21/10/2025
"ئەنفال هیچی بۆ نەهێشتم!"
یەکێک لە گەواهیدەرەکانی نوگرەسەلمان و ئەنفال کۆچی دوایی کرد
دایە شەوکەت جەوهەر محەمەد سڵێمان، خەڵکی گوندی قەڵاچەرمەڵەی هەرێمی داوێیی سەر بە گەرمیان، کۆچی دوایی کرد. ئەو وەک گەواهیدەرێکی گرنگ و بەڵگەیەکی زیندوو لە ئەنفال دەربازیی بوو و گەواهیی لە دڕندایەتیی ئایدۆلۆژیای پانعەرەبیی دەوڵەتی ئێراق و دەوڵەت-نەتەوەی بەعسیی دەدا.
دایە شەوکەت لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ سمکۆ سابیر، چالاکوانی بواری ژینۆسایدی ئەنفال دەڵێت:
🔶ئەنفال ماڵی وێران کردم، هەموو شتێکمان تیا چوو.
🔶پێنج کوڕم ئەنفال کران، لەو هەموو کوڕە، خوا دەنکێكی بۆ جێ نەهێشتم.
🔶هەشت کچی عازەبی خێزانەکەم ئەنفال کران.
🔶دوازدە كوڕ و كوڕەزا، لەو هەمووە یەك دانەی نەگەڕایەوە.
🔶سێ بووكم هەبوو لەگەڵ منداڵ و پیاوەكانیان، كەسیان نەگەڕانەوە.
🔶ئێستا كەریمی برازام بەخاوەنم دەكات و كەسم نەماوە.
🔶یەكێك لە بووكەكانم ناوی سەیران بوو، لەگەڵ خۆیدا هەشت منداڵیشی ئەنفال كران. منداڵەكانیشی ناویان: حەیدەر و محەمەد و سەلام و سامان و ئەوانی ترم لەبیر نییە، ئەمانە منداڵی عوسمان بوون، حەوت كوڕ و كچێكی ئەنفال كرا، دە سەر خێزان بوون.
🔶ئەنفال کەسی بۆ جێ نەهێشتم... زۆرن، بەڵام من هێندەم لەبیر ماوە...
لەو هەموو کەسە، دایە شەوکەت تەنیا وێنەیەکی کوڕە گەورەکەی (عوسمان)ـی بۆ بەجێ مابوو.
دوێنی ئەم دایکە گەواهیدەرەی ژینۆسایدی ئەنفال و ڕەگەزپەرەستیی بەعسییەکان دوێنێ لە هەرێمی گەرمیان کۆچی دوایی کرد.