25/03/2022
ئەو خۆراکانە کامانەن کە ددان وێران دەکەن؟
1- گەنمەشامی:
گەنمەشامی خواردنێکی تەندروستانەیە بەگشتی، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەنێوان ددانەکاندا دەمێنێتەوە و ئاسان لێی نابێتەوە، رێگەخۆش دەکات بۆ هەوکردنی پووک و کلۆربوونی ددان، هەندێکجار دەنکە رەقەکانی دەبنە هۆی شکاندنی ددان.
2- میوە وشککراوەکان:
هەرچەندە میوەی وشککراو سەرچاوەیەکی باشی ریشاڵە خۆراکییەکانە، بەڵام بۆ ددان مەترسیدارن! نەک تەنیا لەبەرئەوەی بەهۆی بەهەڵمبوونی ئاوەکەیانەوە شەکرێکی خەستتریان تێدایە، بەڵکو دەلکێن بە ددانەوە و ئەگەر زۆر بەباشی ددان نەشۆی، ئەستەمە لێی ببنەوە.
3- قاوەی بەستوو:
رۆژانە خواردنەوەی چەند قاوەیەکی بەستوو، رێگە خۆش دەکات بۆ کلۆربوونی ددان. ئەو شەکرەی دەکرێتە قاوەکە، رێگا لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لیکی نێو دەم دەگرێ لە پاراستنی ددان و ژینگەیەکی دڵخوازیش دەڕەخسێ بۆ گەشەی بەکتریاکان.
4- چەرەس:
ئەمەش لەو خۆراکانەیە کە لە نێوان پووک و دداندا دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆی هەوکردنی پووک و کلۆربوونی ددان. بۆیە پاش خواردنی چەرەس، دەبێ دوو خولەک بە فڵچە ددانت بشۆی.
5- ئاوی لیمۆی گەرم:
هەندێک کەس بەیانیان یەکەم کاریان خواردنەوەی پەرداخێک ئاوی لیمۆی شلەتێنە، ئەمە مینای داپۆشەری ددان تێکدەدات، چونکە راددەی ترشییەکەی ئێجگار بەرزە کە دواتر هەستەوەری و کلۆربوونی ددانی بەدوادا دێ.
6- کڵۆی سەهۆڵ:
کرماندنی سەهۆڵ ئارەزووی بەشێک لە خەڵکییە کە هۆکارێکی دیاری تێکچوونی مینای داپۆشەری ددانە، تەنانەت هەندێکجار ددان دەشکێنێ.
7- خواردنەوە وزەبەخشەکان:
رێژەیەکی بەرز لە شەکر و ترشەڵۆکیان تێدایە کە زیانێکی زۆر لە پووک و ددانەکان دەدەن لەگەڵ تێپەڕینی کات و چەندبارە خواردنەوەی.
8-کشمیش:
کشمیش دەکرێتە جۆرەها خواردەمەنییەوە، لەوانە کێک و شوکولاتە و چێشتە جیاوازەکان، بەڵام دەبێ بزانن هۆکارێکی کلۆربوونی ددانیشە. کشمیش بڕێکی زۆر شەکری تێدایە و بە ئاسانیش بە ددانەوە دەنووسێ، ئەوانەش دوو هۆکاری سەرەکی تێکچوونی ددانەکان و گەشەکردنی بەکتریاکانن لەسەریان.
9- چپسی پەتاتە:
بڕێکی زۆر نیشاستەی تێدایە کە لە دەمدا بەشێکی هەرس دەبێ و دەگۆڕێ بۆ شەکر و لەنێوان ددانەکان و پووکدا دەمێنێتەوە و دەبێتە ژەمێکی ئامادە و دڵخواز بۆ بەکتریاکان. ئەوانیش بە دروستکردنی ترشییەکی زۆر، دەبنە هۆی کلۆربوونی ددان.
10 - چوکلێت و هاوشێوەکانی:
کاندی و چوکلێت و هاوشێوەکانیان پڕن لە شەکر، زۆریش دەلکێن بە ددانەکانەوە و لە کۆتاییدا رێگا خۆش دەکەن بۆکلۆربوونی ددان.
دکتۆر کارۆخ عصمت چۆمانی