20/08/2026
#هەڵەبجە
هەفتەی داهاتوو چاوپێکەوتن بۆ دامەزراندن دەست پێدەکات
لیژنەی ئەنجومەنی ڕاژە هەفتەی داهاتوو سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ 500 بۆ 600 پێشکەشکار، وەک کۆتا قۆناغی پرۆسەی دامەزراندنی 250 کەس لە سنوورەکە.
سەرچاوەیەک لە لیژنەی باڵای دامەزراندن لە هەڵەبجە ڕایگەیاند، پاش دوو مانگ لە وردبینیکردن بۆ فۆڕمی نزیکەی 9,600 داواکار، ناوی 500 بۆ 600 کەس بەپێی سیستەمی خاڵبەندی جیاکراوەتەوە. بڕیارە دوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکان، بە فەرمی ناوی کۆتایی دەرچووانی پڕۆسەکە بڵاوبکرێتەوە.
@
بەپێی ڕێنماییە فەرمییەکان، پرۆسەکە دەرچووانی ساڵی 2010 بەدواوە دەگرێتەوە؛ سیستەمی خاڵبەندییەکەش بەپێی ساڵانی دەرچوون (1 خاڵ بۆ هەر ساڵێک)، جۆری بڕوانامە (دکتۆرا 4 خاڵ، ماستەر 3 خاڵ، بەکالۆریۆس 2 خاڵ، دیپلۆم 1 خاڵ)، نمرەی کۆتایی (نمرەی 50 بۆ 60 بە 1 خاڵ و نمرەی 90 بۆ 100 بە 5 خاڵ)، و پشکی کەسوکاری شەهیدان (4 خاڵ) هەژمار کراوە، لەگەڵ تەرخانکردنی 4 خاڵ بۆ چاوپێکەوتنەکە.