01/04/2024
کەرەکەی مام بایز و میدیای سێبەر
مام بایز لەخەو هەستا بینی کەرەکەی دزراوە، کەوتە هات و هاوار و هەمو گوندەکەی لە خۆی کۆکردەوە، سەرەتا کوێخا و پیاوماقوڵان کەوتنە شیکاری و لێکۆڵینەوە:
- کوێخا : خەتای وەستای دیوارە، ئەگەر ئەو دیوارە تۆزەک بڵندتر بوایە دز وا بەئاسانی نەیدەتوانی ئاودیو بێت و دزییەکە بکات.
- پیاوماقوڵێک : خەتای دارتاشەکەیە، دەرگاکەی باش دروست نەکردوە، هەم نزمە و هەم لاواز، بە ئاسانی دەبێتەوە .
- پیاوماقوڵێکی تر: ناوەڵا خەتای کلیلسازەکەیە، ئەگەر قوفڵەکە باش بوایە چۆن وا بە ئاسانی دەکرایەوە، ئێ خۆ ناکرێ کەرەکەی بەسەر دیوارەکەدا بردبێ !!
- پیاوماقوڵی سێهەم :وەڵا تاوانباری گەورە مام بایزە، ئاخر چۆن شەو بە بێ خەمی لێی دەخەوێ و ئاگای لە کەرەکەی نییە !!
- پیاوماقوڵی کۆتایی: خەتای کەرەکەیە، دەبو کەرەکە هاواری مام بایز بکات و بزەڕێ نەک وا بە بێدەنگی خۆی بە دەستەوە بدات .
لە کۆتاییدا هەیاسە شێت کەوتە قسە " بە پێکەنینەوە ، ئای بابە !! چەند سەیرە ، ئەرێ خۆ کەس باسی دزەکەی نەکرد ! وای بابە چەند شێتن " .
پیاوماقوڵان وەک هەمیشە قسەکەی هەیاسیان پشتگوێ خست و خەڵکی گوندەکەش کەوتنە پێکەنین بە قسەکانی هەیاس، ئەگەرچی لەناخەوە زۆرێکیان لەگەڵ قسەکانی هەیاس بون بەڵام چونکە پیاوماقوڵان قسەیان کردوە ،ئێ ناشکرێ قسەی شێتێک لە قسەی پیاوماقوڵان ڕاستتر بێت !!
ئێستا هەمو دانیشتوانی گوندەکە تەواو کۆکن لەسەر ئەوەی هەموان تاوانبارن جگە لە دزەکە کە تاوانباری ڕاستەقینەیە .!
ئەمڕۆ زۆرێک لە میدیاکان تەواو وەک خەڵکی ئەو گوندە کاردەکەن و خەریکی بەلاڕێدابردنی خەڵک و ئاوەژوکردنی ڕاستییەکانن بۆ شاردنەوەی دزە گەورەکان (هەندێکیان نەزانن و هەندێکیشیان بەکرێگیراون) خەڵکیش تەواو وەک خەڵکی گوندەکەی مام بایز لە ترسی پیاوماقوڵان قڕوقەپیان لێکردوە و هەیاسە شێتەکانیش کە بیرمەند و نوسەرەکانن کەس گوێێان لێناگرێت، چونکە ڕونە کە لەناو کۆمەڵگەی گەمژە ئەوانەی بیردەکەنەوە شێت و خڵەفاون.
#شەماڵ محەمەد