17/07/2025
ڕۆژی ۱۷ی تەمووزی ۱۹۹۸، دەيڤيد ويڵش گەیشته مەسیف سەلاحەددین کە هەریەک لە ئەندى مۆريسۆن، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و دەیڤید بيم، لە باڵيۆزخانەى ئەمەریكا لە توركیا و بەرپرسی کاروباری کەیسی کورد یاوەری بوون. شاندێکی تورکیاش لەگەڵ ويڵش هاتبوون کە پێک هاتبوو لە: موراد ئەتاش، لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و دوو ئەفسەری تورک کە یەکێکیان نوێنەری سەرۆکایەتیی ئەرکان و ئەوەی دی نوێنەری میت بوون.
لە سەرەتادا زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنى دەيڤيد ويڵش و شاندی یاوەریم کرد و دواتر دەرفەتم بە ویڵش دا بۆ قسەكردن. دەيڤيد ويڵش بەم شێوەیە دەستی بە قسەکردن کرد: « سەردانەکەم بەڵگەی گرنگیدانی ئەمەریکایه بە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەمەریکا بایەخ و گرنگی بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەدات. هەروەها دەشزانین ئەم پەیوەندییانە بە قۆناغی پۆزه تیڤ و نێگەتیڤدا تی پەڕیون. تەنگوچەڵەمە و قەیرانەكان لەگەڵ سەددام کۆتایییان نەهاتووە.
ئێستا سیاسەتی ئەمەریکا بریتییە لە ڕووخانی سەددام و نابێ هیچ ڕێككەوتنیشی لەگەڵدا بكرێت، ئەمە باشترین و بەهێزترین هاوکارییە بۆ گەلانی عێراق. سەددام بووەتە کێشەیەکی گەورە و مەترسییەکی جددی بە تایبەت دوای دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ پە*کە*کە. ئێمە داوای عێراقێکی یەکگرتوو و دیموکراتی و فرەلایەن دەکەین لەژێر سەرکردایەتییەکی نوێدا. حەزیش ناکەین سەددام دەست بەسەر سەرچاوە نەوتییەکاندا بگرێت...
داتر ویڵش گوتی: « زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم ویست و ئارەزوو هەیە بۆ دیداری ڕاستەوخۆ لە نێوان مەسعود بارزانی و مام جەلالدا، بەڵام پێویستە بزانرێت بە چ شێوەیەک ڕێک بخرێت. مەبەست تەنيا كۆبوونەوە نییه، بەڵکوو دیدارەکە لە پێناو تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان هەردوولایە و ئەمەریکا بۆ ئەم مەبەستە چەتر دەبێت لە ئەگەری بەڕێوەچوونی دیدارەکەدا دەرفەتی زیاتر لە بەردەممان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی زياتر بێينە ناو كێشەی کورد ». ويڵش پرسياريشى لە من کرد کە « ئەگەر مام جەلال بێتە شەقڵاوە، تۆ ئامادەیت بچیته کۆیە؟ »
دوای تەواوبوونی قسەکانی ویڵش ئێمەش بەم شێوەیە ڕا و سەرنجەکانی خۆمان خستە ڕوو و وەڵاممان دایەوە:
« سیستەمی پەنجا بە پەنجا قابیلی قبووڵ نییە، هەرکاتێک بارودۆخەکە ئاسایی و سروشتی بووەوە نەک مەرجم نييە، من ئامادەم دەجار سەردانی مام جەلال بکەم لە هەر شوێنێک بێت. ئێمە دەتوانین گەرەنتیی سەلامەتیی مام جەلال بکەین، بەڵام مام جەلال توانای گەرەنتیی سەلامەتیی ئێمەی نییە».
دواتر ويڵش قسەی کردەوە و گوتی: « لەوە دەترسێم مام جەلال لە کۆبوونەوەکەی واشینگتۆندا بەشداری نەکات، دوور نییە تورکەکان پێیان خۆش بێت کە کۆبوونەوەکە لە ئانکارا بێت ».
منیش پێم ڕاگەیاند کە « ئامادەم بۆ ديدار لەگەڵ مام جەلال لە واشینگتۆن، ئەگەر پێویست بێت له ئانکاراش یەکتر دەبینین و لاریم نییە لەوەی لەگەڵ مام جەلال سەردانێکی هاوبەش و گشتی بۆ ئەورووپا بکەین ».
ويڵش ڕایگەیاند: « کە بانگهێشتنامەکەت بۆ واشینگتۆن پەیوەندیی بە هیچ بابەتێكی دیكەوە نييە، لە كاتی سەردانەکەت بۆ واشینگتۆن لە نزیكەوە گوێت لە ڕا و بوچوونی واشینگتۆن دەبێت و دەزانیت کە ئەمەریکا چ بەرنامە و پلانێکی لەگەڵ ئۆپۆزسیونی عێراقیدا هەیە، بەڵام سەبارەت بە پە*کە*کە و یارمەتییە هەرێمییەكان بۆ ئەو گرووپە، لە ڕوانگەی واشینگتۆنەوە پە*کە*کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە و گوشارمان خستە سەر سووریا بۆ ئەوەی هاوکاری و پاڵپشتیی پە*کە*که نەکات، بەڵام سووریا ڕەتی کردەوە کە یارمەتیی پە*کە*کە دەدات، ئێمەش وێنەکانی سەتەلایتمان نیشان دا کە سووریا لە کەمپەکانی ڕاهێنان و مەشقی سەربازیدا چۆن، هاوکاریی پە*کە*کە دەکات. ئێمە دەزانین کە عێراق و ئێرانیش یارمەتیی پە*کە*کە دەدەن».
بەرگی پێنجەم
پەیجی {سەرۆڪ دەنووسێ}.