14/08/2026
بەخێربێن بۆ "فیستیڤاڵی ICU" لە هەڵەبجە!
کاتژمێر 11ی شەو بوو؛ کاک گۆرانی برام بە دەنگێکی لەرزۆکەوە تەلەفۆنی کرد، "سۆران کاک شاهۆ جەڵتە لێیداوە!"
بەپەلە و پڕ لە دڵەڕاوکێ، لە سلێمانییەوە کەوتمە رێ بۆ هەڵەبجە، کە گەیشتمە عەربەت، تەلەفۆنیان کرد و وتیان مەیەن، کاک شاهۆ کە برای گەورەمانە دەیهێنن بۆ سلێمانی، چونكە لە هەڵەبجە یەکەی چاودێریی چڕ (ICU) نییە!
خێرا گەڕامەوە تاوەکو بچمە بەردەم نەخۆشخانەی شار، بە دەم دوعا و پاڕانەوە، تەلەفۆن لەسەر تەلەفۆن، ئیسعافەکەی کاک شاهۆ هەر نەهات چونکە هەر خەریکی چارەسەری سەرەتایین، دڵم بەرایی نەدا، بەپەلە بەرەو هەڵەبجە گەڕامەوە! چووم تا گەیشتمە جادە تازەکە، وتیان ئەوە ئیسعافەکە دەرچووە! ئەم دۆخە پڕ لە ترس و کارەساتەی من تێیکەوتم، باجێکی قورسی نەبوونی بەشی ICUیە لە هەڵەبجە.
گومان لەوەدا نییە کە سازکردنی فیستیڤاڵەکان لە هەڵەبجە، لە هەنارەوە تا هەنجیر، کارێکی باشە، بەڵام بێگومان ژیان و تەندروستیی هاووڵاتییان لە پێش هەموو شتێکەوەیە، شارێک کە سەنتەری پارێزگایەک بێت، دەبێت ئیدارە و پارێزگارەکەی سەد قات زیاتر هەوڵ بۆ دابینکردن و کاراکردنی بەشە گرنگە پزیشکییەکان بدەن، نەک تەنها گرنگیدانی ڕوکەشانە.
من بەدواداچوونم کرد، بەشی یەکەی چاودێریی چڕ (ICU) لە هەڵەبجە دروستکراوە، بەڵام خێرخوازان تەواوی ئامێر و پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردووە، نەک حکومەت و حکومەتی خۆجێی شارەکە، کەچی تەنها بەهۆی نەبوونی ستافەوە دەرگاکەی داخراوە و کارا نییە، واتە ئەو تاکە ئەرکەی لەسەر حکومەتە تەواو نەکراوە!
وازحە دابینکردنی ستاف لە ڕووی کارگێڕییەوە ئەرکی وەزارەتە، بەڵام دەبێت جەنابی پارێزگار تەنها سەرقاڵی وێنەگرتن نەبێت بە جلی کوردییەوە و هەمووان وەک قاز بڵێن قەینا بەس نییە پارێزگارەکەمان ژنە! بەڵکو دەبێت هەڵوێستێکی جدی، توند و کردارەکییان هەبێت؛ تاوەکو خەڵک ڕاستەقینەی خزمەتکردن ببینن و دووبارە تووشی ئەو کابوس و مەترسییە نەبن کە بەسەر نەخۆشەکەی من و سەدان هاووڵاتیی دیکەی ئەم شارەدا هاتووە.
تکایە بەدوای وەرگرتنی ئۆتۆمبێلی ئیسعافی پێشکەوتوو وێڵ مەبن، هەوڵی کردنەوەی بەشەکە بدەن تاوەکو پێویست بە ناردنی نەکات بۆ سلێمانی!
ڕاستە جەرگی سوتاوم هێشتا قرچەی دێ، بەڵام ئەوەندە بەرپرسیارم بڵێم توخوا فریای ئەوانی تر بکەون!
نوسینی: م. سۆران ڕەشید ئیمامی