
05/06/2025
لە درێژەی کار و چالاکیەکانی بەشی ڕێنمایی کشتوکاڵی سلێمانی. لە لایەن تیمێکی بەشەکەمانەوە کە پێک هاتبون لە سێ فەرمانبەر و لێپرسراوی هەمان بەش. سەردانی جوتیارێکی نمونەیی و لێهاتوویان کرد لە گوندی قەمچوغەی سەر بە قەزای دوکان.
لەسەر فەرمانى بەڕێز بەڕێوەبەرى گشتى کشتوکاڵى سلێمانى و بە مەبەستی دەست خۆشی و ئاگادار بون لە کار و چالاکیەکانی سەردانى جوتیار ( اسماعیل محمد فەرخە ) مان کرد لە گوندى قەمچوغە ى سەر بە قەزاى دوکان , کە ناوبراو خاوەنى نزیکەى ١٠ دۆنم زەوییە , لەسەر زەوییەکەى نیشتەجێیە و خاوەنی باخ و ڕەزێکى زۆر جوان و ڕێک و پێک و زانستییە و نزیکەى ١٥ جۆر ترێی چاندووە، بە ناوەکانى ( ڕەشمیرى , تایەفى , مام برایمى , ترێ ڕەشکە , بۆڵمازوو , ترێ زەردکە , دۆشاوى , کەمالى , حەلوانى , ئەحمودى کشمیش , کونتکە , سەعدانى یان سادانى وترێ سپیکە و سەرقوڵکە و چۆمیلە ) , هەروەها جگە مێو و ترێ چەندین جۆری داری هەنار و هەنجیر و هەرمێ لە باخەکەیدا دەبینرێت , هەروەها بەهێندەى پێویستى خۆى گەنم و دانەوێڵەى داچاندووە و ژمارەیەک ئاژەڵى هەیە لەگەڵ چەند بەروبوومێکی کێڵگەیی وەک بامیە و تەماتە و ,,,, هتد
شوێنێکى زۆر گونجا و لەبارى هەیە کە خۆى لە خۆیدا کێڵگەیەکى ڕوونکردنەوەیی نمونەییە بۆ جوتیارانى ناوچەکە و تەنانەت بۆ ڕونکردنەوەى ڕابەرانى کشتوکاڵى خولە تایبەتیىەکانى ڕێنمایی کشتوکاڵى و زانکۆ و پەیمانگاکان .
ئەوەى لە سەردانەکەمان تێبینیمان کرد ئەم جوتیارە تا بڵێی جوتیارێکى نموونەیی و بە ئەزمون و لێهاتووە و نزیکەى ٦٠ ساڵ زیاترە جوتیارەو هەر لە منداڵییەوە بە کاری جوتیاریەوە سەرقاڵ بووە و کارى کشتوکاڵى بووە بە بەشێکی گرنگی ژیانی, هەر بۆیە شایەنى ئەوەیە دابنرێت بە سەرکردەی جوتیارانى ناوچەکەو شایەنى ڕێز و پێزانینە. جوتیارى ناوبراو خاوەنی چەند تایبەتمەندیەکی تایبەت بە خۆی هەیە کە جیای دەکاتەوە لە جوتیارێکی ئاسایی.
١- جوتیارێکى تا بڵێیت نموونەیی لە خزمەتکردنى میوان و ئاوارە و ڕێبواران و کارمەندانى کشتوکاڵى و حکومى , بەڕاستى شایەنى ڕێز و سوپازگوزارییە .
٢ - جوتیار دەتوانێت ئاڕاستەی جوتیار یان جوتیاران (گروپێک ) بکات و کاروبارەکانیان بۆ ڕێک بخات و زانیارى باشى کشتوکاڵى بگەیەنێت بە جوتیارانى تر .
٣- جوتیار دەتوانێت جوتیارانى تر هان بدات بۆ ئەنجامدانی ڕێنماییەکی کشتوکاڵی یان کارێکی کشتوکاڵی دیاریکراو . و چالاکوانێکى بە هێز و بە توانایە لە زۆر بواردا( بەروبوومى کێڵگەیی و باخدارى و ئاژەڵدارى و هەنگەوانى و هتد .
٤- دەستپێشخەرە لە ئەنجامدانی چەندین کاری ڕێنمایی لە ناوچەکەیاندا , وەکو بەکارهێنانى سستمى ئاودان بە دڵۆپاندن و خانووى پلاستیکى و بەکارهێنانى پەینى کیمیایی بە شێوەى دروست و زانستى و هەڵپاچینى باخدارى بە شێوەى زانستییانە و زۆر شتى تر .
٥ - تواناى ئاسانکاری هەیە بۆئەنجامدانى کاری ڕێنمایی کشتوکاڵی . بۆ نمونە: ئەنجامدانی ڕونکردنەوەیەکی کێڵگەیی وکۆبوونەوە بۆ جوتیارانى دەورووبەرى و جوتیارێکى بە بەهرە و پەرۆشى کارى کشتوکاڵییە و تەنیا جوتیارە کە لە گوندەکەیان مابێتەوە و کۆچى نەکردووە بۆ شارو شارۆچکەکان خەریکى کشتوکاڵکردنە .
٦- بەردەوام و بەبێ بەرانبەر زانیاری دەبەخشێت بە جوتیارانی هاوپیشەی.
٧- جوتیار بە دوای زانیاریدا دەگەڕێت و زۆر حەز بە گۆڕینەوەى زانیارى و بابەتى کشتوکاڵى دەکات .
ئامادەکردنی
سلام محمد
ڕاگەیاندنی ڕێنمایی کشتوکاڵی سلێمانی