06/04/2025
🔸 هەمــوو شەڕ و کوشـتارەکانی مـرۆڤ بە درێژایی مێژوو لەسـەر ئەم یەک پیکسـڵە بووە!
🔸 کەشتی بۆشایی ئاسمان ڤۆیەجەر یەک Voyager.1 لەڕۆژی ڤالانتاین لە ڕێکەوتی 1990/2/14 ئەم وێنەیەی هەسارەی زەوی گرت لە دوری نزیکەی 6 ملیار کیلۆمەتر، ڤۆیەجەر لەساڵی 1977 هەڵدرا بەرەو قوڵایی گەردوون و ئێستاش هەر بەڕێوەیە بەرەو دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرەکەمان، ئەم دوریەش لە تێکڕای دوری قەزەمە هەسارەی پلوتۆ زۆرترە کە 5.3 ملیار کیلۆمەترە، ناسا ئەم وێنەیەی هەسارەی زەوی گرت لەسەر داوای زانای مەزن و گەردوونناس کارل ساگان کە ویستی هەموو مرۆڤەکان بزانن هەسارەکەمان چەند بچوکە بەبەراورد بەم گەردوونە بێ شومارە و فراوانە، بۆ ئەوەی هەمووان بزانن چۆن تاقە ماڵەکەمان کە زەویە نقوم و بزرە لە نێو بۆشایی و تاریکی ئاسمان، بۆ ئەوەی هەموو مرۆڤەکان بزانن هەموویان بەیەکەوە هەمان چارەنوسیان هەیە، بۆ ئەوی مرۆڤەکان واز لە بیرکردنەوەی توند و تیژ دژی یەک و ڕق و کینە و شەڕ وکوشتار بهێنن، دوای بڵاوکردنەوی وێنەکەش کارڵ ساگان وتارێکی زۆر جوانی لەسەر ئەو وێنەیە خوێندەوە لە زانکۆی Cornell لە نیویۆرک و ئەو وتارە بوو بە یەکێک لە جوانترین میراتی کارل ساگان و جوانترین بەرهەمی ئەوە.
🔸 جا بەڕاستی قەبارەی زەوی لەم وێنەیە دا نەوەک یەک پیکسڵ بەڵکو هەندێک بچوکتریشە لە یەک پیکسڵ، چونکە له ڕاستیدا وێنە ئۆریجیناڵەکە قەبارەکەی 453×614 پیکسڵە و قەبارەی فایلە دیجیتاڵیەکەش کە کەشتی ڤۆیەجەر لەڕێگەی شەپۆڵی ڕادیۆیی ناردیەوە بۆمان تەنیا 526 کیلۆ بایتە.
🔸 وتارەکەی کارڵ ساگان لەلای من لە جوانیدا بێ وێنەیە بەڵام ناخ هەژێنیشە، تەواوی ئەو وتارە بەناوبانگەم کردوە بە کوردیەکی جوان و پاراو و لە پۆستێکی تردا کەمێکی کە بڵاوی دەکەمەوە.
🔸 نوسـینی: لوقـمان حـەوێز