
21/07/2025
بەئامادەبوونی بەڕێز مەلامستەفا بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەی (پردی چەمێ) دانرا
وەک ڕێزگرتن و وەفا بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان لەلایەن بەڕێز خالد خدر فەقێ ناسراو بە (خالد خۆشناو) پڕۆژەی دروست کردنی (پردی چەمێ) پێشکەش بەخەڵکی خۆڕاگر و سەربەرزی دەڤەری بارزان کرا، کە لە سەر ئەرکی کۆمپانیای هێمن گرووپ دروست دەکرێت.
ڕۆژی دووشەممە ٢١ـی تەمموزی ٢٠٢٥ لە گوندی چەمێ سەر بە قەزای مێرگەسۆر، لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێز مەلامستەفا بارزانی و بەڕێزان خالد خۆشناو و بەرپرسانی ئیداری، حزبی، سەربازی و ژمارەیەک لە کەسایەتی و هاووڵاتیانی دەڤەرەکە بە دروشمی (هەر ئاوەدان بێت کوردستان) بەردی بناغەی پڕۆژەی (پردی چەمێ) دانرا .
لە ووتارێکدا بەڕێز مەلامستەفا بارزانی زۆر بە گەرمی سوپاس و دەستخۆشی تایبەتی بەرێز جەنابی سەرۆک بارزانی، ئاراستەی بەڕێز خالد خۆشناو کرد بۆ ئەو کار و چالاکیانەی کە لە پێناو خزمەتی ووڵاتدا ئەنجامی داون، بە تایبەت جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروست کردنی (پردی چەمێ)، کە بە هەستێکی نیشتمانپەروەرانە ئەرکی جێبەجێکردن و تێچووی ئەم پڕۆژەیەی لە ئەستۆ گرتووە و پێشکەشی خەڵکی خۆڕاگر و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەڤەری بارزانی کردووە، بەڕێز مەلامستەفا بارزانی ئەم خزمەت و دیارییە پڕ بەهایەی بەرز نرخاند، هیوای خواست کە لەم کارە خێردار و پیرۆزانە بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتیمان بەردەوام بێت، هەروەها پیرۆزبایی لە دانیشتووانی دەڤەرەکە کرد بۆ ئەم پڕۆژە گرنگە، کە کارئاسانی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیانی دەڤەرەکە دەکات.
پردی کۆنی چەمێ بە هۆی بەرتەسکی و سنوورداری لە توانای بەرگەگرتن لە قورسایی و زەحمەتی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان دروست کردبوو، ئەم پردە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن هەبوو، بەڵام بە جێبەجێکردنی ئەم پردە نوێیە سوودێکی گەورە بە دەڤەرەکە دەبەخشێت و دانیشتووانی ژمارەیەکی زۆر گوند لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لێی سوودمەند دەبن، لە هەمان کاتدا کارئاسانی بۆ ئەو گەشتیارانە دەکات کە بە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی (زێت) هاتووچۆی دەرەوەی ووڵات دەکەن.
پردی چەمێ، کە لەسەر رووباری ڕووکوچک دروست دەکرێت، درێژیەکەی ١١١ مەترە وە پانیەکەی ٢١ مەترە، ڕێگاکە لەسەر پردەکە دوو ساید دەبێت، جیا لە دروستکردنی پردەکە ڕێگاکە لە هەردوو لای پردەکە بە درێژی زیاتر لە ٢ کیلۆمەتر بەشێوەیەکی سەردەمیانە و بەپێی ستانداردە ئەندازیارییەکان دروست دەکرێت.
ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی