20/06/2026
🔴خوێندکارەکانی عەبدوللەتیف سەلەفی هاتنە دەنگ
🔴هەڕەشە دەکەن و دەڵێن ئەوەی بینیوومانە زیاترە
🔴خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنن، “وەکو خوێندکارانی کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی. ئاشکرایە چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێک بەڵگە لەسەر بێزارکردنی کچە خوێندکارەکانی کۆلێژەکەمان لە لایەن مامۆستایەکمان بە ناوی دکتۆر عبدللەتیف ئەحمەد”.
لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست Ten10 کەوتووە ئەو خوێندکارانە دەڵێن “بەڕێزان ئەو شتانەی باس دەکرێت زۆرینەی ئێمەی خوێندکار کەمتر یان زیاترمان بە چاوی خۆمان بینیوە، جیاوازی نێوان خوێندکارە کوڕەکان و کچەکانمان بە چاوی خۆمان بینیوە، ئەم کۆلێژە کە فێری عیلمی پیرۆزمان دەکەن چیرۆکی زۆر قێزەونی تێدا ڕوویداوە ڕۆژانە، خوای گەورە ویستی وابووە لەم کاتەدا ئەم شتانە ئاشکرا ببن، ئێمە لە ڕێگای ئەم بەیاننامەیەوە ئەمانەوێت ڕای خۆمان بۆ ڕای گشتی، وەزارەتی خوێندنی باڵا، زانکۆی سلێمانی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە تایبەت دەرببڕین”.
باسیان لەوەشکردووە “بە هیچ جۆرێک ناتوانین قبوڵی بکەین کەسی ناوبراو وەک مامۆستا یان هەر چییەکی دیکە لە کۆلێژ و زانکۆکەمان بەردەوام بێت، و دڵنیا بن لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن بایکۆتی گشتی و سەرتاسەری ڕادەگەیەنین و واز لە خوێندن لەو کۆلێژە دەهێنین ئەوەش تاکو گەورەترین دەنگدانەوە دژی ئەو سوکایەتییە بە دین و زانکۆ و سلێمانی و کوردستان دەکرێت. هەروەها پێویستە تەواوی لایەنی کەمتەرخەم لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت”.
لە کۆتایشدا خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی دەڵێن “ئێمە ئیسلام فێری نەکردوین بێدەنگ و بێغیرەت بین، کە ڕێزمان لە یاسا و ڕێسا گرتووە پێویستە ماف و شکۆمان بپارێزن”.