
08/05/2024
ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە 7ی 5ی 2024 مەڕاسیمی ( ڕێزلێنان و خوانی وەفا) لەلایەن (بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر) بۆ کۆمەڵێک فەرماندەو کادرو پێشمەرگەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان ڕێکخرا.
بە ئامادەبوونی بەڕێزان ( د. پشتیوان سادق / ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر) و ( د. سامان بەرزنجی / وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان) و ( د. ئومێد خۆشناو / پارێزگاری هەولێر) و ( بڵند اسماعیل / بەرپرسی لقی دوو) و کارگێڕانی لق و بەرپرسی لێژنە ناوچەکانی (هەولێر و پێشەوا) مەڕاسیمی (ڕێزلێنان و وەفا) کە لەلایەن (بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر) بۆ چەند پێشمەرگەیەکی قارەمانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان کە ئامادەکرابوو بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاكی شەهیدان، سەروەریان بارزانی نەمرو کاکە ئیدریس بارزانی هەمیشە لەیاد دەستیپێکرد.
پاشان لەلایەن بەڕێز (د. دلۆڤان محمد / بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر) بەخێرهاتنی ئامادەبووان، پێشمەرگە قارەمانەکان و بەرپرسانی حزبی و حکومی کرا.
د. دلۆڤان محمد فاتح / بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر گوتی : به ئەرکی خۆمانی دەزانین کە ڕێز لە خەباتکارانی گەلەکەمان بگرین و وەفادار بین بەرامبەر بە تێکوشانیان.
دواتر داوای لە بەڕێز (د. پشتیوان سادق / ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر) کرد بۆ پێشکەشکردنی ووتەیەک.
هەڤاڵ(د. پشتیوان سادق) له ووتەکەیدا ووتی : وێڕای سوپاس و پێزانینم بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بۆ ساز کردنی ئەو مەڕاسیم و ڕێزلێنانە، دەزانین خەبات و بەرخودان و ماندووبوونی پێشمەرگە کە هەمیشە پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بووه، له سایەی هێزەکانی پێشمەرگە ئەو دەستکەوتە مەزنانه بەدیهاتوون، سەرچاوە و فاکتەری سەرەکی ئەو ئارامی و هێمنی و سه قامگیرییەی له کوردستاندا هەیە بە هۆی بوونی هێزەکانی پێشمەرگەیە.
د. پشتیوان سادق له بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد : ئێوەی جوامێر و قارەمان هاوشانی هەزاران پێشمەرگەی تر، ئەمڕۆتان دروستکرد، به دڵنیاییەوە ئێوە شایستەی ئەوەن هەمیشە ڕێز لە خەباتتان بگیرێت، دەرگای من بۆ هەمووان، به تایبەت بۆ ئێوەی پێشمەرگە کراوەیە، وه ئەوەی له توانای ئێمەدابێت بۆ خزمەتکردنتان درێخی ناکەین.
هەروەها ووتی : شانازی به مێژوو و سەروەریەکانمان دەکەین که ئێوەی قارەمان بەشێکن لەو مێژووە پڕ سەروەریە، ژیانی خۆتان کردۆتە قوربانی بۆ گەل و نەتەوەکەتان و خەباتی ئێوە ئەمڕۆی کوردستانێکی ئاوەدان و بەهێزی لێ هاتۆتە بەرهەم، ئێوەی پێشمەرگە و پەیڕەوانی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی ئیلهامبەخشی ئێمە و نەوەی داهاتوشن بۆ خزمەتکردنی کوردستان.
هەروەها ووتی : ئەمڕۆ هەست به شانازی دەکەین که له خزمەتتان داین، وە دەستخۆشی له بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر دەکەم بۆ ئەو دەستپێشخەرییە جوانە.
پاشان لەلایەن بەڕێز ( د. پشتیوان سادق / ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر) و ( د. سامان بەرزنجی / وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان) و ( د. ئومێد خۆشناو / پارێزگاری هەولێر) و ( بڵند اسماعیل / بەرپرسی لقی دوو) لەلایەن ( بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر) ڕێزلێنان بەخشرایە هەڤاڵان ( قادر قادر / بەرپرسی دەزگای بالای ئەیلوول و گوڵان) و ( مامۆستا عبدالرحمن مەلا رەسول / جێگری بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان) و چەند پێشمەرگەیەکی قارەمانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان کە لە ئێستادا (بەرپرس و جێگرو ئەندامی دەزگای ئەیلوول و گوڵان. هەولێر) ن.
هەروەها لەلایەن هەڤاڵ ( قادر قادر / بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان) ڕێزلێنانی دەزگای ئەیلوول و گوڵان. هەولێر، پێشکەش بە بەڕێزان ( د. پشتیوان سادق)، ( د.سامان بەرزنجی)، (بڵند اسماعیل)، (د. ئومێد خۆشناو)، (د. دلۆڤان محمد)، (هەینی ڕەشید) کرا.
دواتر لەلایەن (عبدالرحمن ملا رسول / جێگری بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان) ووتەی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان پێشکەشکراو ووتی : سوپاسی ئامادەبوون و وەفاداری و دڵسۆزی ئێوە دەکەم، لە حزووری ئێوەی بەرپرسانی حزبی و حکومی ستایشی بەڕێز ( د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان) و ستافەکەی دەکەم لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان.
هەروەها ستایش و سوپاسی بەڕێز (د. دلۆڤان محمد) و ستافەکەی لە (بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر) دەکەین بۆ ڕێکخستنی ئەو مەراسیمە وەک (وەفایەک) بۆ ئەو پۆلە پێشمەرگە قارەمانەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان، وێڕای بەردەوام لەخەم دابوون بۆ ڕاییکردنی کارەکانی پێشمەرگەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویستی تەندروستی.
هەروەها ووتی: سەربەرزین که دەبینین ئەو کوردستانەی کە دوێنێ له ژێر سەرکردایەتی بارزانی نەمر خەباتمان بۆی کرد ، ئەمڕۆ لە سایەی جه نابی سەرۆک بارزانی ئازاد و بەهێز و ئاوەدان و گەشاوەیە، سوپاس بۆ وەفاداریتان، پێویستە لەسەر نەوەی ئەمڕۆ ڕێز لە خەباتی دوێنێی بگرێت و ئەمڕۆی بپارێزێت، کۆشش بکرێت داهاتوو بە جوانترین و بەهێزترین بنیاد بنێت.
دوبارە سوپاس بۆ بەڕێز ( د. دلۆڤان محمد فاتح / بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر) و ستافە دڵسۆزو ماندوونەناسەکەی بۆ کۆ کردنەوەمان و وەفاداریان، بۆ ڕێکخستنی ئەو مەراسیمە جوانە.
هیوادارین نمونەتان هەر زۆر بێت.