23/05/2026
له چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ڕانیه نادی لێبووه.
نووسینی: خه‌لیل عه‌لی
وێنه‌ی یه‌كه‌م: نادی ڕانیه له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی ئاوی قوله پیشان ده‌دات، كه ساڵانێك جێگه‌ی كه‌یفخۆشی خه‌ڵكی ڕانیه بووه. هه‌ریه‌ك له: حه‌سه‌ن زیره‌ك، تایه‌ر تۆفیق، مشكۆ، هابه، تیپی مۆسیقای باواجی، تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی, ڕه‌سوی نادری، سه‌ید عه‌لی سه‌رده‌شتی، ئیبراهیم قادری و چه‌ندین گۆرانیبێژی تری هاتوونه‌ته سه‌ر ئاوی قوله و له نادیه‌كه‌ی گۆرانیان گوتووه. له هاویناندا مه‌نزڵگای گه‌نج و لاو و پیاو ماقوڵه‌كانی بووه. ئه‌م وێنه‌یه له هاوینی ساڵی 1965 له‌لایه‌ن «مه‌لا فاتیح»ـه‌وه بۆ یادگاری ده‌چركێنرێن. ئه‌حمه‌د چاوشین، وه‌ك نه‌ریتی ساڵانه له هاویناندا نادی ڕانیه‌ی ده‌گواسته‌وه بۆ لای سه‌رچاوی ئاوی قوله و ئێواران گه‌نجان و پیاوماقوڵانی ڕانیه‌ی لێ كۆده‌بۆوه و له‌دوای عه‌سره‌وه لێی ده‌مانه‌وه تا نیوه‌شه‌و. له زستانانیشدا ئه‌حمه‌د چاوشین نادییه‌كه‌ی ده‌گواسته‌وه بۆ ناوبازاڕ نزیك فولكه‌ی گه‌وره. ئه‌م نادییه زۆرترین بیره‌وه‌ری و قسه‌ی خۆشی تێدا تۆماركراوه، ئه‌وه‌ی له‌وسه‌رده‌مه‌دا ژیاون گه‌واهی ئه‌وه‌یان داوه، كه ئه‌وسه‌رده‌مه به سه‌رده‌می زێڕینی ڕانیه داده‌نرێت و ئه‌حمه‌د چاوشین یش یه‌كێك بووه له هۆكاره‌كان، چونكه به قسه‌خۆشه‌كانی هه‌مووانی هانداوه و نه‌یهێشتووه نادییه‌كه‌ی خامۆش بێت، ئه‌مه‌ش هۆكارێك بووه له هۆكاره‌كان، تا زۆربه‌ی خه‌ڵك ڕووی تێ بكات به دیندار و بێ دینه‌وه. هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه زۆرجار دینداره‌كانیش بۆ گاڵته‌وكه‌پ ڕوویان تێكردووه و دواتر به‌خواردنی شیشێك گۆشت مه‌جلیسه‌كه‌یان خۆشتر كردووه.
وێنه‌ی دووه‌م: كۆمه‌ڵێك پاوماقوڵی ڕانیه له نادیه‌كه‌ی سه‌رقوله له پێشوازی عه‌بدولسه‌لام عارف سه‌رۆككۆماردا ده‌بن، كه نادیه‌كه جێگه‌ی كۆبونه‌وه‌ی ئێوارانی گه‌نج و پیری ڕانیه‌ییه‌كان بووه.
ئه‌م وێنه‌یه له ساڵی 1965 له نادیه‌كه‌ی سه‌ر ئاوی قوله ده‌چركێنرێت، كاتێك «عه‌بدولسه‌لام عارف» سه‌ردانی ڕانیه ده‌كات و ڕیش سپی و پیاو ماقوڵانی ڕانیه له‌نادیه‌كه‌ی سه‌ر ئاوی قوله داوه‌ت ده‌كات و له دۆخی گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه ده‌كۆڵێته‌وه. پێش ئه‌وه‌ی «عه‌بدولسه‌لام عارف» له ماڵی قایمقام بێته ده‌ره‌وه، له‌ناو ده‌رگاكه مه‌لا حاجی پێشی پێده‌گرێت و توند قۆڵی ده‌گرێت و له‌به‌رچاوی هه‌موو خه‌ڵكی ڕانیه، كه له‌وێ بوون ئه‌م حه‌دیسه‌ی پێده‌ڵێت: یا سیادة الرئیس [ارحم في الارض, یرحمك في السما‌ء]، [من لایرحم، لایرحم]. واتا: جه‌نابی سه‌رۆك به‌زه‌یت به‌وانه‌ی سه‌ر زه‌ویدا بێته‌وه، له ئاسمان به‌زه‌ییان پێتدا دێته‌وه، ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی نه‌بێت، كه‌س به‌زه‌یی پێدا نایه‌ته‌وه. بۆ ڕۆژی دواتر هه‌ینی بوو بۆ نوێژكردن «عه‌بدولسه‌لام» به ماتۆڕێكی ده‌به‌دار دێته مزگه‌وتی گه‌وره‌ی ڕانیه، كه ئیمام و خه‌تیبه‌كه‌ی «مه‌لا حاجی» بوو. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه بڕیاڕ ده‌دات هه‌ر بێوه‌ژنێك دوو دینار و نیوی پێی بدرێت. هه‌روه‌ك مامۆستا «ئه‌نوه‌ر ڕه‌سوڵ» ده‌گێڕێته‌وه:- كاتێك «عه‌بدولسه‌لام عارف» له ساڵی 1965 دێته ڕانیه و له ئینحیساری ڕانیه لاده‌دات و پێی له زه‌وی گیر ده‌كات و سێ جار ده‌ڵێت:- [هذا ارض العروبة، واتا ئێره خاكی عه‌ره‌به]. «ئه‌نوه‌ر» پێی وایه، «عه‌بدولسه‌لام» كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توندڕه و بوو، له‌هه‌مانكاتیشدا سه‌ر به ناسڕییه‌كان بووه و له‌هه‌مانكاتیشدا ده‌ڵێت:- [له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا كورد زیانی زۆری پێگه‌یشت و ئه‌و ده‌ستی له‌هیچ نه‌ده‌پاراست].
بڕوانه كتێبی: خه‌لیل عه‌لی، مێژووی هونه‌ری فۆتۆگرافی له ڕانیه - مه‌لا فاتیح، به‌رگی سێیه‌م، چ1، چاپخانه‌ی مه‌تین، تاران، 2025.