە بە گفتوگۆ و شرۆڤەی بنەماکانی پشت ئەم پێشنیازە دەدەین و قسە لەسەر چی بکرێت و چی نەکرێت وەک چارەسەر.
ماویەتی............
ڕۆژنامەی هەواڵ ژمارە 815
2026/5/15