25/09/2025                                                                            
                                    
                                                                            
                                            ترەمپ و خەونی پێغەمبەرایەتی.!
زۆر بەباشی گوێم لە وتارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت، چاودێری زمانی جەستەیم کرد .. ئەم سەرۆکە: نەخۆشیی دەروونی هەیە، درۆزنە، تا ڕادەیەکی زۆر نەزانە. ئەمە دەڵێم لە کاتێکدا لە هەر گرێیەکی پەیوەندیدار بە شکۆ و پیرۆزییەوە ئازادم، چونکە هەوڵدەدەم – تا ئەو ڕادەیەی دەتوانم – پابەند بم بە ئەکادیمیەتەکەم، کە پوختەی ئامراز و تواناکانمە.
یەکەم: نەخۆشیی دەروونی:
پێشەکی وتارەکەی [گاڵتەیەکی تاڵ] بوو بە نەتەوەیەکگرتووەکان، گوتی [ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی کردووە پلیکانەیەکی جووڵاوی لەکارکەوتوو و ئامێرێکی وەرگرتنی خراپە]. واتە، ئەو تەنها نەتەوەیەکگرتووەکان، وەک دامەزراوەیەکی لەکارکەوتوو دەبینێت، بەڵام بۆچی نەتەوەیەکگرتووەکان لەکارکەوتووە؟ باسی ئەوە ناکات، کە وڵاتەکەی ویستی نێودەوڵەتی لەکارخستووە بە سەرکردایەتیکردنی لیستی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ، چەندین جار کشانەوەی لە دەستە و دەزگاکانی، تەنانەت ڕاگرتنی ڕێککەوتنی بارەگا لەنێوان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە و وڵاتەکەیدا هەر کاتێک بیەوێت، وڵاتەکەی خاوەنی زۆرترین ژمارەی دەستێوەردانی سەربازییە، کە لەلایەن دەستەی نێودەوڵەتییەوە ڕێگەپێدراو نین. بۆ هەموو خوێندکارانی سیستەمی سیاسی ئەمریکا زانراوە، کە یەکێک لە دیارترین ناکۆکییە دووبارەبووەکانەوە لەناو دامەزراوەی حوکمڕانی ئەمریکیدا ناکۆکییە لەنێوان شاندەکەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان و وەزارەتی دەرەوەیدا ..
دواتر، مانای قسەکەی چییە، کە بە وردی دەڵێت: [نەتەوەیەکگرتووەکان هەندێکجار سیاسەتێک دەسەپێنێت، کە لەگەڵ بەرژەوەندی وڵاتان و سیاسەتەکانیاندا ناکۆکە]، ئەو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ داوای ڕزگاربوون لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە دەکات، ئەگینا چۆن لە ڕستەکانی [وڵاتەکانتان بەرەو دۆزەخ دەچن] و [وڵاتەکانتان وێران دەکرێن] تێبگەین؟
نەتەوەیەکگرتووەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی، کە پاڵپشتیی دارایی سیاسەتەکانی هاندانی کۆچبەرانی نایاسایی دەکات، ئاماژەی بە [بازرگانیکردن بە منداڵانەوە]دا، گوتی، کە نەتەوەیەکگرتووەکان توانایەکی زۆری هەیە، بەڵام نزیکنەبووەتەوە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی.
هەستی خۆپەرستیی قووڵ کاتێک ئاشکرا دەبێت، کە دەڵێت: [شەش ساڵ تێپەڕی بەسەر وەستانی من لەم هۆڵەدا، لەو ساتەوە ئاگری جەنگ ئاشتییەکەی تێکدا، کە من لە دوو کیشوەردا دامنابوو]. لێرەدا تەنها ئاماژە بەوە دەکەم [دەتوانرێت لە سەدان سەرچاوەوە پشتڕاست بکرێتەوە]، کە ژمارەی جەنگەکان لە ماوەی سەرۆکایەتیی یەکەمیدا بریتی بوون لە: [55] جەنگ [ساڵی 2017]، [52] جەنگ [2018]، [54] جەنگ [2019] و پاشان [56] جەنگ [ساڵی 2020] [بۆ پشتڕاستکردنەوەی ژمارەکان دەتوانرێت بگەڕێینەوە بۆ [پەیمانگای توێژینەوەی ئاشتی-ئۆسلۆ].
لێرەدا هەست بە شیکردنەوەی ناوەڕۆکی وتارەکەی لەم لایەنەوە دەکەیت، کە [وا گومان دەکات گوێگرەکان نەزانن] و پشتی بە زیادەڕۆیی لە ڕۆڵی خۆی یان زیادەڕۆیی لە کەمکردنەوەی ڕۆڵی کەسانی تر بەستووە. وەکچۆن [37] زانای دەروونیی وڵاتەکەی گوتیان ترەمپ [خاوەنی هەشت تایبەتمەندیی خۆپەرستیی نەخۆشیی تەواوە لە کۆی نۆ تایبەتمەندی].
درۆی ڕوون و ئاشکرا لە ئاماژەکانی تردا دیارە:
أ- گوتی، کە [حەوت جەنگی کۆتایی پێهێناوە لە ماوەی دەسەڵاتیدا لەنێوان [کامبۆدیا و تایلەند]، و [کۆسۆڤۆ و سڕبیا]، و کۆنگۆ و ڕواندا + پاکستان و هیندستان + ئیسرائیل و ئێران + میسر و ئەسیوبیا + ئەرمینیا و ئازەربایجان]، بەڵام:
1- ئایا لە مانگ و ساڵانی ڕابردوودا جەنگی میسر و ئەسیوبیا هەبووە؟
2- لە هەندێک حاڵەت، کە باسی لێوە کردووە، جەنگ [بە مانای ناسراو] نەبووە.
3- بانگەشەی ئەوە دەکات، کە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی ڕاگرتووە، سەرەڕای ئەوەی لە شوێنێکی تردا شانازی بەوەوە کرد، کە لەو جەنگەدا پرۆگرامی ناوکی ئێرانی، بە تایبەتی توانای پیتاندنی، وێران کردووە. جا چۆن جەنگەکەی کۆتایی پێهێناوە لە کاتێکدا خۆی لایەنێک بووە تیایدا؟
ب- خۆ بەگەورەزانین [Self-Promotion]، وەک یەکێک لە نیشانەکانی خۆپەرستیی نەخۆشی، زاڵ بووە بەسەر ناوەڕۆکی وتارەکانیدا. هیچ وڵاتێک یان لایەنێکی نێودەوڵەتی دەستکەوتی بەدەستنەهێناوە جگە لە خۆی، و کاتێک ئەم دەستکەوتانە پشتڕاست کرانەوە، دەرکەوت، کە هەموویان درۆن و هیچ بنەمایەکیان نییە، یان ڕۆڵی ئەو زۆر لاوەکی بووە. بۆ نموونە، قەبارەی ڕۆڵی ترەمپ لە ململانێی نێوان کۆسۆڤۆ و سڕبیادا چیی بوو؟ دواتریش، ئەم ململانێیە لە کانوونی دووەمی [2024] کۆتاییهات، واتە ساڵێک پێش دەستبەکاربوونی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی دووەمی.
دووەم: خەونی زانین:
بابەتی ئەوەی، کە ئەو سەرۆکی دەوڵەتێکی زلهێزە، سنوردارم ناکات، چونکە ئەم پیاوە [زانینێکی زۆر کەمە] [تەنها گەڕانەوە بۆ کتێبەکەی جۆن بۆڵتۆن، کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوو لەگەڵ ترەمپ، یان کتێبەکەی کچەزاکەی، کە هەردووکیان پێشتر ناوەڕۆکیان لە لاپەڕەکەمدا خستووەتە ڕوو، جگە لە ڕاپۆرتی [37] زانای دەروونی]، سەرنج بدەن لە گەمژەیی ئاشکرا لە مامەڵەکردنی لەگەڵ بابەتی کەشوهەوا و پیسبوون و وزەی جێگرەوە. با کەمێک لەم دوو خاڵەدا بوەستین:
1- کەشوهەوا: سەرەڕای نزیکەی کۆدەنگی لەنێوان هەموو زانایانی ژینگەدا لەسەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان، ئەو دەڵێت [نرخی کارەبا لە ئەوروپا چوار بۆ پێنج هێندەی چین، دوو بۆ سێ هێندەی ویلایەتە یەکگرتووەکانە .. بۆیە دەبێت ئەم ساختەکارییە جیهانییە ڕابگیرێت] .. [ئەو تەنها بابەتەکە لە گۆشەنیگایەکی دیاریکراوەوە دەبینێت، تەنها تێچووی دارایی]. لێرەدا تکایە لەم دەقەی خوارەوەدا بە وردی لەسەر کەشوهەوا بوەستن، ئەم گەمژەیە دەڵێت:
[ئەوەی پێی دەگوترێت قەیرانی کەشوهەوا گەورەترین ساختەکارییە، کە بەرامبەر بە جیهان کراوە، پێشبینییەکانی شێتەکانی کەشوهەوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان سەلمێنرا، کە هەڵەن، ئەم خەڵکە زۆر گەمژەن] .. ئەمە چ مانایەک دەبەخشێت؟ واتە هەموو شارەزایانی کەشوهەوا لە جیهاندا گەمژەن .. تەنها بازرگانی خانووبەرە لە ئاڵۆزییەکانی ژینگە تێدەگات.
بەڵام با کەمێک لەسەر خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی [2021] تا ئێستا، لێکۆڵینەوەکانی زانکۆ ئەمریکییەکان لەم بوارەدا بوەستین بۆ ئەوەی بزانین چەند دوورە بازرگانی خانووبەرە لە ڕاستیی زانستیی:
أ- هەر یەک پلە بەرزبوونەوەی [گەرمیی جیهانی] [12%]ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان تێدەچێت.
ب- جیهان لە ساڵی [2070] نیوەی بەرهەمی ناوخۆیی خۆی لەدەست دەدات ئەگەر گەرمبوونی زەوی و پیسبوون و وشکەساڵی و لافاو بەردەوام بێت.
ت- زیانەکانی لافاو بۆ ساڵی [2025] [ئێستا] لە جیهاندا ڕەنگە بگاتە [145] ملیار دۆلار.
ث- سەرەڕای هۆشدارییەکانی ترەمپ لە سیاسەتەکانی ژینگە [و پێشتر جۆی بایدنی سەرۆکی دیموکراتیش]، بەڵام وەبەرهێنانە جیهانییەکان لە وزەی نوێبوو لە نیوەی یەکەمی ساڵی[2025]دا [10%] بەرزبووەتەوە.
ج- لە ساڵی [2024]دا زیانەکانی کارەساتە سروشتییەکان گەیشتە [320] ملیار دۆلار، کە جیاوازییەکی زۆری هەبوو لەگەڵ ساڵی [2023].
2- لە وتارەکەیدا دەڵێت: [دەبێت ڕێککەوتنە بازرگانییەکانمان لە پێش بێت -وەک بڵێی ئەمریکا لە سەرووی هەمووانەوەیە، وەک دروشمی نازییەکان-]، پاشان دەڵێت [باجێکی گومرگی دەسەپێنین بەسەر ئەو وڵاتانەی، کە فێڵ دەکەن و دەستکاریی دەکەن، ڕێگە نادەین چین یان وڵاتانی تر بازاڕەکانمان پڕ بکەن و کارەکانمان لەناوبەرن] .. بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ زۆربەی ڕاپۆرتەکانی بانکی نێودەوڵەتی و شارەزایانی ئابووریی ئەمریکا و ڕاپرسییەکانی ڕایگشتی ئەمریکا، ئەوا ئەنجامەکەی ئەوەیە، کە شکست گەورەترین دەستکەوتی سیاسەتە بازرگانییەکانی ترەمپ بووە. تەنها ڕاپرسیی پیو [پێش مانگێک] دەبێت بوەستین لەسەری، کە [61%]ی ئەمریکییەکان ناڕازین لە سیاسەتی ترەمپ لەم بوارەدا. سەبارەت بە ڕاپرسیی قوتابخانەی یاسای مارکێت، ئاماژە بەوە دەکات، کە تەنها [28%]ی وەڵامدانەوەکان پێیانوایە ڕێوشوێنەکانی ترەمپ بەسوودن. لە ڕاپرسیی واشنتۆن پۆست لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، [64%] ڕەتی سیاسەتە گومرگییەکانی ئەویان کردەوە.. هتد.
ئەگەر هەموو ئەم لێکۆڵینەوانە زیاد بکەین، کە کاریگەریی سیاسەتە گومرگییەکانی ترەمپ لەسەر زنجیرەکانی دابینکردن [Supply Chains]ی تاوتوێ کردووە، دەردەکەوێت، کە ئەو ژیانی نێودەوڵەتی تەنها لە هەمان کونەبینینەکەی بۆ بازرگانیی خانووبەرە دەبینێت. تەنها گەڕانەوە بۆ قەبارەی بازرگانیی چین، کە لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا ئامانجی سەرەکیی خۆی بووە. ڕاپۆرتە بەردەستەکان لە دامەزراوە تایبەتمەندەکان و ئاژانسەکانی هەواڵ خەمڵێنراوە، کە قەبارەی زیادەی بازرگانیی چین لە سەرەتای ئەمساڵەوە، کە ترەمپ دەسەڵاتی گرتووەتەدەست، بە ڕێژەی [4.5%] بەرز بووەتەوە و هەناردەکانی چین لە حەوت مانگی ڕابردوودا گەیشتوونەتە [3.6] تریلیۆن دۆلار .. قاقای ئەم گەمژەیە هیچ سوودێکی نەبووە.
لە بەرامبەردا، با لەسەر سێ ئاماژە بوەستین، کە پشتبە سەرچاوە فەرمییەکانی ئەمریکا دەبەستن [لە ماوەی ئێستای ترەمپدا]:
أ- ڕێژەی بێکاری بۆ [4.3%] بەرز بووەتەوە، کە بەرزترین ئاستە لە ساڵی [2021]ەوە.
ب- ڕێژەی هەڵاوسان لە [2.7%] بۆ [2.9%] بەرز بووەتەوە.
ت- ڕێژەی نرخەکان بە ڕێژەی [0.3%] بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ئاماژەی نرخی بەکاربەر.
ئایا ئەم ئاماژانە بەڵگەن لەسەر [گەورەیی سیاسەتە ئابوورییەکانی، کە هیچ سەرۆکێک پێش ئەو بەدەستی نەهێناوە] وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ کرد؟
3- بابەتی غەزە: داوای ڕاگرتنی جەنگ دەکات [دەستبەجێ]، ئەمە هەمان بانگەشەیە، کە پێش ئەوەی دەسەڵات وەربگرێت و دوای وەرگرتنی دەسەڵاتیش ڕاستەوخۆ خستییەڕوو [هەروەها جەنگی ئۆکرانیا، کە کاتی کۆتاییهێنانی هاتووە]، بەڵام دژی دانپێدانانە بە فەلەستین سەرەڕای ڕەزامەندیی [156] وڵات، ڕێگری دەکات لە ئامادەبوونی شاندەکەی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی سەرەڕای ڕێککەوتنی بارەگا، کە ئەم بابەتە ڕێکدەخات و مەرج بۆ ڕێگریکردن دادەنێت و بە هیچ شێوەیەک بەربەست نین. لە جیاتی ئاماژەدان بەوەی دادگای نێودەوڵەتیی داد و دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتی و دەیان وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی حکومی و ناحکومی و لیژنە سەربەخۆکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر جینۆساید گوتوویانە، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەم بابەتە مەترسیدارە نەکرد، نە بە بابەتی چارەسەری دوو دەوڵەتیش [کە بابەتێکی سەرەکی بوو بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی وتاری تێدا دەدا]، تەنها سەرقاڵی چەند کەسێک لە بارمتەکانی ئیسرائیلی و لەناوبردنی حەماس بوو.
پرسیار دەکەم: ئەم درۆزنە، نەزانە، نەخۆشە دەروونییە، لە کەنداوەوە دەگەڕێتەوە بە دیاریی گەورەتر لە خەیاڵ، وەزیرانی دەرەوەی عەرەب ڕێزی لێدەگرن، وەک ئەوەی [ڕزگارکەر] یان پێغەمبەر بێت. پێشتر گوتم و لێرەش دووبارەی دەکەمەوە، کە ویلایەتەیەکگرتووەکان زۆر [گەورەترە] لەم نەخۆشە دەروونییە.
• وەرگێڕان لە پرۆفیسۆر وەلید عەبدولحەی - پسپۆری زانستەسیاسییەکان.
لەدکتۆر یادگار عەلی یەوە وەرگیراوە