06/03/2026
سینۆگرافیای وێرانکاری: نیولیبڕالیزم لە کاتی "داتەپین" و تەڵەی جەنگی خێرا
دیالێکتیکی قەیران و خوێن
===========
بەڕوخسەتی توێژەرانی بواری فكر و سیاسەت...
==========
ئەو کێشمەکێشە سەربازییەی ئەمڕۆ لە ئێران دەبینرێت، تەنها ململانێیەکی "تەکنیکی" نییە، بەڵکو گوزارشتە لە قەیرانێکی ئۆنتۆلۆژی (بوونی) لە ناو جەرگەی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیدا، وەک کارڵ مارکس لە شیکردنەوەی داینامیکی سەرمایەدا دەڵێت: سەرمایەداری ناتوانێت بەردەوام بێت مەگەر لە ڕێگەی شۆڕشکردنێکی بەردەوام لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و لە هەمان کاتدا وێرانکردنی بەردەوامی بەها کۆنەکان.
لێرەوە "جەنگی خێرا" دژی ئێران، نەک تەنها بژاردەیەکی سیاسی، بەڵکو "زەرورەتێکی ئابوورییە" بۆ ژیاندنەوەی ئەو سیستەمە نیولیبڕاڵەی کە لەناو داتەپینی خۆیدا چەقیوە.
1- ترامپ؛ پاشای شۆک و ڕووکاری ڕاستەقینەی سیستەم
زۆرێک لە شیکەرەوە لیبڕاڵەکان دۆناڵد ترامپ وەک "هەڵەیەکی مێژوویی" یان "لادان لە نەزمی جیهانی" دەبینن، بەڵام لە ڕاستیدا ترامپ "ڕاستگۆترین" نوێنەری نیولیبڕاڵیزمە لە قۆناغی وەستانیدا، ئەگەر نیولیبڕالیزمی کلاسیک بە دەستکێشی مەخمەڵی و دروشمی "بازاڕی ئازاد" جیهانی داگیر دەکرد، ترامپیزم نوێنەرایەتی ئەو قۆناغەیە کە تێیدا سیستەمەکە پێویستی بە "زەبری فیزیکی" هەیە بۆ شکاندنی بەربەستەکان.
لێرەدا تێزەکەی ناومی کلاین Shock Doctrine دەبێتە کلیل بۆ تێگەیشتن لەم دۆخەك کلاین دەڵێت: سیستەمی سەرمایەداری پێویستی بە شۆکێکی گەورە (جەنگ، کارەسات، یان کودەتا...) هەیە تا بتوانێت لەناو کەلاوەکاندا ڕێساکانی خۆی بسەپێنێت. ترامپ وەک "نوێنەری باڵای سیستەم"، جەنگ دژی ئێران وەک "دەتێنەرێک" (Starter) بۆ مەکینە سڕبووەکەی ئەمریکا دەبینێت، ئەمە "خۆنوێکردنەوەیە لە ناو قەیرانەوە" واتە وێرانکردنی ناوچەیەک بۆ ئەوەی بازاڕی چەک، نەوت و ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگ، سیستەمەکە لە "داتەپینی گەورە" ڕزگار بکەن.
2- تاران: تیۆکراسی وەک کارگەی بەرهەمهێنانی "مرۆڤی بێماف"
بەڵام لە بەرەی بەرانبەردا، ئێمە لەگەڵ ڕژێمێکدا ڕووبەڕوو نین کە نوێنەرایەتی ڕزگاری بکات، ڕژێمی تاران، "دێوەزمەیەکی تیۆکراتییە" کە ژیانی هاوڵاتیانی کردۆتە قوربانیی پڕۆژەیەکی ئایدیۆلۆژیی، ئەم سیستمە ئایینییە، بە سەرکوتکردنی سیستماتیکی ژنان، کرێکاران و نەتەوەکان، باشترین پاساوی داوەتە دەست ئیمپریالیزم.
وەک واڵتەر بێنجامین دەڵێت: هەموو سەرکەوتنێکی فاشیزم، نیشانەی شکستێکی شۆڕشگێڕانەیە. ڕژێمی ئێران بە تێکشکاندنی ئیرادەی گەلان لە ناوخۆدا، زەمینەی بۆ "جەنگی خێرا"ی ئەمریکا خۆشکردووە. ئەم ڕژێمە نەک تەنها زیندانێکی گەورەیە بۆ گەلانی ئێران، بەڵکو "تەرمێکی بۆگەنبووی مێژووییە" کە ڕێگری لە هەر گۆڕانکارییەکی دیموکراتی و چەپ دەکات. نەفرەتکردن لەم سیستمە، تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو پاراستنی شکۆی مرۆڤایەتییە لە بەرانبەر تاریکپەرستیدا.
3- فەلسەفەی هەپروونبوون: جەنگی خێرا و مەرگی کەمینەکان
"جەنگی خێرا" تەنها ستراتیژێکی سەربازی نییە، بەڵکو "وێرانکارییەکی سۆسیۆلۆژییە"، کاتێک "شۆک"ـەکە ڕوودەدات، دەوڵەتی ناوەندی دەڕووخێت و "بۆشاییەکی ئەمنی" دروست دەبێت، لەم بۆشاییەدا کەمینە نەتەوەییەکان (کورد، بەلوچ، عەرەب...) دەبنە "بارمتەی جوگرافی".
جۆرجیۆ ئاگامبێن چەمکی (Homo Sacer) یان "مرۆڤی شایستەی کوشتن" بەکاردێنێت بۆ ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی یاسا و پاراستنی دەوڵەت دەمێننەوە، لە جەنگێکی خێرادا کەمینەکان دەبنە "هۆمۆ ساکەر" نە دەوڵەت هەیە بییانپارێزێت و نە یاسایەکی نێودەوڵەتی خێرا دەتوانێت فریایان بکەوێت. هەپروونبوون لێرەدا واتە پارچەپارچەبوونی جەستەی کۆمەڵایەتی؛ گۆڕینی کەمینەیەکی خاوەن دۆزی سیاسی بۆ "کۆمەڵێک ئاوارەی بێناونیشان" کە تەنها وەک ژمارە لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەردەکەون.
4- تەڵەی پڕچەککردن: کورد وەک "گۆشتی خێر"
لێرەدا دەبێت بە چاوێکی گومانەوە سەیری دیارییەکانی ئیمپریالیزم بکەین، پلانی ئەمریکا بۆ پڕچەککردنی کوردانی ڕۆژهەڵات و ناردنیان بۆ شەڕ "خێرخوازیی سیاسی" نییە، بەڵکو بەکارهێنانی کوردە وەک "پێشڕەوی وێرانکاری".
مێژووی کورد پڕە لە هەینییە ڕەشەکان کە تێیدا بوینەتە سوتەمەنی بۆ بەرژەوەندیی زلهێزەکان، ڕێککەوتنامەی جەزائیری ١٩٧٥ تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکو "یاسایەکی جێگیری ئیمپریالیزمە": (کەمینەکان بەکاربهێنە بۆ لاوازکردنی دوژمن، پاشان لەسەر مێزی گفتوگۆ بیانفرۆشەوە)، پڕچەککردنی کورد لەم ساتەدا تەنها بۆ ئەوەیە کە کورد "تێچووی جەنگە خێراکە" بۆ ئەمریکا کەم بکاتەوە، ئەمە نەک "ڕزگاری" نییە، بەڵکو کوشتنی ئاسۆی نەتەوەییە لە پێناو مانەوەی هەژموونی واشنتۆن.
نوکتەیەکی تاڵ بۆ کاتێکی تاڵ
دەڵێن کابرایەک لە تارانەوە تەلەفۆن بۆ هاوڕێیەکی دەکات لە واشنتۆن و دەڵێت: کاکە ئەم دۆخە چییە؟ ئێمە لێرە لە برسان دەمرین و پێمان دەڵێت بڕۆن بۆ جیهاد، ترامپیش لەوێوە دەڵێت دەمەوێت دیموکراسیتان بۆ بنێرم بە موشەک!"
هاوڕێکەی لە واشنتۆن دەڵێت: خەمت نەبێت، ئێمە لێرە پلانێکمان هەیە؛ نیوەتان بە موشەک دەنێرین بۆ بەهەشت لای خامنەیی، نیوەکەی تریشتان دەکەینە کۆمپانیای ئەمنی بۆ پاراستنی بیرە نەوتەکان، بەمەش هەم کێشەی بێکاری چارەسەر دەبێت و هەم کێشەی حەفتا حۆرییەکە!"
ئەمەیە کورتەی ئەو "نەزمە نوێیەی" کە بۆمان ئامادە کراوە.
ئەنجام: بەرەو سێیەم ڕێگا
ئەرکی ئێمە تەنها تەماشاکردن نییە، "جەنگی خێرا" ستراتیژی نیولیبڕالیزمە بۆ دەربازبوون لەداتەپین و ڕژێمی ئێرانیش "پاساوی فیزیکی" ئەم جەنگەیە، کەمینەکان بەتایبەت کورد، لە نێوان چەکوشی ئیمپریالیزم و سنەدانی تیۆکراسیدا خەریکن هەپروون دەبن.
ڕزگاری لەوەدا نییە ببینە "پارتیزانێکی کرێگرتە" لە شەڕی ترامپدا، نە لەوەشدایە بێدەنگ بین لە ئاست جەلادەکانی تاران، ڕێگای سێیەم، یەکێتیی خەباتی چینایەتی و نەتەوەییەکی سەربەخۆیە؛ خەباتێک کە تێیدا کورد نەک وەک "ئامرازی جەنگ"، بەڵکو وەک "بکەرێکی سیاسی" دەردەکەوێت کە نایەوێت ببێتە سوتەمەنی بۆ خۆنوێکردنەوەی هیچ سیستمێکی چەوسێنەر، جەنگ وێرانکارییە، بەڵام هۆشیاریی چینایەتی دەتوانێت لە ناو خۆڵەمێشی جەنگیشدا، ئاسۆیەکی نوێ بۆ ڕزگاریی ڕاستەقینە بکاتەوە.
عەفان ئەحمەد