گۆڤاری تۆپزاوە ::: Topzawe Magazine

گۆڤاری تۆپزاوە ::: Topzawe Magazine گۆڤارێکی تایبەتە بە پرسی جینۆساید و ئەنفال covers the Kurdish genocide issues and news of new war crimes and persecutions against the Kurds.

گۆڤاری تۆپزاوە..

گۆڤاری تۆپزاوە، گۆڤارێکی تایبەتە بە پرسی جینۆساید و ئەنفال، لەلایەن دامەزراوەی تۆپزاوە بۆ تۆێژینەوەی جینۆساید، چاپ و بڵاودەکرێتەوە.
ژمارە یەکی ئەم گۆڤارە لە ساڵی (2009) دەرکراوە.
ناوی گۆڤارەکە لە ناوی سەربازگەی (تۆپزاوە) وەرگیراوە، کە دەیان هەزار ڕۆڵەی کورد لە پرۆسەی ئەنفالدا تێدا كۆكرایەوە و پاشان لە گۆڕی بە کۆمەڵدا زیندەبەچاڵکران.. ئەم سەربازگەیە و ناوەکەی (تۆپزاوە) هێمایەکە بۆ

دەڕندەیی ڕژێمی بەعسی فاشیست، کە لە هزری مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە.
گۆڤاری (تۆپزاوە) پاش ماوەیەك لە وەستاندن لە بڵاوکردنەوە، بەم زووانە بە وەرزێکی نوێی دەست پێدەکاتەوە....................................................

Topzawe Magazine. It is issued by the Topzawe Foundation for Genocide Studies and Research

Topzawe Magazine, is a journal dedicated to the issue of Anfal massacre and Kurdish genocide, It is issued by the Topzawe Foundation for Genocide Studies and Research. The first number of this magazine was published in 2009. The magazine's name is derived from Topzawa's barracks in Kirkuk, where tens of thousands of Kurdish people were buried alive in mass graves during the Anfal Campaign by the former Iraqi regime. Topzawa barracks symbolize the brutality of the fascist Ba'athist regime, which remains in the minds of humanity.

لە (ساڵۆنی شەقامی جمهوری)، دوو کتێبی نووسەری بواری جینۆساید (عارف قوربانی)، لەلایەن هەردوو وەرگێڕ (جومعە جەباری و بەکر د...
20/09/2025

لە (ساڵۆنی شەقامی جمهوری)، دوو کتێبی نووسەری بواری جینۆساید (عارف قوربانی)، لەلایەن هەردوو وەرگێڕ (جومعە جەباری و بەکر دەروێش) ناساندنیان بۆ دەکرێت.

دواتر لەلایەن هەردوو نووسەرەوە، کتێبەکە وەرگێڕدراوەکان بۆ زمانی عەرەبی بە ئامادەبووان دەبەخشرێت.

دووشەممە 22 ــ 9ی 2025
سەعات 3ی پاشنیوەڕۆ
شوێن: ساڵۆنی شەقامی جمهوری

هاتن بۆ هەمووانە

وەزارەتی پەروەردەی عێراق، پەرتووکی (تاوانەکانی حیزبی بەعس) بۆ ساڵی خوێندنی 2025 ـ 2026، بۆ قۆناغی چواری ئامادەیی زیادکرد...
19/09/2025

وەزارەتی پەروەردەی عێراق، پەرتووکی (تاوانەکانی حیزبی بەعس) بۆ ساڵی خوێندنی 2025 ـ 2026، بۆ قۆناغی چواری ئامادەیی زیادکرد.

ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام گرنگتر دوو هەنگاوی دیکەیە:
یەکەم: پەرتووکە بخوێندرێت و بکرێتە وانەیەکی ئەساسی، چونکە لە هەرێمی کوردستانیش پەرتووکی (جینۆساید) بۆ قۆناغی وارەمی ئامادەیی هەیە، بەڵام وانەیەکی لاوەکیە و لە 99% ئامادەییەکان نایخوێنن.

دووەم: تائێستا نازانرێت، تاوانەکانی ڕژێمی بەعس بەرانبەر بە گەلی کورد لەم پەرتووکە چۆن جێگەی کراوەتەوە.. ئاخر هەر لەم ڕۆژانە دەزگای شەهیدانی عێرق پەرتووکێکی بۆ نووسەرێك چاپ کردووە، کە باسی تاوانەکانی بەعس دەکات و دۆسیەکانی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانیەکانی تێکەڵ کردووە و تەنها بە یەك پەڕەی کتێبەکەی بۆ تەرخان کردووە.

جیا لەوەی دیاریکردنی ناونیشانی (تاوانەکانی حیزبی بەعس)، بچوکردنەوەی دۆسیەکەیە و دەبوو بنوسرایە (تاوانەکانی ڕژێمی بەعس)، چونکە لە بنەڕەتدا بەعس وەك دەسەڵاتداری عێراق تاوانەکانی ئەنجامدا.

حەوت گۆڕە بە کۆمەڵەکەی ناوچەی (حەزەر) چی لێهات؟هێمن حەسیب........................لە مانگی ئەیلولی 2003، مولازمێك لە هێزی...
15/09/2025

حەوت گۆڕە بە کۆمەڵەکەی ناوچەی (حەزەر) چی لێهات؟

هێمن حەسیب........................
لە مانگی ئەیلولی 2003، مولازمێك لە هێزی بەرگری مەدەنی، کە هێزێکی تازە دروستکراوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوو لە خەڵکی عێراق و دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ هێزی گاردی نیشتمانی (قوات حرس وطني)، دەبێتە شایەتحاڵی دۆزینەوەی یەکەم گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان لە عێراق، کە دەکەوتە ناوچەی حەزەر لە پارێزگای موسڵ.

بەپێی ڕاپۆرتی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، ئەو مولازمە ناوی (عید رشید عیدۆ) بووە و لە ساڵی 1988، پیشەی شوانکارە دەبێت لە سنوری قەزای حەزەر لە پارێزگای موسڵ، کاتێك لە پاش نیوەڕۆیەکدا، لە دوورەوە دەبینێت، بە پاس خەڵک دەهێنرێت و پاش گولەبارانکردنیان، بە شوفڵ تەرمەکانیان دەشاردرێتەوە.

دوای شەش مانگ لە دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە، لە 24 شوباتی 2004، تیمێکی رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، بە هاوەڵی (عید رشید عیدۆ)ـی شایەتحاڵ، دەچنە سەر گۆڕە بە کۆمەڵەکان، کە لە نزیکی رێڕەوێکی ئاوی باران دەبێت و دوای پشکنین و بەدواداچۆنی سەرەتایی، دەردەکەوێت لە ژمارەیەك گۆڕی بە کۆمەڵ پێکدێت و بەڵگە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ گۆڕی بە کۆمەڵێ قوربانیانی کورد لە پرۆسەی تاوانی ئەنفال دەکەن.

لە مانگی ئابی 2004، دەست دەکرێت بە پشکنینی تەواوەتی و هەڵدانەوەی گۆڕەکان، کە پرۆسەکە تا سەرەتای مانگی یەکی 2005 دەخایەنێت و دەردەکەوێت لە (9) گۆڕی بە کۆمەڵ پێکدێت.. کە لە ژێر کۆدی (Grave 001 تاکو Grave 009) پۆلێن دەکرێن و هەر گۆڕێکیان 2 ــ 3 مەتر پانە و لە نێوان 15 ــ 25 درێژە.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، لە ڕۆژی 13 ئۆکتۆبەری 2004، ڕاپۆرتێکی پڕ لە وردەکاری لەسەر پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان بڵاوکردۆتەوە و لەسەر زاری سەرپەرشتیارانی پرۆسەکە، نووسیوویەتی، کە بچوکترین قوربانی نێو گۆڕەکە، تەمەنی نزیك پێنج مانگ دەبێت.

لە ئەنجامی پرۆسەکەدا، تەنها دوو گۆڕی پۆلێنکراو لە ژێر کۆدی (Grave 002 و Grave 009) هەڵدڕانەوە و 256 ڕووفات هەڵگیرانەوە، کە دواتر لە (2008/1/17) لە قەزای دوکان بە خاک سپێردران، بەوە پێیەی لە قوربانیانی قۆناغی یەکەمی تاوانی ئەنفال بوون، هەرچی حەوت گۆڕەکەی دیکەش بوو، بە بەڵگەی زانستی پشتڕاستکرانەوە، کە گۆڕی بە کۆمەڵن و هێڵدرانەوەی بۆ قۆناغێکی تر.

پرۆسەی پشکنینی تەواوەتی و هەڵدانەوەی گۆڕەکان، لەلایەن چوار تیم بەڕێودەبرا، کە پێکهاتبوون لە:

یەکەم: تیمی ئۆفیسی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ڕژێمی بەعس (RCLO) لە دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان، کە لەلایەن پارێزەرێکی ئەمریکی بە ناوی گریك کەیهۆ (Greg Kehoe) سەرپەرشتی دەکرا.

دووەم: تیمی یەکەی لێکۆڵینەوە لە تاوان لە هێزی سەربازی ئەمریکی.

سێیەم: تیمی بەڵگەی تاوان، کە لە ئەفسەرانی شارەزای بواری پزیشکی دادی ئەمریکیەکان و بەریتانیەکان پێکدەهات و لەلایەن مایکڵ ترێمبڵ (Michael Trimble) سەرپەشتی دەکرا.

چوارەم: تیمی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، کە ڕۆڵی چاودێریی پرۆسەکەیان دەکرد.

تەواوی پرۆسەکە بە سەرپەرشتی مایکڵ ترێمبڵ (Michael Trimble)، بەڕێوەدەچوو، کە شارەزایەکی نێودەوڵەتی ئەنترۆپۆلۆژیستێکی پزیشکی دادییە و لە دانیشتنەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە دۆسیەی تاوانی ئەنفال، ڕاپۆرتی وردەکاری هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی حەزەری پێشکەشکرد.

تائێستا هەموو شت دروستە و گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان لە حەزەر، جیا لەوەی یەکەم گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانە کە دۆزراوتەوە، هاوکات تاکە گۆڕی بە کۆمەڵی تاوانی ئەنفالە، کە لەلایەن تیمی نێودەوڵەتی و بە چاودێری نێودەڵەتی هەڵدراونەتەوە.. بەڵام ئەوەی لێرەدا سەیرە و نادیارە، چارەنووسی (7) گۆڕە بە کۆمەڵەکەی دیکەیە.

دوای 21 ساڵ، لە دۆزینەوە و پشتڕاستکردنەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ناوچەی حەزەر، کەچی تائێستا ئاوڕ لە هەڵدانەوی حەوت گۆڕە بە کۆمەڵەکەی دیکە نەدراوە، لەوەش خراپتر ئەم (7) گۆڕە لە ئاماری فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق پۆلێن نەکراوە، وەك ئەوە گۆڕانەی دۆزراونەتەوە و هێشتا هەڵنەدراونەتەوە.

ئەوەی لێرەدا پرسیاری دروستکردووە، ئایا حەوت گۆڕی بە کۆمەڵ، کە لەلایەن تیمی نێودەڵەتی و بە بەڵگەی زانستی و مانگی دەستکرد، پشت ڕاست بکرێنەوە، کە گۆڕی بە کۆمەڵن، بەڵام تائێستا فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان ئاوڕی لێ نەداتەوە و وەك گۆڕی هەڵنەدراوەش پۆلێنی ناکات و پاساویش ئەوە بێت، فەرمانگەکەیان لە ساڵی 2008 دامەزراوە و هیچ زانیارییەکی لەسەر پرۆسەی گۆڕەکان لە پێش ئەو رێککەوتی دامەزراندنی فەرمانگەکەیان نییە.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە، فەرمانگەی ناوبراو، زۆر بە سانایی دەتوانێت داوای راپۆرتی گۆڕەکانی ناوچەی حەزەر لە دادگای باڵای تاوانەکان بکات و لەسەر ڕۆشنایی ڕاپۆرتی تیمە نێودەڵەتیەکە، بە دوای شوێنی گۆڕەکان بگەڕێت، کە تەنانەت GPS شوێنی گۆڕەکانیش لە خۆدەگرێت.

ئەوەشی زیاتر مەترسی دروستکردووە، نازانرێت ناوچەی ئەو حەوت گۆڕە بە کۆمەڵە چی لێهاتووە، ئایا شوێنی حەوت گۆڕە بە کۆمەڵەکە، بەهۆی گەورەبوونی شار، نەکەوتۆتە ژێر بینا و باڵاخانە، چونکە بەپێی ڕاپۆرتەکان، قولی گۆڕەکان لە نێوان دوو بۆ سێ مەتر بوونە.. ئەمە جیا لەوەی ساڵانی 2014 بـۆ 2017، ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بووە و نازانرێت ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە چی بەسەرهاتووە.

ڕۆژنامەکە بە PDF لەم لینکەدا بەردەستە:
https://drive.google.com/file/d/1wUoc5qZCbGe0mdMzDlh6fIHF0oAmtIWX/view?usp=sharing

دێوەزمەکەی نوگرەسەلمانو بێخاوەنی دۆسیەی ئەنفالهێمن حەسیب.......................31 تەمووز، هاوتەریب لەگەڵ ساڵڕۆژی جینۆسای...
05/09/2025

دێوەزمەکەی نوگرەسەلمان
و بێخاوەنی دۆسیەی ئەنفال

هێمن حەسیب.......................
31 تەمووز، هاوتەریب لەگەڵ ساڵڕۆژی جینۆسایدی بارزانیەکان، هەواڵی دەستگیرکردنی حەجاجی نوگرەسەلمان لە میدیای کوردی بڵاوبویەوە و ڕۆژی دواتریش 1ـی ئاب، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە فەرمی هەواڵەکەی بڵاوکردەوە.

لێ حەجاج، ڕۆژی 30 تەمووز دەستگیرکرابوو و وەك دەرکەت لە ماوەی 22 ساڵی رابردوو، ئەم پیاوە لە شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆی لە ناوچەی حەویجەی بەحری لە قەزای زلوعیەی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین ژیاوە.

حەجاجی نوگرەسەلمان، کە ناوی تەواوی (عجاج احمد حردان زعیتی التکریتی)ـیە، لە سەرەتای ساڵانی شەستەکان لە دایکبووە و دەرچووی خولی حەوتەمی ئاسایشی نەتەوەیی (امن القومي)ـە.. لە 14ـی تەمووزی 1985، دەبێتە ئەفسەری مولازم لە ئەمنی ڕژێمی بەعس، تا ساتی دوورخستنەوەی لە 1990/7/25 لە بەرپرسیارێتیدا بووە، کە بەپێی ڕاگەیاندراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە ماوەی 1985 ــ 1990، چەندین بەرپرسیارێتی وەرگرتووە، لەوانە (ئامری ئەمنی بەسیە و ئامری ئەمنی نوگرەسەلمان و ئامری ئەمنی ناوچەکانی هیلال و نەجمیە و رمیسە و موسەننا)، ئێستاش بەپێی دوایین لێدوانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی؛ کە سەرەتای دەستبەکاربوونی لە ساڵی 1985 لە ئەمنی هەولێر بووە.

ئەوەی زیاتر شوێن پێی حەجاجی جەلادی بزرکردبوو، لە ماوەی ئەم 22 ساڵەی دوای پرۆسەی ئازادی، جیا لەوەی کەمترخەمیەکی گەورەی حکومڕانانی کورد و عێراقی پاش 2003 بوو، هاوکات دوورخستنەوەی ئەو جەلادە بووە لە ئەرك و بەرپرسیارێتی لە ساڵی 1990/7/25، واتا 13 ساڵ پێش ڕووخانی بەعس و دوو ساڵ پاش تاوانی ئەنفال، کە لای هەمووان واباس بووە، تا ساتی رووخانی ڕژێمی بەعس، حەجاجی جەلاد لە ئەرکدا بووە.

ئێستا لە ناو ساڵانی بێهیوایی و پەراوێزکەوتنی دۆسیەی ئەنفال.. دەستگیرکردنی حەجاج (عجاج)، وەك چۆن لە سەرەتاوە کۆمەڵێ نهێنی بۆ دەرخستین و بۆ ئایندەش ئەگەر بزانرێت بە جوانی کار لەسەر دۆسیەی دادگاییکردنەکەی بکرێت، زۆر نهێنی دیکەمان بۆ دەردەخات.

تەماشا ڕۆژی 2008/6/24، دادگای باڵای تاوانەکان لە دۆسیەی ئەنفال، بڕیاری کۆتایی دەرکرد و تاوانبارانی سزادا و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 423، ئەفسەر وپلەداری سەربازی عێراقی و جاش و موستەشاری کورد دەرکرد، ئەگەرچی تائێستا هیچ یەك لەو تاوانبارانە دەستگیرنەکراوە، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە، دوای 17 ساڵ لە بڕیاری دادگا و لەگەڵ دەستگیرکردنی حەجاجی جەلادی نوگرەسەلمان، بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە ناوی حەجاج لە ناو فەرمانی دەستگیرکردنەکان نییە، لە کاتێکدا ناوی تەواوی بەردەستە بووە و ئەو شایەتحاڵانەی لە دادگای باڵای تاوانەکان لە دۆسیەی ئەنفال شایەتیان دەدا، بەردەوام ئاماژەییان بە دڕەندەیی حەجاج دەکرد.

ئەمە پێمان دەڵێت؛ دەبێت ڕوونتر و وردتر کار لەسەر پرۆسەی دادگاییکردنی حەجاج بکرێت، پرۆسەکە بکرێتە دەروازەیەك بۆ زیاتر پێشخستنی دۆسیەی تاوانی ئەنفال و کردنەوەی دەرگای زۆر نهێنی دی.. وەك دەستکەوتنی زانیاری ئەوەی ئەو ئەفسەر وپلەدارانەی دی کێی بوون؟ کە بە چەشنی حەجاجی جەلاد لە ئەرکدا بوونە لە قەڵای نوگرەسەلمان، هەروەها فەرمانەکان لە کوێی و لە چ دەزگایەکی ڕژێمی بەعسەوە دەهات و زۆر شتی دی.. کە تەنها بەپێی دوایین دانپێدانانی بڵاوکراوەی حەجاج لە ڕۆژنامەی (الصباح)، کۆمەڵێ زانیاری درکاندووە، كە سێ هەزار ئەنفالکراو بردراونەتە نوگرەسەلمان و دوو لەسەر سێیان گیانیان لە دەستداوە و برسێتی و دەستدرێژی بۆ سەر زیندانیان وەك چەکێکی کوشتنی بە کۆمەڵ بەرانبەر بە ئەنفالکراوان بەکارهێناوە.

تەماشا ئێستا دەستگیرکردنی حەجاجی جەلاد، بووەتە هەوێنی ئەوەی ئیدی لە زاری خودی شایەتحاڵەکانەوە قسە لەسەر دەستدێژییە بەدڕەوشتیەکانی ئەو جەلادە بۆ سەر کچان و ژنانی ئەنفالکراو دەکرێت، ئاخر ئێمە وەك کورد لە دوای ڕاپەڕینی 1991ـەوە نەمانتوانیووە ئاشکرایانە قسە لەسەر دەستدرێژی جەلادەکانی بەعس لە تاوانی ئەنفال بۆ سەر کچان و ژنانی کورد بکەین، وەك ئەوەی ئێزیدییەکان، دەستدرێژییەکانی جەلادەکانی داعشیان کرد بە بناغەی ناساندنی کەیسی جینۆسایدیان.. وە نەبێت پەی بەم بەدرەفتارییە جەلادەکانی بەعس نەبردرابێت، بەڵام وەك هیلتەرمان 32 ساڵ پێش ئێستا، لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکەی لە سەرەتای نەوەدەکان، دەڵێت؛ پیاوانی بەعس دەستدرێژییان بۆ سەر کچان وژنان لە تاوانی ئەنفال لە تۆپزاوە و نوگرەسەلمان ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی داب و نەریتی کۆمەڵایەیی کوردەکان، هیج یەکێك لە ڕزگاربووان نایانەوێت دان بە بوونی ئەو دەستدرێژییانە بنێین یاخود باسی بکەن.

بۆ سەلماندنی بەدڕەفتارییەی حەجاجیش، جیا لە وتەی شایەتحاڵەکان، بەڵگەنامەی خانەنشینکردنەکەی، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە، چون ئەو بڕگە و مادە یاساییانەی بۆ فەرمانی خانەنشینکردنەکەی بەکارهێنراوە، کاتێك بەکاردێت، کە ئەفسەرانی ئەمنی ڕژێمی بەعس، لە ڕەفتاری داوێن پیسی و دەستدرێژی تێوەگلابن.

ئێستا ئیدی وەك ئاماژەمان پێیدا، گرنگە بە جوانی کار لەسەر دۆسیەی دادگاییکردنی حەجاج بکرێت، تا ئەم دۆسیەیە (تاوانی ئەنفال) زیاتر پێش بخرێت... بۆ ئەمەش خواست خەمخۆرانی ئەم دۆسیەیە، وایە لە دادگایەکی نێودەوڵەتی دادگایی بکرێت، تا تاوانەکە رەهەندێکی نێونەتەوەیی وەربگرێت، ئەگەرچی ئەمە کارێکی هێندە ئەستەم نییە، تەنها داواکارییەکی فەرمی دەوڵەتی عێراقی پێویستە، کە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکرێت.. لێی عێراق ئەمە ناکات و حکومڕانانی کوردیش باکیان بە پرسەکە نییە.

لەسەر ئاستی دامەزراوە دادوەرییە ناوخۆییەکانی عێراقیش، تائێستا روون نییە، حەجاج چۆن و لە چ دادگایەك دادگایی دەکرێت، ئەوەی تائێستا کراوە، تەنها ناونووسکردنی ڕزگاربووانی زیندانی قەڵای نوگرەسەلمانە بۆ شایەتیدان لە دادگا، کە تا هەنووکە نزیکە بە 284 کەس لە ڕزگاربووان خۆیان بۆ شایەتیدان ناونووسکردووە، 182 کەس لە کەلار و ڕزگاری و 65 کەس لە چەمچەماڵ و نزیک بە 37 کەسیش لە سلێمانی و هەڵەبجە و کۆیە.
وە نەبێت شایەتحاڵی دی ئامادە نەبێت، بەڵکو بەشی زۆری شایەتحاڵەکان لە ژیان نەماون.. بۆ ئەمەش دەکرێت سود لە چاوپێکەوتنی ڤیدیۆی ئەو شایەتحاڵانە وەڕبگیرێت، کە لە ژیان نەماون یاخود شایەتیدانی ئەو شایەتحاڵانەی لە ژیان نەماون و لە بەردەم دادگای باڵای تاوانەکان لە ساڵانی 2007 و 2008 شایەتیان داوە.

هەرچی دادگای تایبەتمەند بە دادگاییکردنی حەجاجی تاوانباری جینۆساید، دەبێت دادگای باڵای تاوانەکان بێت، جیا لەوە هەر دادگایەکی دی بێت، بە واتای دوڕاندنی کەیسەکە دێت.. چون تەنها دادگایەك لە عێراقدا تایبەتمەندە بە تاوانە نێودەوڵەتیەکانی وەک تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، دادگای باڵای تاوانەکانە، کە بەپێی یاسایی ژمارە (10) ساڵی 2005 دامەزراوە و دواتر لە ساڵی 2011ـەوە، بە هەموارکردنەوەی یاساکە، دادگاکە خراوەتە سەر ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لەو کاتەوە ئەم دادگاییە ئیفلیج کراوە و تەنها بە شێوەی کارتۆنی ماوە، چونکە هیچ دۆسیەیەك نەبردراوەتە بەردەمی.. هەرچی دادگاکانی دیکەی وەک دادگای تاوانی کەرخ یاخود دادگای تاوانی شارەکان، جیا لەوەی تایبەتمەند نیین بە تاوانی جینۆساید، هاوکات زۆر بڕیار و یاسا سزادراوانی ئەم دادگاییانە دەیانگرێتەوە، لەوانە یاسای لێبوردنی گشتی.

هەر چۆنێك بێت، دەستگیرکردنی حەجاج (عەجاج)، دێوەزمەکەی قەڵای نوگرەسەلمان، هەواڵێکێ دڵخۆشکەر بوو، نەك بە تەنها بۆ ڕزگاربووانی تاوانی ئەنفال لە قەڵای نوگرەسەلمان و کەسوکاری ئەنفالکراوان، بەڵکو بۆ هەموو کورد، چۆن ئەوانەی لە ئەنفالدا بە دەستی حەجاج ئازاریان چەشت و گیانیان بەخت کرد، لەبەر کوردبوونیان وەك نەتەوە دووچاری بەدڕەفتارییەکانی حەجاجی جەلاد بوون.

لێ ئەوەی جێی ناڕەحەتیە، پێفرۆشتنەوەی ئەم هەوڵ و هەواڵە بوو وەك دەستکەوتێکی شەخسی، بێ ڕوانینە ئەوەی ئەم هەواڵە چەند دڵخۆشکەرە، هێندەش شورەییە بۆ دەسەڵاتی کوردی بە هەردوو بەشە (زەرد و سەوزە)ـەکەی، کە دوای (22) ساڵ، ئینجا دەزانرێت حەجاج لە ژیانە و لە ناو ئەو عێراقەی دەسەڵاتی کوردی بنیادینایەوە، حەجاج وەك پاشا دەژیت و خاوەن دیوەخان و هەژموونە.. لەوەش شورەییتر ئەوەیە، سەرەداوی دۆزینەوەی شوێنی حەجاج و شوێن پێهەڵگرتنی، بەرهەمی دەسەڵاتی کوردی نییە، بەڵکو لەلایەن هاونیشتمانیەك عەرەب بووە، کە نیشتەجێی قەزای سەلمانە لە پارێزگای سەماوە، ئەمەش لە بەرئەنجامی سەردانی بەردەوامی کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ سەماوە و قەڵای نوگرەسەلمان هاتۆتە بەرهەم.

ئەوەی ماوەتەوە، لێرەدا ئاماژەی پێی بکەم؛ بێدەنگی و بێدەربەستی پارت و دەسەڵاتدارانی کوردە لەمەڕ هەواڵی دەستگیرکردنی حەجاج جەلاد.
تەماشا دوای (35) ڕۆژ لە بە فەرمی ڕاگەیاندنی هەواڵی دەستگیرکردنی حەجاج، تائێستا یەك حیزب و پارتی کوردی و فراکسیۆنی کوردی و بەرپرسی باڵای ئەم هەرێم و عێراقە، بە وشەیەکی خۆشحاڵی خۆیان بەم هەواڵە دەرنەبڕیووە، لەوانە:
لەتیف ڕەشید ــ سەرۆك کۆماری عێراق
محەمەد شیاع سودانی ــ سەرۆك وەزیرانی عێراق
مەسعود بارزانی ــ سەرۆکی پارتی
پاڤڵ تاڵەبانی ــ سەرۆکی یەکێتی
نیچیرڤان بارزانی ــ سەرۆکی هەرێم
مەسرور بارزانی ــ سەرۆکی حکومەتی هەرێم
قوباد تاڵەبانی ــ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم

ئەوە باسی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش ناکەین، کە وەك عەرەب دەڵێت: (أطرش في الزفة).

هەر ئەم بێدەربەستیەی دەسەڵاتدارانی کوردە لەمەڕ دۆسیەی ئەنفال و دەستگیرکردنی حەجاج وایکردووە، زۆرینەی رەهای کەسوکاری ئەنفالکراوان و ڕزگاربووان و چالاکوانان و نووسەران و خەمخۆرانی بواری جینۆساید، بڵێین؛ با لە کوردستان دادگایی نەکرێت و لە عێراق دادگایی بکرێت، چونکە مەترسیان لە ئازادکردنی لە کوردستان هەیە.

21/08/2025
ڕۆژنامەی (الصباح)ـی عێراقی:عەجاج دانی بە تاوانەکانیدا لە پرۆسەی ئەنفال ناوەعەبدولکەریم عەبدولفازڵ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی...
21/08/2025

ڕۆژنامەی (الصباح)ـی عێراقی:
عەجاج دانی بە تاوانەکانیدا لە پرۆسەی ئەنفال ناوە

عەبدولکەریم عەبدولفازڵ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی (الصباح)، ڕایگەیاندووە؛ کە دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدی، کە بە "عەجاج تیکریتی" ناسراوە، لەسەر بنەمای دانپێدانانی گەورە ئەفسەرانی دیکەی بەعس بووە.

وەک ڕۆژنامەکە بڵاویکردۆتەوە، تاوانبار عەجاج تکریتی، لە دانپێدنانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەی (الصباح)، ئاشکرایکردووە؛ کە لە ساڵی 1988، زیندانی نوگرەسەلمانی لە 400 زیندانیکراوانی عەرەب بەتاڵ کردووە و لە شوێنیان (3) هەزار هاووڵاتی کوردی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکوك و ناوچەکانی دەوروبەری لە زیندانی نوگرەسەلماندا دەستبەسەر کردووە.

عەجاجی جەلاد، ئەوەی نەشاردۆتەوە؛ کە ئامڕازی برسێتی و دەستدرێژی وەک چەکێكی سەرەکی بۆ کوشتنی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان بەکارهێناوە.

لە ماوەی 10 مانگدا، بەهۆی پەێڕەوکردنی سیاسەتی برسیکردن و دەستدرێژی، یەک لەسەر سێی زیندانییەکان بە هۆی ئەشکەنجە و برسیەتییەوە گیانیان لەدەستداوە.

تاوانبار عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدییە، لە دایکبووی پارێزگای سەڵاحەدینە و دەرچووی خولی حەوتەمی کۆلێژی ئاسایشی عێراقە.
لە بەڕێوبەرایەتییە ئەمنییەکان (هەولێر، ڕومەیسا، نەجمی، بوسایە، و موسەنا) پۆستی جۆراوجۆری هەبووە تاوەکو بووەتە سەرپەرشتیاری گشتی زیندانی نوگرەسەلمان لەسەردەمی بەعسدا.

ناوبراو بە دڕندەیی لە نێو دەستبەسەرکراواندا ناسرابوو، کە نازناوی "الحجاج"ـیان لێ نابوو.

ڕۆژی (8/21)ڕۆژی دادپەروەری لە کوردستانڕۆژی 8/21، یەکەم دانێشتنی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە دۆسیەی ئەنفال بۆ دادگای...
21/08/2025

ڕۆژی (8/21)
ڕۆژی دادپەروەری لە کوردستان

ڕۆژی 8/21، یەکەم دانێشتنی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە دۆسیەی ئەنفال بۆ دادگاییکردنی تاوانبار سەدام حوسێن و سەرانی ڕژێمی بەعس بەڕێوچوو.

لە ساڵی 2013، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەنجومەنی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 8/21ـی هەموو ساڵێکیان وەك ڕۆژی دادپەروەری لە کوردستان ناساند.

بەڵام تائێستا پەرلەمانی کوردستان، بە فەرمی بڕیاری ناساندنی ڕۆژی 8/21 وەک ڕۆژی دادپەروەری نەناساندووە.

ئەمرۆ رۆژی دادپەروەرییە لە کوردستانعەدالەت عومەرنوسەر و لێکۆلەری بواری جینۆساید............................................
21/08/2025

ئەمرۆ رۆژی دادپەروەرییە لە کوردستان

عەدالەت عومەر
نوسەر و لێکۆلەری بواری جینۆساید.........................................................
لە ساڵیادی ئەم رۆژە گرتن و دانپێنانی بە تاوانەکانی عجاج ناسراو حەجاجی نوگرە سەلمان لە ئارادایە، و چەند بەڵگەنامەیەکم لە تاوانەکانی عجاج هاوپێچ کردوە.
بۆیە پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ دادگایی کردنی بە حزوری کەسوکاری ئەنفال کراو و بێسەروشوێنکراوان یان لە شوێنی تاوان کە نوگرەسەلمانە یان کوردستان چڕبکرێتەوە. لە هەمان کاتدا هەوڵەکان بۆ دەرکردن یان بەدەستەوەدانی بەعسییەکان بە پێی ئەو دەنگۆیانەی کە هەیە لە کوردستان چڕ بکرێت. هەمان ئەو بەعسیانەی لە کاتی خۆی شەو رۆژ یان لە کورد تاڵ کردەبوو بە گرتن و کوشتن و ئازار و ئەشکەنجە و ماڵ وێران کردن کە دایکم و هەزاران دایکیتر هەموو جارێ بۆ ئێمەیان باس کردوە و دەکەن بەشێکی زۆرمان لە هەناوی ئەو تاوانانەی گەورەبووین لە سەردەمی ئاگر و ئاسن. «ئەوە نا لەبیر دەکرێت نا دەبەخشرێت». دەبی رادەستی دادگا بکرێن. هەمان ئەو بەعسیانەی تا سەر سنور بە تۆپ و تەیارە خێزانی کوردیان رادوو دەنا ، بە جاش و مستتشارەکانیش بەتایبەتی ئەوانەی داوی ٢٠٠٣ و ڕووخانی بەعسی گۆربەگۆر گەرانەوە بۆ کوردستان با لە دادگایەکی عادیلانە خوێنی خۆیان حەڵاڵ و حەرام بکەن. ئەوە بەرپرسیاریەتی یاسایی و مێژوویی و ئەخلاقیە.
رۆژی دادپەروەری لە کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣، لە ساڵیادی یەکەم دانیشتنی دادگای باڵای تاوانەکانی عێڕاق لە ساڵی ٢٠٠٦ لەسەر کەیسی ئەنفال هاتە ئاراوە. ئەم رۆژە لە لایەن رێکخراوەکانی بواری جینۆساید کۆمەڵێک نوسەر و لێکۆلەری ئەو بوارە و کەسوکاری قوربانیان داواکرا و دەست نیشان کرا، بەڵام دەبا پەرلەمانی کوردستان ئەو رۆژەی بە فەرمی بە بریارێک ناوزەد کردەبا هیوادارم لەم خولە جێبەجێ بکرێت.
هەرچەند لە ئاستی جیهان ١٧ی تەمموز ڕۆژی جیهانی دادپەروەرییە لە بەرامبەر تاوانەکان. کە ساڵڕۆژی پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆمایە لە ١٧ی تەمموزی ١٩٩٨، کە پەیماننامەی دامەزراندنی(ICC) دادگای تاوانی نێودەوڵەتییە.
بەڵام رۆژی دادپەروەری لە کوردستان، لە رۆژی ٢١ی ئابی ٢٠٠٦ ە کە یەکەم دانیشتنی دادگای باڵای تاوانەکانی عێڕاق لەسەر کەیسی ئەنفال دەستیپێکرد و لە ٢٠٠٧/٦/٢٤ دوای ٦١ دانیشتن بریاری دادگا بۆ کەیسی ئەنفال بە تاوانی جینۆساید و دژە مرۆڤایەتی بوو کۆتایی هات. بەڵام دادپەروەری نەهاتە کایە.
لەدادگای ئەنفال بەداخەوە سەدام حۆسینی گۆربەگۆر تەنها لە ٣٣ دانیشتن لە کۆی ٦١ دانیشتن بەشداری کرد و لەسەر کەیسی دوجیل لە سیدارەدرا. کە دەبوایە تاکۆتایی دانیشتنەکانی دادگایی کەیسی ئەنفال ئامادەبوایە و ووتەکانی وەرگیرابا. کە ئەمە بەخۆی تاوانێکی گەورە بوو لە رووی یاسایی و دادوەری و مێژوویی و ئەخلاقی بەرامبەر بە کەیسەکانی کورد.
بۆیە پێم وایە بەدستهێنانی دادپەروەری لە عێراق بەگشتی و لە کوردستانی خۆشمان بەتایبەتی کارێکی زۆر ئەستەمە بەڵام مەحاڵ نیە و بە مانای ئەوە نیە ناتوانین بەدەستی بینین بەڵکو دەبی کارو هەنگاوەکان بۆ ئەم مەبەستە چڕتر بکرێت بەتایبەتی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ کەیسەکانی جینۆساید و قەرەبوو کردنەوەی مادی و مەعنەوی بۆ کەسوکاری قوربانیان و جێبەجێکردنی دادپەروەری راگوزەری ( العدالة الانتقالیة).

تێبینی:
ئەم رۆژە جاران لەلایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە کابینەکانی پێشووی حکومەت بە هاوکاری رێکخراوەکانی جینۆساید نەفسێکی بەبەردا دەهات و کۆنفرانسێک و یان دیدارێکی لەسەر رێکدەخرا بەڵام ئێستا فەراموشکراوە.
*بۆ نمونە ٢٠\٨\٢٠١٣ کۆنفرانسی "دادپەروەری دەستەبەری مافەکانە" رێکخراوی کوردستانی بێ جینۆساید بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە هەولێر بەرێوە چوو .
مەبەست لەم کۆنفرانسە دیاری کردنی رۆژی ٢١\٨ کە رۆژی دەستپێکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقە لەسەر کەیسەکانی تاوانی دژ بە کورد و دەسپێکی دادگای جینۆسایدی ئەنفالە ببێتە رۆژی دادپەروەری لە کوردستان. کە لەم کۆنفرانەسە هەر یەک سەرۆکی رێکخراوی کوردستانی بێ جینۆساید عەلی محمود و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و پارێزەرانی هەریەک لە کەیسەکان(محمد سالح ئامێدی و گۆران ادهم و ایاد کاکەیی بابەتێکیان لەسەر چۆنیەتی بەرێوەچوونی دادگاکان بریارەکانی دادگا خستە روو. هەروەها سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان سالار محمود ووتەیەکی پێشکەش کرد ،و لە تەوەری دوومی کۆنفرانسەکەش بابەتێکی حاکمی دادگای ئەنفال خوالێخوش بوو حاکم محمد عۆریبی لەسەر کەیسەکانی هەلەبجە و ئەنفال و لە کۆتایی منیش لێکۆلینەوەیەکەم لە سەر چۆنیەتی قەربوو کردنەوەی کەسوکاری قوربانیان لە چوارچێوەی دادپەروەری راگوزەری (العدالة الانتقالیة) پێشکەش کرد.
*جینۆسایدی ئەنفال لە لایەن دەوڵەتی عێراق لە سەردەمی رژێمی بەعس لە مانگی شۆباتی ١٩٨٨ تاکو ٦ ئەیلولی ١٩٨٨ لە سەرتاسەری کوردستان بێ جیاوازی ئایین و رەگەزو تەمەن دژی نەتەوەی کورد ئەنجامدرا. شاڵاوەکانی ئەنفال سەختترین وێرانکاری و تاڵان و ١٨٢٠٠٠ کەس ئەنفالکراوی لێکەوتەوە.

18/08/2025

دووەمین کۆنفڕانسی جینۆسایدی کورد و ڕەنگدانەوەی لە (ئەدەب ــ هونەر ــ میدیا)ـدا لە ڕۆژانی 25 ـ 2025/8/26 لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

11/08/2025

فازڵ ئەبو رەغیف؛ باس لە تاوانەکانی عەجاجی جەلاد دەکات و زانیاری نەبیستراو دەخاتەڕوو.

مەترسییەکانی بێدەنگیی بەرامبەر عەجاجنووسینی: کاروان عوسمان شوانیئەنفال کەیسێکی واڵایە، کورد تا نەفخی سوور دەبێت بە ڕژدیی...
10/08/2025

مەترسییەکانی بێدەنگیی بەرامبەر عەجاج

نووسینی: کاروان عوسمان شوانی

ئەنفال کەیسێکی واڵایە، کورد تا نەفخی سوور دەبێت بە ڕژدییەوە کاری لەسەر بکات.
سڕینەوەی نەتەوە و نەمانی هیچ شوێنەوارێکی کوردبوون ئامانجی پرۆسەی ئەنفال و بەعسیش بوو، بەڵام هێزی مانەوەی کورد لەسەرووی هەموو توانایەکی ستەمکارانەوەیە.
خەمی نەتەوەیی ئێجگار گەورەترە لە خەمە بچوکەکانی ژیان و نادادپەروەرییە ئیداریی و کۆمەڵایەتییەکان، خەمە بچوکەکان نابێت ببێتە هۆی لە بیرکردنی خەمەگەورەکان و وێنە گەورەکەی کوردبوون و کێشەکانی بەردەمییمان لە بیر بباتەوە.

ئێمەی پاش ئەنفال لە سڕینەوەیەکی بە کۆمەڵ گەڕاوینەتەوە، بۆ مانەوە و بەردەوامیش دەبێت کەمتەرخەم نەبین و پەرۆشییمان بۆ هەر کێشەیەکی نەتەوەکەمان پەرۆشییمانە بۆ ژیان و ئایندەی خۆمان و مناڵ و نەوەکانمان.
گەر بمانەوێت لەڕێی خەم و کێشەکانمانەوە بچینە ناو مێژووەوە، نابێت کۆڵ بدەین و لە نیوەی ڕێدا دەستبەردایی مافەکانمان بین، یا تاقەتی گێڕانەوەی چیرۆک و ئەوەی بەسەرماندا هاتووە نەمێنێ. دەشبێت گوێیەکان تەندروست و کراوەبن بۆ بیستنی ئازارەکانی کوردبوونمان.
دەبێت چیرۆکەکانی ئەنفال ببێتە چیرۆکی هەزار و یەکشەوە و هەمووان پەرۆشی بیستنی یەک
لە دوای یەکی بین.

ئەنفال کردەیەکی ئێجگار گەورە و پلان بۆ دارێژراو بوو، بە نەمانی بەعس و دادگاییکردنی سەدام و چەند سەرکردەیەکی بەعس وردەکارییەکان تەواو نابێت، ڕەنگە زۆر باس و نهێنیتر هەبێت سەت ساڵی تر ئاشکراببن.
دەستگیرکردنی عەجاج لە ئێستادا دەرفەتێکی باشە لەبەردەمماندا تا لە ڕێگەی بە دادگایی گەیاندنی ئەو کەسەوە باسی ئەنفالکردنمان بدەینەوە بە گوێی ناوچەکە و جیهاندا، ببینەوە بە باسی ڕۆژ و لە ڕێگەی عەجاجەوە زۆر نهێنی و پلانی شاراوەمان بۆ ئاشکرا بێت کە دژ بە تاک بە تاکی کورد لە گۆڕێ بووە.

گەڕاوەکانی نوگرە سەلمان، ئەو کەسانەی ماون و عەجاجیان بینیووە، یا ئازاری داون، دەبێت زۆر جەسوورانە بێنە پێشەوە لە ڕێگای هەڵمەتێکی نیشتیمانییەوە سکاڵا بەرزبکەنەوە بۆ دادگا، تا ماف تایبەتیی و گشتی بۆ خۆیان و نەتەوەکەیان بگێڕنەوە، کەمتەرخەمییمان لە ئاست سکاڵانەکردن گەورەترین خزمەتە بە بەعس و نەیارەکانمان، ئاخر لە دونیادا نەبووە و نییە قوربانی سکاڵا لە جەلادەکەی نەکات.
گەر بێدەنگ بین جاڕی ئەنفالێکی تر دژ بە نەتەوەکەمان دەدرێت، نووسەری بواری جینۆساید و بەعسیزم، کەنعان مەکییە دەڵێت: سەدام بێدەنگی دروستنەکرد، بەڵکو بێدەنگیی سەدامی دروستنەکرد.

نەکردنی سکاڵا لەم جەلادە، کەیسی ئەنفال تا ڕادەی داخستن دەبات، وا دەکات ئیدی بە ترس و شەرمەوە قسە لەسەر کۆژانەکانی کورد بکەین، سبەی ڕۆژێ قسەیەکیشمان بۆ ڕای گشتیی جیهانی نامێنێت، ناتوانین لەڕێی ئازارەکانمانەوە خۆمان پیشانیان بدەین و جەلاد و دوژمنانی نەتەوەکەمان دەستواڵاتر دەبن بۆ سەرکوتکردنی ئێمە.

بەداخەوە کە هەندێک بارودۆخی تایبەت هۆکارن بۆ دڵشکانی گەڕاوەکانی نوگرەسەمان، ئێستا هەندێکیان ئامادەنین سکاڵا تۆماربکەن دژبە عەجاجی جەلاد، لەکاتێکدا تیایاندا هەیە کەیس و چیرۆکی زۆر ناخهەژێنە، نەهاتنە پێشەوەی ئەم کەسانە کەمتەرخەمییە بۆ خۆیان و پاشەڕۆژی مناڵەکانیان، بۆ کۆمەڵگا و نەتەوەی کورد.
داواکاریی و کێشەکانی ئەوان ڕێگای چارەسەرکردنیان لای خۆمانە، دەسەڵاتدارانی کورد دەتوانن پێداچوونەوەی بۆ بکەن، بەڵام دەستگیرکردنی عەجاج هەلێکە و دووبارە نابێتەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە قۆڵی لێ هەڵماڵین و سکاڵا داوای یاسایی دژ بەو و هەر کەسێکی دیکە تۆمار بکرێت کە کوردیان کرد بە ئاردی ناو دڕک.

09/08/2025

ئەنوەر تەیار؛ لە گۆڕی بە کۆمەڵ ڕزگاری بوو، بەڵام لە کوردستان بێسەروشوێن بوو.

ئەنوەر تەیار، دانەری پلانێ دەربازکردنی خۆی و سێ ئەنفالکراوی دی لە گۆڕی بە کۆمەڵ، چی لێهات و بۆچی شوێن بزر بوو.

Address

Kirkuk Governorate

Telephone

+9647503931293

Website

Alerts

Be the first to know and let us send you an email when گۆڤاری تۆپزاوە ::: Topzawe Magazine posts news and promotions. Your email address will not be used for any other purpose, and you can unsubscribe at any time.

Contact The Business

Send a message to گۆڤاری تۆپزاوە ::: Topzawe Magazine:

Share

Category