19/06/2023
ماکوان کەریم کــەی ئازاد دەکرێت؟؟؟
خوشک و برایانی ئازیز سڵاوی خوای پەروەردگارتان لێبێت...
السلام علیکم
بەڕێزان بە پێویستم زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بەم بۆ ئازیزان و دڵسۆزانی ماکوان.
لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان زۆر دەبینم و پرسیار زۆر لەسەر ئەوە دەکرێت کە ماکوان کەی ئازاد دەکرێت.
بەڕێزانێکیش دەبینم کەوا وەڵام ئەدەنەوەو هەرکەسەو ڕەقەمێک دائەنێت.
بەڕێزان...
ڕاستە ماکوان لە وڵاتی ئیتالیا بە غیابی 9 ساڵ حوکم درا، پاش ئەوەی قانونی وڵاتانی ئەوروپی گۆڕا بۆ ڕادەست کردنی هاوڵاتی خۆیان بۆ وڵاتێکی تر تێیدا حوکم دراوە ماکوان نێردرا بۆ ئیتالیا، لەوێ دوو ساڵ مایەوە، پاشان لەبەر ئەوەی ماکوان هاوڵاتی نەرویجە لەڕێگای وەزارەتی داد و وەزارەتی دەرەوەی نەرویج هەوڵی بۆ دراو گەڕاندیانەوە نەرویج. بەپێی نامەیەک لە دادگای باڵای نەرویجەوە دان بەبێ تاوانی ماکوان دا نراوە کە هیچی لەسەر نیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئیتالیا حوکمی یاوەو بەو مەرجەش ناردوویەتیەوە بۆ نەرویج حوکمەکەی تەواو بکات. ڕێکەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی نەرویج و ئیتالیا لەسەر ئەوە بووە ماکوان هاتەوە نەرویج بەپێی قانونی نەرویج حوکمەکەی تەواو بکات، نەک قانونی ئیتالیا.
قانونی نەرویجیش دەڵێت کەوا 2/3 حوکمەکەی تەواو کرد ئەکرێت ئازاد بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دوای تەواو کردنی 1/3ی حوکمەکەی مافی ئەوەی هەبێت بە ئیجازە بێتە دەرەوە. ئەم ڕێکەوتنە هەیە، بەڵام تا ئێستا بەئێمە ڕانەگەیەنراوە بەتەواوەتی ماکوان کەی ئازاد دەکرێت، بۆیە تکا لەو بەڕێزانە دەکەم با کەس لەخۆیەوە وەڵام نەیاتەوەو کاتی ئازاد بوونی دیاری نەکات لە کاتێکدا خۆمان نازانین. هەرکات هەر هەواڵێک بەئێمە بدرێت و من (باران ئاریایی) وەک خێزانی ماکوان ڕامگەیاند ئەوا ئێوەی بەڕێزیش ئەتوانن وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە. دووبارە تکایە زانیاری هەڵە بڵاو مەکەنەوە.
لەگەڵ ڕێز و حورمەتی بێپایانم بۆ ئێوەی بەڕێز
19.06.2023
باران ئاریایی