KBC Kurdish Broadcasting Center
ناوەندی بڵاوکردنەوەی کوردی

کە ویستت لە ڕقی کەسێک مێژوویەک چەواشە بکەیوڵامدانەوەیەک بە قسەکانی کاک هیمن سەیدیلە پەراوێژەوە؛١- وەک بە تەواوی قسەکانی ...
01/06/2025

کە ویستت لە ڕقی کەسێک مێژوویەک چەواشە بکەی
وڵامدانەوەیەک بە قسەکانی کاک هیمن سەیدی

لە پەراوێژەوە؛
١- وەک بە تەواوی قسەکانی کاک هێمن سەیدی لەپێوەندی لەگەڵ باسەکەی کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزب لەسەر پرسی چەپ لە کوردستانەوە دیارە، بە هیچ شێوەیەک پێم باش نیە ئەم نووسینەم بکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕوانگەی من بۆ شەخسی کاک هێمن و کاراکتێرێک کە هەیەتی. کاک هێمن زیاتر لە ١٠ ساڵە بە هێندێک هۆکار کە لێرەیان باسیان ناکەم، لە دژایەتی کاک خالید عەزیزی دایە و بە قەولی مەشهوور قوڕئانیشی بۆ بخوێنێ، زمانی خێری پێدا ناهێنێ و بەداخەوە باسەکەشی تەواو لەژێر ئەو بارە ڕوانییە دایە و وەک ئاشکرای کردوە "دڵی لە کاک خالید پڕە" کە ئەوەیان بۆ من پەراوێزە و هیچی دیکە.
٢- کاک هێمن بە زمانێکی تایبەت کە لانیکەم من باش تێدەگەم چەندە لە کەسایەتی خۆی دەوەشێتەوە، هێرش دەکاتە سەر ئەوانەی کە بە دیفاع لەو قسانەی کاک خالید بابەتیان نووسیوە. من یەکێک لەو کەسانەم بەڵام دیسان هەوڵ دەدەم ئەم قەزاوەتەی کاک هێمن ڕامنەکێشتە مەیدانێک کە خوانەخواستە وەک جەنابیان بدوێم. وەک کەسێکی حیزبی من بە ئەرکی خۆمی دەزانم و شانازیشی پێوە دەکەم کە دیفاع لە هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزب، رێبەری حیزب، سکرتێری گشتی و وتەبێژی حیزب بکەم و لانیکەم هاوسەنگەرانیشم ئەو شاهیدییەم بۆ دەدەن کە لەنێو ڕیزەکانی حیزبیش‌دا چەند بە ئاشکراو و بێ‌گرێ و گۆڵ بۆچوونم لەسەر بابەتەکان دەردەبڕم، بەتایبەت کە ڕەخنەم لە بابەتێک هەبێت. داوای ئەوەش ناکەم کە کاک هێمنیش بە ئاشکرا بڵێ ئەی ئەو دیفاع لە چ ڕەوت و جەریانێک دەکات و نیابەتیی چ تەڤگەرێکە.
***

بەڵام لەسەر بەشێک لە باسەکانی کاک هێمن؛
- کاک هێمن لە سەرەتا و ئاخری باسەکەی‌دا باس لە زەروورەتی یەکگرتوویی نێوان هێزەکان دەکات و پێی وایە ئەو باسانەی کاک خالید زیان بە یەکگرتوویی دەگەیەنێ و هەر لەم پێوەندییەدا لە کۆتایی باسەکەیشی‌دا وەک بڵێی ئەو مامۆستا و بەردەنگەکانیشی قوتابی بن، نەسیحەت دەکات کە ئاوا بڵێن و ئاوا بکەن. ئەوەڵەن ئەو جۆرە باسانە کە زیاتر پێوەندییان بە بابەتی نەزەری و فکرییەوە هەیە هەر لەو ماوەیەدا فەزایەکی باشی لە دیالۆگ و نووسین و قسە و بیروڕاگۆڕینەوە خوڵقاندووە کە بە موافق و مخالف کراون و زۆریش پێویستن. لانیکەم ئەو ماوەیە خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەی جۆراوجۆردا بۆ خۆتەیارکردن بە وڵامدانەوە - جا بە مخالف جا بە موافق – هەوڵیان داوە زیاتر بخوێننەوە و لێکۆڵینەوە بکەن کە کاک هێمنیش وەک لە باسەکەی‌ڕا دیارە یەک لەوانە. دووهەم ئەوەیکە ناوبراو لە کاتێک‌دا باسی یەکگرتوویی نێوان هێزەکان دەکات کە بۆ ماوەی چەند مانگ جەنابیان بە دژایەتی لەگەڵ کاک عەبدووڵڵا موهتەدی، تریبوونی بە خەسار نەدەدا و فەزاکەی تا ئاستی شەڕە جنێو دابەزاندبوو. بۆیە پێم وایە ئەگەر یەکگرتوویی بۆ هێزەکان هێندە گرینگە کە حەتمەن وایە بەو جۆرە باسانە ناکەوێتە مەترسییەوە وکەسانێک دەبێ قسە لەسەر یەکێتی و یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان بکەن کە خۆیان لەو بارەوە کارنامەیەکی باشیان هەبێ.

- لەسەرەتای باسەکەی‌دا کاک هێمن بە جۆرێک باس لە کاریگەریی چەپ بەسەر کۆمەڵگەی بەشەرییەوە دەکات و دەفەمووێ؛ "ئەگەر چەپ نەبا ئینسانەکان یەکتریان دەخوارد"، وەک بڵێی بەردەنگەکانی جەنابیان لە گوێی گادا نوستبێتن و مێژووی کوشتنی بە میلیۆنان خەڵکیان لە کارنامەی نازیزسم و کۆمۆنیزم دا نەخوێندبێتەوە و ئاشنا بە سەرەڕووی و دیکتاتۆریی دەورانی ستالینی جێگرەوەی لینین و ڕێژی و نیزامە کۆمۆنیستی و چەپڕەوەکانی دیکە سەد ساڵی ڕابردوو نەبن. کاک هێمن لەم بەشە لە ئیستدلالەکانی‌دا هاوتەریب لەگەڵ بیری فەندەمێنتاڵتی ئیسلامی قسە دەکات کە پێی وایە "ئەگەر ئیسلام نەبا ئینسان هەر لە سرشتی حەیوانیی خۆ‌دا دەمایەوە"!! ئیدی باسی داهاتووی ئەندێشە و سیاسەتی چەپ لە وڵاتان ناکات کە چەندە تووشی ئیفلاسی بەڕێوەبەریی سیاسی و ئیداری و ئابووری بوونە کە تەنانەت گەورە وڵاتی کۆمۆنیستیی وەک چین بۆ خۆدەربازکردن لەو ئیفلاسەی کە سۆڤییەت و بەشێک لە وڵاتانی ئوروپای شەرقی تووشی بوون، ئابووریی خۆی بەرەو بازاڕی ئازادی جیهانی‌دا کردۆتەوە.

- هەر لە درێژەی ئەم بەشە لە قسەکانی‌دا کاک هێمن دەپەرژێتە سەر "قازانجەکانی چەپ بە بزووتنەوەی کوردستان" و بە ئاماژەدان بە ڕوانگەی ئەندێشمەندانی چەپ لە سەر پێداگرییان لەسەر "مافی دیاریکردنی چارەنووس" بەتایبەت بیرکردنەوەکانی لینین دەکات.
ئەوەیکە چەپ زیاتر لە هەر مەکتەبێکی دیکەی فکری گرینگی بە پرسی "مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان" داوە، کەس ناتوانێ حاشای لێ بکات. بەڵام بەستنەوەی بزووتنەوەکانی کوردستان بە چەپ و وەک کاک هێمن پێی وایە ئەگەر چەپ نەبا کورد ئەقڵی بەوە نەدەشکا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی موبارزە بکات، هەڵە و لەهەمان کات‌دا غەدرێکی گەورەیە لە کورد و کوردستان و جووڵانەوە نەتەوایەتییەکانی. دڵنیام کاک هێمن کە کەسێکی خوێندەوارە ئەوە زۆر باش دەزانێ بەڵام، مادام دەیهەوێ جوابی کاک خالید عەزیزی بداتەوە، هەر دەبێ وای بڵێ. کورد و ڕێبەرانی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستان، پێش لە لەدایکبوونی لنین (١٨٧٠) بە دەیان ڕاپەرینی گەورە و جێی شانازییان بەڕێوە بردەوە کە ئامانجی زۆربەیان سەربەخۆیی کوردستان بووە. بۆیە ناکرێ زۆر پۆپۆلیستیانە و بە بەدەستەوەگرتنی کتێبەکانی شەهید د.قاسملوو و سەنگەرگرتن لە پشت ناوی ئەم گەورە پیاوە، مێژوو بشێوێنی و ئیدیعای ئەوە بکەی کە ئەگەر چەپ نەبا کورد ئەقڵی بە موبارەزە و خەبات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی نەدەشکا و لەوە ماڵوێرانتر دەبوو.!! کە بەداخەوە پێچەوانەکەی ڕاستە.

- کە دێتە سەر مێژووی هاوچەرخی کوردستان و دامەزرانی کۆماری کوردستان، کاک هێمن دەبێتە هابیری مێژوونووسە دژیگەلی و شۆڤینیستە ئێرانییەکان و دەیهەوێ دامەزرانی کۆماری کوردستانمان بە یەکێک لە دەسکەوتەکانی چەپ و سۆڤییەت پێ بفرۆشێتەوە. بەڕێزیان بێ ئەوەی باسی یەکێک لە هەرە سەرەکیتیرین هۆکارەکانی ڕووخانی کۆماری کوردستان - واتە رێکەوتنی سۆڤییەت لەگەڵ ڕێژیمی شا و کشانەوەی ئەرتەشی سوور و بەتەنیا هێشتنەوەی کۆماری کوردستان بکات، دەفەرمێ کە "ئامریکا کۆماری رووخاند"!! ئەگەر ئەوە لە پای ڕقی کاک هێمن لە کاک خالید نەنووسم، دەبێ بڵێم ئەوە بەرهەمی نەزانی و بێ‌ئاگاهییە. ئیدی باسی ئیدیعا بێ‌بنەماکانی دیکەی کاک هێمن لەم بەشە لە باسەکەی‌دا ناکەم و هەر ئەو نموونەیە بەسە.

- کاک هێمن لەو بەشە لە قسەکانی‌دا کە بەراوەردی هاوکارییەکانی رووسیە (بەرەی چەپ) و ڕۆژئاوا (بە‌هەڵە بەرەی ڕاست) بە کوردستان دەکات و ئیدیعا دەکات کە هەرچی نەهامەتی بەسەر کورد هاتووە، خەتای ئورووپا و ئامریکا بووە کە ئەو بە هەڵە بە "ڕاست"یان ناو دێنێ، ڕووسیە دەکاتە پاڵ پشتی بێ‌ئەملاو ئەولای کورد، لە درێژەی باسەکەی‌دا تووشی پارادۆکسێکی سەیر دەبێ کە لە کۆتایی‌دا بۆی کۆ نابێتەوە و بە نیوەچڵی کۆتایی پێ دێنێ. کە باسی دابەشکارییەکانی کوردستان و ڕێکەوتنەکان دەکات، هێرش دەباتە سەر وڵاتانی ئوورووپایی، بەڵام لە دوایی‌دا کە وەبیری دێتەوە ئەم وڵاتانەش سۆسیالیستین، ئەمجارە باسی خزمەتەکانیان بە کوردستان و حیزبی دێموکرات دەکات و یارمەتییە سیاسی و مرۆییەکان بە نموونە دێنێتەوە. کاک هێمن لەم بەشە لە ئیدیعاکانی‌دا نازانێ یان نایهەوێ بزانێ کە ئەو پێوەندی و هەڵوێستانە هیچ ڕەبتێکیان بە چەپ و ڕاست و کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمەوە نیە و ئەوە ڕەوابتی نێودەوڵەتی و ناوچەییە کە لە دنیای ئەمڕۆ‌دا دەتوانێ زیاتر قازانج و سوودەکان دیاری بکات نەک ڕێباز و مەکتەبەکان و دەوڵەتان و ئیدئۆلۆژی. هەر ئەو دەوڵەتانی لەم چەند دەیەی ڕابردوودا بە ئاشکراو نهێنێ پشتیوانییان لە دەیان ڕەوت و ڕووداوی کۆنەپەرەستی کردوە چونکی قازانجیان لەوەدا بووە، نەک لەبەر چەپبوون یان ڕاستبوونیان کە بەرچاوترین و بەردرێژترینیان پشتیوانیی بەرە و دەوڵەتانی چەپ و کۆمۆنیستیی وەک چین، ڕوسیە و وڵاتانی ئامریکای لاتین لە ڕەشترین ڕێژیمەکانی سەردەم واتە کۆماری ئیسلامی ئێران کە کاک هێمن خۆی لەو بابەتە لە گێلی دەدات.

- کاک هێمن لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا بە پشت بەستن بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی حیزب و، بە خەیاڵی خۆی هاندانی کەسانێک لە کاک خالید عەزیزی لە حیزبەکەی خۆی‌دا - کە لە مێژە بەم کارەوە خەریکە و خواهەڵناگرێ زۆریشی پێوە ماندووە و لەخۆڕایش ئاو لە هاون‌دا دەکوتێ– بە کورتە باسێک لە پێوەندییەکانی حیزبی تودە لە گەڵ حیزبی دێموکرات، دەڵێ کاک خالید تەقە لە حیزبەکەی خۆیشی دەکات و جا بەم نیەتەوە هەر زۆر سەیر بابەتەکە چەواشە دەکات و دەیهەوێ مێژوومان لێ بشێوێنێ. کاک هێمن لەم بەشە لە باسەکەی‌دا هەر زۆر سەیر دەکەوێتە پێداهەڵگوتن بە حیزبی تودەی ئێران وەک نوێنەری چەپی ئێرانی کە چارەنووسە کڵۆڵەکەیشیمان دێت و دەڵێ؛ "ئەگەر یارمەتییەکانی حیزبی توودە نەبا لەوانەیە حیزبی دێموکرات نەیتوانیبا پشتی ڕاست بکاتە"!! بەڕێزیان وا بە تام و خوێ‌وە باسی یارمەتیی میدیا حیزبی توودە بە حیزبی دێموکرات دەکات و ناوی هێندێک کاراکتێر دێنێ، ئەگەر کەسێک مێژووی حیزبی دێموکراتی نەخوێندبێتەوە و شارەزای ئەو بڕگە مێژووییەی پێوەندییەکانی حیزبی تودە لەگەڵ حیزبی دێموکرات نەبێ، باوەڕ دەکات و پێشی سەیرە. با کاک هێمن سەیدی پێمان بڵێ کە حیزبی تودە چەند ژمارە لە ڕۆژنامەی "کوردستان"ی بۆ حیزب چاپ کرد؟! با پێمان بڵێ ئەوە لە کوێ و کەی ڕادیۆ پەیکی ئێران "بە شانازییەوە باسی لە کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکرات کردوە؟! مەگەر هەر ئەو سەردەمانە نەبوو کە "حیزبی توودە لە بەیاننامەیەکدا حیزبی دێموکرات و جوڵانەوەی کورد لە ئێرانی بە کلکی جووڵانەوەی کورد لە عێراق دەزانی"؟!! ئەلحەق کاک هێمن ڕاست دەکات کە ڕادیۆ پەیکی ئێران بە کوردی بەرنامەی هەبووە، بەڵام بۆ بووە کە ڕاست بەو زمانی کوردی هەوڵی مسادرە (زەوتکردن)ی بزووتنەوەی کوردستان لە خۆی‌دا بدات. وەک چۆن بەهەمان ڕوانگەوە حیزبی دێموکراتی بۆ ماوەیەک لە خۆ گرتبوو، بەڵام بۆی قوت نەدرا و بە هەوڵ و هیمەتی د. قاسملوو حیزبی دێموکرات سەربەخۆیی ڕێکخراوەیی و سیاسی خۆی وەدەست خستەوە و خۆی لە خۆبەزلزانی و هێژموونیی‌خوازیی حیزبی تودە دەرباز کرد.
جالب ئەوەیە کە کاک هێمن بە هیچ شێوەیەک خۆی لە هەوڵەکانی حیزبی توودە بۆ بنکۆڵکردنی حیزبی دێموکرات نادات و فەرتەنەکانی حیزبی تودە لە کۆنگرەی چواری حیزب و ئینشعابی دوای کۆنگرەی چوار و ڕووداوەکانی دواتریشی وەبیر نایەتەوە، دڵنیام ئەو بەشەی زۆر باش دەزانێ، بەڵام لێرە قازانجەکە وا دەخوازێ کە وەبیر خۆی نەهێنێتەوە؟!
ئەوە هەر باسی حیزبی دێموکراتە دەنا دەتوانین بیری کاک هێمن سەیدی بێنینەوە کە جەماعەتی مەنسووری حیکمەت و حیکمەتیستەکان وەک بەرەی چەپی هەرە ڕادیکاڵیشی، بە ئێعترافی خودی هاوڕێیانی کۆمەڵە چ زیانێکیان بە بزووتنەوەی کورد گەیاند.

- لە هەمووی سەرسووڕهێنەرتر باسی بەڕێوەچوونی میتینگی سەدهەزار کەسیی حیزب لە شاری مهابادە کە حیزبی دێموکرات دوای شۆڕشی ٥٧ خەباتی ئاشکرای خۆی تێدا ڕاگەیاند و دوکتور قاسملوو بە خوێندنەوەی پەیامی کۆمیتەی ناوەندی، خەت و ڕێبازی نەتەوەیی و دێموکراتیکی حیزبی دێموکراتی دەستنیشان کرد. کاک هێمن دەیهەوێ لە ڕقی کاک خالید ئەم دەسکەوتەشمان لێ بکاتەوە بە بەرهەم و دیاریی حیزبی توودە کە گوایا حیزبی تودە لە بەڕێوەچوونی‌دا رۆڵی گێڕاوە!! کاک هێمنی بەڕێز! لە دژایەتیت بەرانبەر بە کاک خالید عەزیزی گەردنت خۆش و ئازاد بێ و ئێمە هیچ دیفاعێک لە کاک خالید ناکەین، بەڵام ئیدی ئیزنی ئەو چەواشەکاریانەت لەسەر مێژووی حیزبی دێموکرات پێ نادرێ.

- سەبارەت بە مەسەلەی ئیدئۆلۆژیک‌بوونی حیزبی دێموکرات پێشتر باسم کردوە و لێرە دووبارەی ناکەمەوە و تەنیا ئەوە دەڵێم کە کاک هێمنیش بە درووستی ئاماژەی پێکردوە بەڵام دیسان بە هۆکاری ئەو بارە ڕەوانییەی کە لە ڕقی کاک خالید لەسەر خۆی باری کردوە مەسەلەکە تێکەڵ دەکات. هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی ناتوانێ خاوەنی "جیهانبینی"ی تایبەت بە خۆی نەبێت و حیزبی دێموکراتیش کە تا ئێستا سۆسیالیزمی دێموکراتیکی وەک ئامانجی دواڕۆژی خۆی دیاریکردوە، جیهانبینییەکەی دیارە کە هەڵبەت پێویستی بە گۆڕانکاری و خوێندنەوەی جیدی هەیە. بەڵام جیهانبینی پێش ئەوەی ئیدئۆلۆژیک بێت، خوێندنەوە و تێڕوانینە بۆ جیهان و ڕەوتە زاڵە جیهانگیرەکان و دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆت. کە ئیتفاقەن ئیدئۆلۆژی وەک چوارچێوەی داخراوی بەرتەسکی دەمارگرژانەی پیرۆزکراو، ناهێڵێ بە دیدێکی کراوە و لە دەلاقەی جۆراوجۆرەوە لە ڕووداوەکان بڕوانی. بەتایبەت لە سەردەمی ئێستادا کە بە پێچەوانەی ڕابردوو، بینی جیهان تەنیا لە دوو ڕەوتی جەمسەرییەوە سەیر ناکرێ و ‌هێز و بەستێنگەلی هاوتەریبی جۆراوجۆر هاتوونە کایەوە، ڕوانگە و تێفکرینی ئیددئۆلۆژیک بۆ حیزبێکی وەک حیزبی دێموکرات ئافەتە.

- کۆتا قسە؛
لە کۆتایی باسەکەیدا کاک هێمن هێشتا پێی وایە دڵی لە کاک خالید بەتاڵ نەبۆتەوە و دادەبەزێتە سەر هێندێک درۆ و بەختان کە شیاوی وڵامدانەوە نین ، بەڵام کورتە ئاژایەک بە یەدوو چەواشەکاریی دیکەی کاک هێمن دەکەم؛ لەسەر دیاردەی "قوم" کە کاک هێمن هەر ماوە بە دژایەتی لەگەڵ کاک خالید دیفاع لەویش بکات، پێشنیار دەکەم جارێکی دیکە بە دیقەتەوە گوێ لە قسەکان بگرێتەوە کە خراپ لە مەسەلەکە حاڵییە. لەسەر گەورەیی و جێگە و پێگەی بەهێزی جەماوەریی حیزبی دێموکراتیش مافی هەر ئەندامێکی حیزبە هەم شانازی بە یەکەم‌بوونی حیزبەکەیەوە بکات و هەم تێبکۆشی هەر بە حیزبی یەکەم بمێنێتەوە کە من تێدەگەم ئەم نیگەرانییەی کاک هێمن لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ.
بریا کاک هێمن وەک خۆی باسی دەکات ئەو قسانەی نەکردبا و ئەگەریش هەر دەیکرد، یەکەم؛ باشتری لەسەر خوێندباوە و لێکۆڵینەی کردبا، دووهەم؛ هەوڵی دابا بەجێی بیرکردنەوە لە دژایەتییکردنی کاک خالید و ڕق‌نواندن، بابەتیانە لەسەر مەسەلەکان دوابا و سێهەم؛ بەردەنگەکانی خۆی بە کەم سەیر نەکردبا و کەمتر خۆی لە شتی ناڕاست و چەواشەکردنی بابەتەکان دابا.

پایان ناتمام ابراهیم رئیسی؛ مردی که به آخر نرسید
20/05/2024

پایان ناتمام ابراهیم رئیسی؛ مردی که به آخر نرسید

بیش از هزار روز از دوره ریاست جمهوری ابراهیم رئیسی گذشته بود که هلیکوپتر او و همرانشان در حوالی ورزقان، در آذربایجان شرقی دچار سانحه شد.

28/04/2023

سبەینێ ڕێکەوتی ٢٩ی ئاپریلی ٢٠٢٣ بۆ بە تێڕۆڕیست ناساندن سپای پاسداران هەموومان بە یەکگرتوویی دێینەوە شەقامەکانی لەندەن و بە یەکەوە دەنگمان بە گوێی دەوڵەتی بریتانیا دەگەیەنین!

    calls for the immediate release of     prisoner     in    .He has been unjustly imprisoned since 2008 is deprived of...
01/02/2022

calls for the immediate release of prisoner in .
He has been unjustly imprisoned since 2008 is deprived of services and is in danger of death.
Be his voice.

Adresse

Paris

Site Web

Notifications

Soyez le premier à savoir et laissez-nous vous envoyer un courriel lorsque KBC publie des nouvelles et des promotions. Votre adresse e-mail ne sera pas utilisée à d'autres fins, et vous pouvez vous désabonner à tout moment.

Partager