18/03/2013
خانه‌ی وه‌رگێران هه‌وڵێکی بچووک بۆ کارێکی گه‌وره
ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی پێمان باشه هه‌رجاره‌و ده‌زگایه‌ک به‌سه‌ر بکه‌ینه‌وه، ئه‌وانه‌ی که خزمه‌تی پێشکه‌وتن و گه‌شه‌پێدانی پرسگه‌لی کلتووری ده‌که‌ن. ئه‌مجاره‌یان پێمان باشبوو ، سه‌ردانی ده‌زگای ” خانه‌ی وه‌رگێران ، له سلێمانی” بکه‌ین . که ده‌زگایه‌کی تایبه‌ته به‌کاری وه‌رگێران .
له یه‌کێک له شه‌قامه‌کانی شاری سلێمانیدا، له‌ناو خانوویه‌کی چکۆله‌دا، ده‌زگایه‌کی گه‌وره‌ی چاپ و بڵاوکردنه‌وه ده‌بینرێت. نووسه‌رو وه‌رگێڕ” شۆرش جوانڕۆیی” به‌ڕێوبه‌ری ئه‌م ده‌زگایه، که پێشتر کۆمه‌ڵێک کتێبی فکری و ئه‌ده‌بی وه‌رگێراوه. واته له بواره‌که‌ی خۆیدا شاره‌زایه، له‌به‌رئه‌وه ده‌زگاکه سه‌رکه‌وتنی باشی به‌ده‌ستهێناوه.
شۆرش جوانڕۆیی پێی ڕاگه‌یاندین : ( ئه‌م ده‌زگایه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌ی وه‌رگێڕان )وه‌ک ده‌زگایه‌کی تایبه‌ت به وه‌رگێڕان له به‌رواری 15/7/2001 دامه‌زراوه‌و له 1/1/2002 ده‌ستی به‌کاره‌کانی کردووه. ) ئه‌م ده‌زگایه هه‌تا کۆتایی ئه‌مساڵ( 414 )ناونیشانی کتێبی چاپکردووه. دیاره ئه‌م ده‌زگایه زیاتر گرینگی به زمانه زیندووه‌کان ده‌دات و ئه‌وانه به ئه‌وله‌ویه‌ت داده‌نرێت . هه‌روه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگاکه گووتی ( هه‌تاوه‌کو ئێستا به‌پێی ئه‌وله‌ویه‌تی زمانه‌کان له زمانه‌کانی ئینگلیزی،ئه‌ڵمانی،رووسی،دانیمارکی،سویدی،هۆڵه‌ندی،فارسی،عه‌ره‌بی و تورکی،کۆمه‌ڵێکی به‌رچاوی کتێب وه‌رگێردراونه‌ته سه‌ر زمانی کوردی.)
یه‌کێک له کێشه‌کانی نووسه‌رانی کورد ئه‌وه‌یه، که هیچ ده‌زگایه‌ک نییه کتێبه‌کانیان بۆ زمانه‌کانی تر وه‌ربگێرن، ئه‌مه‌ش وایکردووه که که ئه‌ده‌ب و فکری کوردی ، له‌ناوجیهاندا بڵاونه‌بێته‌وه‌و نه‌توانێت جێ پێی خۆی له‌ناو کلتووری جیهاندا بکاته‌وه. لێ خۆشبه‌ختانه ئه‌م ده‌زگایه به‌پێی ئه‌و ئیمکاناته بچووکه‌ی که‌له به‌رده‌ستیانه ، کۆمه‌ڵێک کتێبی باشی کوردیان بۆ سه‌ر زمانه جیهانییه‌کان وه‌رگێراوه.
شۆرش جوانڕۆیی گووتی : ( هه‌تاوه‌کو ئێستا (13)کتێبی کوردی کراونه‌ته ئینگلیزی.11 کتێبی کوردی بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی وه‌رگێڕدراون و (1) کتێبیش وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی فارسی.هه‌ڵبه‌ت له داهاتووشدا له به‌رنامه‌ماندایه کۆمه‌ڵه کتێبێکی دیکه‌ی کوردیش بۆ سه‌ر زمانه‌کانی دیکه وه‌ربگێڕین.) دیاره ئه‌م ده‌زگایه کۆمه‌ڵێک پێوه‌ری مه‌رجی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه ، بۆ به چاپگه‌یاندنی هه‌ر کتێبێکی وه‌رگێراو.
له‌وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رج و پێوه‌رانه‌ی چین که ئه‌م ده‌زگایه پێڕه‌وی لێده‌کات . شۆرش جوانڕۆیی گووتی : (ئه‌و پێوه‌رانه‌ی که له‌مه‌ڕ وه‌رگێڕانه‌وه پێویسته له‌به‌رچاو بگیرێن بریتین له: به‌راوردی ده‌ق له‌باره‌ی زمان وه‌ک زاراوه، چه‌مک، ده‌سته‌واژه و په‌ند و ئیدیۆمه‌کان و له‌به‌رچاوگرتنی باری رێزمانیی رسته له دۆخی وه‌رگێڕاندا له زمانی دووه‌مه‌وه بۆ سه‌ر زمانی یه‌که‌م، که زمانی یه‌که‌م لای ئێمه زمانی کوردییه و ئامانجه‌که‌ش خزمه‌تکردنی ئه‌م زمانه‌یه.لێره‌دا گه‌یاندنی واتا له‌باره‌ی راستی و وردبینیی واتا و پاراویی زمان له‌به‌رچاو ده‌گیرێت. ئه‌مانه پێوه‌ری سه‌ره‌کین له وه‌رگێڕاندا که خانه‌ی وه‌رگێڕان هه‌وڵی داوه له کاری وه‌رگێڕاندا ره‌چاویان بکات.) دیاره وه‌کو هه‌موو ده‌زگایه‌کی تر ، ئه‌م ده‌زگایه‌ش کۆمه‌ڵێک کێشه‌وگرفتی خۆی هه‌یه. له‌باره‌ی کێشه‌کانی ده‌زگای وه‌رگێرانه‌وه،
شۆرش جوانڕۆیی گووتی : (خانه‌ی وه‌رگێڕان له سه‌ره‌تای دامه‌زراندییه‌وه هه‌ندێک ئه‌رکی پێ سپێردراوه که به‌داخه‌وه له‌به‌ر هۆکاری جیاجیا به‌ته‌واوی ئه‌وه‌ی ئێمه ئامانجمان بووه نه‌هاتووه‌ته دی. هۆکاره‌که‌ش پێوه‌ندیی به که‌مته‌رخه‌میی خانه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه نیه به‌ڵکوو زۆربه‌ی هۆکاره‌کان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و توانای ئێمه‌دان. که‌میی بودجه یه‌کێک له کێشه سه‌ره‌کییه‌کانه. ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت که‌ناڵ و لینکی نوێ به‌مه‌به‌ستی گه‌شه‌پێدانی کاری وه‌رگێڕان بکه‌ینه‌وه و وه‌رگێڕی باش و پڕۆژه‌ی باش به‌پێی پێویستیی کۆمه‌ڵگه و خوێنه‌ری کورد بۆ ده‌زگاکه‌مان دابین بکه‌ین، پێویستیمان به بودجه‌یه‌کی زیاتر هه‌یه و به‌م بودجه‌یه‌ی ئێستامان ئه‌و کارانه ناکرێن. هه‌ڵبه‌ت به ئه‌زموونیش بێت خانه‌ی وه‌رگێڕان سه‌لماندوویه‌تی که به‌و بودجه که‌مه‌شه‌وه که له‌گه‌ڵ بودجه‌ی هه‌ندێک ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی دیکه‌ش به‌راورد ناکرێت،که هه‌ندێک له‌و ده‌زگایانه چه‌ند قاتی ئێمه بودجه‌یانه، به‌ڵام ئێمه به‌رهه‌می چاپکراوی زیاترمان هه‌یه ، به‌ڵگه‌کانیشمان به ئامار دیار و ئاشکران و هه‌ر که‌سێک که بیه‌وێ ده‌توانین به‌ڵگه‌کانی پێ نیشان بده‌ین.
که‌وابوو ئه‌و بودجه‌یه له ئاستی چاوه‌ڕوانیی ئێمه‌دا نیه. کێشه‌یه‌کی دیکه‌ی خانه‌ی وه‌رگێڕان ئه‌وه‌یه که: ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که گه‌لێک جار له‌لایه‌ن شاره‌زاکانی بواره‌که‌وه ره‌ت ده‌کرێنه‌وه و که‌ڵکی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌یان نیه، به‌بێ هیچ پاساو و پره‌نسیپێک له شوێن و ده‌زگای دیکه‌وه نابه‌رپرسانه چاپ ده‌کرێن و ئه‌مه‌ش ده‌بێته مایه‌ی نه‌مانی متمانه‌ی خوێنه‌ر و کاریگه‌ریی خراپی بۆ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی تاکی کورد ده‌بێت. به‌داخه‌وه هیچ لایه‌نێک و به‌تایبه‌تی لایه‌نی پێوه‌ندیدار له‌مه ناکۆڵێته‌وه و له هه‌مووش ناله‌بارتر ئه‌م ده‌قه ره‌تکراوانه‌ی خانه‌ی وه‌رگێڕان ژماره‌ی سپاردنیشیان پێده‌درێت و به‌کرده‌وه، هه‌وڵی ئێمه بۆ رێگه‌نه‌دان به به‌رهه‌م و ده‌قی لاوازی وه‌رگێڕدراو له‌بار ده‌چێت. ئێمه له‌مباره‌وه نموونه‌مان زۆره که لێره‌دا بواری باسکردنی نیه. ) له‌باره‌ی پرۆژه‌ی داهاتووشینه‌وه، جوانڕۆیی گووتی : (ئامانجێک که ئێمه وه‌ک پرۆژه و گه‌ڵاڵه و راسپارده به‌رده‌وام باسمان کردوه و لایه‌نی پێوه‌ندیداریش لێی ئاگاداره، پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌کی تایبه‌ت به وه‌رگێڕانی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه بۆ کورد که خۆی له ئه‌کادیمیایه‌کی گه‌وره‌ی زماندا ده‌نوێنێت که بتوانێت له ئاستێکی به‌رزتردا گرێبه‌ست و بۆند و لینک له‌مه‌ڕ وه‌رگێڕانه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌زگا بیانی و وه‌رگێڕه به‌تواناکان واژو بکات ،که ئه‌مه به‌دڵنیاییه‌وه وه‌رگێڕان له وڵاته‌که‌ی ئێمه ده‌باته قۆناغێکی دیکه و له‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی ئێستا رزگارمان ده‌بێت. ئه‌م ئامانجه به دامه‌زراوه‌ییکردنی پرۆسه و کاری وه‌رگێڕانه که ڕۆڵێکی سه‌ره‌کیی له وشیارکردنه‌وه و گه‌شه‌ی زانستی و زانیاری و زمانیی کورددا ده‌بێت.)
دیاره ئه‌م ده‌زگایه ته‌نها به کاری وه‌رگێرانه‌وه نه‌وه‌ستاوه ، به‌ڵکه کۆمه‌ڵێک چالاکی تریشی کردووه. شۆرش جوانڕۆیی له‌باره‌ی چالاکییه‌کانی تری ده‌زگاکه‌یانه‌وه پێی ڕاگه‌یاندین : (کردنه‌وه‌ی پێشانگای جۆراوجۆر له کوردستان.به‌شداریکردن له پێشانگا له ئێران و ئه‌ڵمانیا(فرانکفۆرت)به‌خشینی خه‌ڵاتی ڕێزلینان به مامۆستایان (حمه کریم عارف و حه‌سه‌ن عبدالکریم) . سازدانی سیمینار بۆ (په‌یمانگای ته‌کنیکی) به‌شی ڕاگه‌یاندن و وه‌رگێڕان.سازدانی سیمینار بۆ (کۆلیژی ئاداب) به‌شی ئینگلیزی.داهێنانی خه‌ڵاتی وه‌رگێر وه‌ک نه‌رێتێک له خانه‌ی وه‌رگێڕان.)
به دڵنیاییه‌وه پرۆسه‌ی وه‌رگێران ، یه‌کێکه له کاره گرینگ و پڕبایه‌خه‌کانی هه‌موو گه‌لێک که بیه‌وێت پێشبکه‌وێت. چونکه له‌لایه‌ک له جیهانی ئه‌مڕۆ ئاگادارده‌بیت ، له‌لایه‌کی تریشه‌وه، خۆت به جیهان ده‌ناسێنیت. دیاره ئه‌م ده‌زگایه هه‌وڵێکی چکۆلانه‌یه ، بۆ ئارمانجێکی گه‌وره، ئه‌رکێکی قورس ، گه‌یاندنی په‌یامێکی مه‌زن ، لێ بوونی ئه‌م ده‌زگایه هیوایه‌کی گه‌وره به داهاتووی وه‌رگێران له کوردستان ده‌به‌خشێت .