21/11/2025
چیرۆکی ئەم گۆرانییە
چەند ساڵێک پێش ئێستا بۆ تۆمارکردنی یەکێک لە چیرۆکەکانی ئەنفال، پێشنیازیان بۆ کردم ئەو پیاوە ببینم کە سێ کوڕ و دوو کچ و خێزانەکەی کە ئامۆزایشی بووە لەدەستداوە. پیاوێک دوای هەموو ئەو ساڵانە چاوەکانی لە چاوەڕوانیدا بەقووڵدا چوو بوون، هەوریەکەی سەری ژنەکەی هەر لە گیرفانی شەرواڵەکەیدا هەڵگرتبوو نەک ئەوە لەبری سەعاتێک دوو سەعاتی لەدەستی ڕاستی کرد بوو وەک ئەوە دەهاتە پێشچاوم یەک سەعات بەس نەبێت بۆ بۆ ژماردنی خەمەکانی، تا ئەو کاتەی پێی وتم ئەمە سەعاتی ژنەکەمە، وێنەیەکیشی لەگیرفانەکەی سەر دڵی دەرهێنا دیار بوو بۆ ئەوەی وێنەکە وەک خۆی بمێنێتەوە بەشێوەی ناسنامە کە زیاتر پێی دەوترێت تەسکەرە بە نایلۆن کەپسی کرد بوو ئەوەش هەر وێنەی ژنەکەی بوو، ئەو دەیوت قەناعەتم بەخۆم کردووە من لە خەوێکی قوڵدام و هەر کات بەخەبەر هاتم هەموویان لەباوەش دەگرمەوە.
دواتر بۆیان گێرامەوە لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق بە باوەشێک ڕێحانەوە سەردانی بیابانەکانی عەرعەر و نوگرە سەلمانی کردووە و وەک وێڵ و سەرگەردانێک کە نەزانێت گۆڕی ژن و منداڵەکانی لە کوێدایە، لە هەر جێگەیەک یەک چڵ ڕێحانەی داناوە، وتیان ئەگەر لە دوریشەوە گوێی لەو گۆرانیە بێت وەک مەنجەڵی سەر ئاگر دەکوڵێت وەک ئەوەیە هەر ئەو ساتە ئەنفال هەموو خۆشی و جوانیەکانی لێ بردبێت و دەڵێ ئەم گۆرانیە بۆ من وتراوە.
ئیتر لەو ڕۆژەوە لای من ئەم گۆرانیە بۆ ئەو پیاوە وتراوە، هەر بۆیە کەوتمە دروستکردنەوەی موزیک و شێوازی وتنی گۆرانیەکە و دوای گوێلێگرتنیشی مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی بە دڵ دەستخۆشی لێکردم، هەروەها دەستمکرد بە نوسینەوەی دوو سیناریۆ بۆ کلیپکردنی ئەم چیرۆکە، لەگەڵ دەرهێنەری دیار و بەئەزموون کاک هەوراز محمەد کە بەڕاستی سەرسامم بە کارەکانی ئەم بیرۆکە و سیناریۆیەم خستەبەرباس، زۆر بە دڵی بوو بەڵام بەڵامێکیشی ووت کە ئەم کارە زۆر جوانە و کەرەستەی سینەماییە تاوانە خەسار بکرێت هەموو تەلەفزیۆنێکێش دەرەقەتی نایەت، بە کوردی و کورتی تێچووی زۆری دەوێت، منیش وتم دڵخۆشت کردم بەوەی ئاستی سیناریۆکەت زۆر بەدڵە و وەک شاکارە، بەڵامەکەی منیش ئەوەیە نیگەرانم لەوەی نەتوانین وەک گەلانی دونیا بە سینەما ئەم چیرۆکە بۆ هەتایە بهێڵینەوە، بۆیە بڕیارمدا سیناریۆکان لای خۆم بهێڵمەوە تا کاتی خۆی.
جا لەترسی ئەوەی سیناریۆی ئەم کارە هەر ڕۆژی نەیەت، لەگەڵ کاک ئامەد بڕیارماندا ئەم ڤیدیۆیانەی لەگەڵ بگونجێنین.
ئەمیر عومەر
NSE-Media