23/05/2026
خۆشەویستی چۆن و کەی ڕوو دەدات؟
خۆشەویستی ڕوو نادات تاکوو ئەوکاتەی جوانییەک بەدی نەکرێت. یانی، خۆشەویستی ئەوکاتە ڕوو دەدات کە تۆ دەبیتە جوانترین کەس لەچاو کەسێکی دیکەوە!
بەڵام بۆ ئەمە مەرج نییە "جوانی" لە لەش و لار و جەستە و جسمدا کوورت بکرێتەوە.
جوانی دەم و رووخۆشییەکە کە "ناشیرینیەک" خاو دەکاتەوە، زەردەخەنەیەکە کە چرچ و لۆچی سیمایەک دەشارێتەوە، میهرەبانییەکە کە لووتێکی گەورە ناگرنگ پیشان دەدات؛ لەنجەیەکە کە قەرەبووی عەیبێک دەکاتەوە؛ نەجابەت یان شەرمیکە کە قەڵەوویەک ناگرنگ دەکات؛ یانی پەیوەندییەکی قووڵە کە هەموو پێوەرێک دەنێتە لاوە.
بۆیە، جوانی لە سیمای قاڵبکراو، جەستەی ستانداردکراو، یان چاو و پێستی شین و سپیدا خۆی نابینێتەوە.
جوانی هەستێکە لە نێوان دوو کەسدا دەدۆزرێتەوە؛ یان با بڵیین لە نێوان دوو کەسدا ڕوو دەدات. جوانی دیاردەیەکی ئاڵۆزە کە پێکهاتەکانی بۆ کچێک، جگە لە جەستەی، بریتین لە: دەم بە پێکەنین بوونی، زەردەخەنەی، نەجابەتی، خانەدانی، ناز و شەرمی، کۆمەڵایەتی بوونی، دڵسۆزبوونی، تێگەیشتن لە خۆشەویستەکەی، خەمخواردنی، زیرەک بوون لە یاری خۆشەویستانە، هتد. بەڵام لەم هەستە ئاڵۆزەدا جەستەی قاڵبکراو ڕۆڵێکی بەرچاو ناگێڕێت. لەبەر ئەوەیە کە شاعیر جگە لە کورتە باڵایی، شتێکی دیکەی لە یارەکەیدا بینیوەتەوە کە وەهای پێ دەڵێت:
تۆ خەفەت نەخۆییت باڵاکەت کووڵە
لەناو حەوت تایفە، نازدار هەر تۆم بەدڵە
کێ تانەی دا لێت، تۆ کۆتاقەدی
تۆ تەڵای خالس، زۆر بە قیمەتی!
یان لە شوێنێکی دیکە شاعیر کورتەباڵایی نەک بە عەیب نازانێت، بەڵکوو وەک پێناسەی سەرەکی یارەکەی دەیبینێتەوە:
کورتێ هات، ڕابوورد،
کوێر بم، نەمزانی، خەمی ئەویشم کەوتە سەر شانی...
یان: یارەکەم تازەبووکە، وەک ئەشرەفی بچووکە؛
ڕاوبۆچوون، سەرنج و تێبینییەکانی خۆتانمان بۆ بنێرن.