
11/03/2025
بڵند ئیسماعیل: پێویستە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین وەکو چاوی خۆمان بپارێزین
ھەولێر -KDPP.info- بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر دەڵێت، "ڕاپەڕینی ھەولێر بەر لە ٢٣ ساڵ بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی و بە بەشداری جەماوەری بەشەرەفی ھەولێر دەستکەوتێکی گەورەبوو، بۆیە پێویستە ھەمووان ئەو دەستکەوتانە وەکو چاوی خۆمان بپارێزین."
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ساڵانە ئیدارەی پارێزگای ھەولێر بە یادی ڕاپەڕین ھەڵدەستا و ھەموو حزبەکانیش بەشدارییان تێدا دەکرد، ئەمساڵ لەبەر مانگی ڕەمەزان نەکرا، بەڵام ئێوارە خوانێکمان لەگەڵ مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە ھەولێر ئامادە کردووە، بەشێک لە تێکۆشەرانی ئەوکات و ھێزی خەبات و دەزگای ئەیلول و گوڵان و خەڵکی دیکەش بەشدار دەبن و باسی ڕاپەڕین دەکرێت.�لەو بۆنەیەدا سڵاو و ڕێز بۆ گیانی تێکۆشەرانی ڕاپەڕین دەنێرین کە بەخوێنی خۆیان ڕاپەڕینیان سەرخست، پێویستە ئەوە بزانین ڕاپەڕین بەرھەمی ھەموو شۆڕشەکان و خەباتی کوردە، بەتایبەت ئەو شۆڕشانەی پارتی و ڕێبازی بارزانی سەرکردایەتی کردوون و ئەنجامی یەکڕیزیی نێوماڵی کوردبوون و دروستکردنی بەرەی کوردستانی لە ساڵی ١٩٨٨ی لێ بەرهەمهات کە توانی سەرپەرشتی ڕاپەڕین بکات و شوێنی ئیدارەکانی ڕژێمی پێشوو بگرێتەوە تا پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا و حکوومەت دروست کرا."�ٍبڵند ئیسماعیل گوتیشی "ئەمە دەستکەوتێکی گەورە بوو، بەیەکەوە دەتوانین دەستکەوتی گەورە بەدەست بێنین، لەبیریشمان نەچێت ئەو بەرنامەی بۆ ڕاپەڕین دانرابوو زۆر خێرا بوو کە بەرەی کوردستانی نەخشەی بۆ کێشابوو، بەبیرم دێت بڕیار نەبوو ئەو ڕۆژە ڕاپەڕین بکرێت، بەڵام سەرۆک بارزانی زانی بڕیاڕی دا کە ھەموو ھێزەکان کە لە شوێنی دیکەش ھەبوون بێن بۆ ھەولێر، بۆ ئەوەی ڕاپەڕین لە ھەولێر سەرکەوتووبێت، چونکە دەیزانی ڕاپەڕین لە ھەولێر سەرکەوتووبێت لە ھەموو کوردستان سەرکەوتوو دەبێت، ئەگەر لە ھەولێر جەماوەر و پێشمەرگە بشکێت ئەوە کاریگەری لەسەر ھەموو کوردستان دەبێت، بۆیە فەرمانی کرد ھەموو ھێزەکان ڕوو لە ھەولێر بکەن، ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی زۆر گەورە بوو، بۆیە بەرھەمی ئێستا بەرھەمی خوێنی شەھیدان و دەستکەوتی ئەو کاتە، پێویستە وەکو چاوی خۆمان بیپارێزین، بەتایبەت لەم بارودۆخە پێویستە پێکەوە بەزوویی حکوومەت پێکبێت و پێکەوە ڕووبەڕووی ھەموو ئەو ئەگەرانە ببینەوە کە دێنە پێش بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان بپارێزین