16/03/2026
نامیلکەی
خیانەتەکانی قیادە مووقەتە بە نەتەوەی کورد
بەشی یانزە - ئاشبەتاڵ
بە بڵاو بوونەوەی خەبەری رێک کەوتنی شا و سدام نیگەرانی هەموو کۆڕ و کۆمەڵەکانی دڵسۆزی مەسەلەی کوردی داگرت، زۆر کەس هەر دەسبەجێ تێگەیشتن کە بزوتنەوەی ژێر سەرکردایەتی بارزانی ئاخر ڕۆژەکانی تەمەنی بەسەر دەبا بەڵام هێندێ کەس هیوادار بوون کە بزوتنەوەی کوردی عیراق بە شێوەی پارتیزانی درێژە بە ژیانی خۆی بدا. بەپێی خەبەرانە کە ئەو دەم گەیشتن لەسەرتا دا شوورایەکیش پێک هاتبوو بۆ ئەوەی بە ژمارەیەکی کەم پێشمەرگەی ئازاوە شەڕێکی درێژخایەنی پارتیزانی دەست پێ بکا. بەڵام بارزانی سەفەرێکی تاران دەکا چاوی بە شا دەکەوێ و دەگەڕێتەوە ئەمجارە دژی هەر چەشنە بەربەرەکانی یەک ڕادەوەستێ و بەڕەسمی ئاش بەتاڵەکە ڕادەگەیەنێ. جاش ئاوا بوون بۆ کوردستانی ئێران، بارزانی بەشێکی زۆر لە کوردە ئاوارەکان لە نەغەدە کۆدەکاتەوە و قسەیان بۆ دەکا. لەوێش دا بۆ ئەوەی هیچ ڕێگایەک نەهێڵێتەوە دەڵێ جاران چەکمان پێ بوو سەدی٣٠ هیوام بە سەرکەوتن هەبوو. بەڵام ئێستا سەدی ٧٠ هیوادارم بەم زووانە سەرکەوین. بەم جۆرە شەڕی یەک ساڵەی ١٣٥٣ی هەتاوی (1974)ی کوردستانی عێراق کە زیاتر بە هاندانی ڕیژێمی شاو ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەستی پێ کرابووە بە دەستووری ئەوانیش کۆتایی هات و پاش یەک ساڵ مەرگ و ماڵ وێرانی پاش ئەوەی گەلی کوردی عێراق بەو یەک ساڵە زۆر زیاتر لە نۆساڵی پێش ١٩٧٠ قوربانی دا و پاش ئاوارە و دەربەدەر بوونی سەدان هەزار کوردی عێراقی سەرۆکایەتی بارزانی تەواوی دەسکەوتی چەند ساڵ خەباتی گەلی کوردی بە هاندانی دوژمنانی کورد بەفیرۆدا. ئێستاش کە ئێستایە نە بارزانی و نە بنەماڵەکەی تەنانەت حازر نەبوون تۆزقاڵێکیش لە مەسئوولیەتی ئەو شکستە مێژووییە وەئەستۆبگرن و دان بەوە دابنێن کە مسقاڵێکیش هەڵەیان کردوە. بەڵام دوای ئەو تێکۆشانە گەورەیە زۆرشت بۆ خەباتکەرانی گەلی کورد ڕوون بووە و زۆر نهێنی ئاشکرا بوون. هەر چەند ئەو شکستە بۆ گەلی کورد زۆر گران تەواو بوو. بەڵام تاقیکردنەوەی بە نرخیشی دایە دەستی تێکۆشەرانی دوا ڕۆژی ڕێگای ڕزگاری کوردستان.
ساڵی ١٩٧٥ بە دوای ئاش بەتاڵی بارزانی دا “پایک” ڕاپۆرتێکی پێشکەشی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا کرد کە لەوەدا بە بەڵگە و سەنەد پەردەی لەسەر هاوکاری بارزانی و (سیا) واتە دەزگای جاسوسی ئەمریکا و کۆمەکی شازادە میلیۆن دۆلاری ئەمریکا بە بارزانی هەڵدابوو. ئەو ڕاپۆرتە لە ڕۆژنامەی”ویلاچ وویس” ئەمریکایی دا بڵاو کرانەوە. بەڵام بارزانی و دەست و پێوەندەکانی هەتا ساڵی١٩٧٧ بە ڕەسمی باسی ئەو هاوکارییەیان نەدەکرد. لە ٩ی مانگی فیبریورییەی ١٩٧٧ دا بارزانی ئەو کاتە لە ئەمریکا دەژیا نامەیەکی بۆ سەرکۆماری ئەو وەختی ئەمریکا جیمی کارتەر نووسی بوو. پاشان کارتەر وەڵامی نەدابووە لە ڕۆژی٣ی مارسی ئەو ساڵەدا نامەیەکی دیکەی بۆ جیمی کارتەر ناردبوو لەگەڵ ئەودا روونووسی نامەیەکی هێنری کیسنجر، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکاشی بۆ ناردبوو کە لە ٢٢ی مانگی فێبرورییەی ١٩٧٧ دا بۆ بارزانی نووسیبوو هەروەها بارزانی لە ١٤ی فێبرورییەی ١٩٧٧ دا نامەیەکیشی بۆ ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا ناردبوو. ئەو نووسراوانە وەختی خۆی لە ئەمریکا و ئورووپا بڵاوکرانەوە و نوسخەکەیان لەلای حیزبی ئێمە هەیە. بەڵام لێرەدا چەند بەشی بچووک لە نامەکانی بارزانی بۆ جیمی کارتەر باس دەکەین تا بزانین بە چ هیواو ئومێدیکەوە چاوی بریوەتە ئەمریکا و چۆن بە ئیمانەوە داوای کۆمەکی لە کارتەر کردووە. بارزانی لە نامەی خۆی دا بەڕاشکاوی ڕیژێمی شا و ئیمپریالیزمی ئەمریکا بە دۆست و پشتیوانی خۆیدەزانێ و دەنووسێ: “کاتێک پێکەوە ژیانی بە ئاشتی لەگەڵ ڕێژێمی بەعس لە توانادا نەما ئێمە ڕوومان کردە دۆستە ئەمریکایی و ئێرانی یەکانمان” هەموو کەس دەزانێ کە بارزانی لە ئێران دا بێجگە لە ڕیژێمی شا دۆستایەتی لەگەڵ کەسی دیکە نەکردووە. کەوابوو دۆستە ئێرانی یەکەی شایە و دۆستە ئەمریکایەکەشی”سیا” یە نەک گەلانی ئێران و ئەمریکا. بارزانی لەسەر نووسنەکەی دەروا دەڵێ:
” پێیان گوتین کە شۆڕشی کورد هەم لەلایەن ئەمریکا و هەم لەلایەن ئێرانەوە یارمەتی دەدری بە جۆرێک کە کوردەکان بتوانن دژی ڕیژێمی عێراق خەبات بکەن و بۆ ئەوەی خودموختاری یەکی ڕاستەقینە بۆ کورد و حکوومەتێکی دیموکراتی بۆ عێراق دابین بکەن”.
بەو جۆرە بارزانی هیوای بەدۆستە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستەکانی بووە کە خودموختاری راستەقینەی بۆ وەربگرن.
بارزانی زیاتر لەسەری دەروا و بە راشکاوی دەڵێ کە لەسەر قەولی ئەمریکا و ئێران شەڕی سازکردۆتەوە. سەرنج بدەن: “کاتێک قانوونی خودموختاری بە چەشنێ یەک لایەنی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە راگەیاندرا کە ئیعترافی بە لانی کەمی مافی نەتەوایەتی گەلی کورد نەدەکرد. ئێمە لەبەر قەولی یارمەتی دۆستەکانمان ئەو قانوونەمان رەت کردەوە”. دواتریش دەنووسێ:
” ئێمە تەنیا دەمانەوێ قەولی خودموختاری کە بە ئێمە دراوە بێتەدی”. وەک دیتمان بارزانی ئیعتراف دەکا کەلە سەر قەولی ئەمریکا و ئێران قانوونی خودموختاری عێراقی رەت کردوەتەوە و داواش دەکا ئەمریکا و ئێران قەولی خودموختاری کە بەویان داوە بیبەنە سەر. بێ جێ نیە لێرەدا ئەوەش بگوترێ کە ئەو قانوونی بارزانی دەنووسێ: ئیعتراف بە لانی کەمی مافی نەتەوایەتی کوردی تێدانیە وەک قانوونی شتێکی باشە و زۆر لە داواکانی گەلی کوردی تێدا گونجاون. نوێنەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەنی سەدردا داوایان کرد کە ئەو خودموختارییەی دەوڵەتی عێراق ئیعترافی پێ کردوە بدەن بە کوردی ئێران. بەڵام ئەو دەوڵەتەی ئێستا بنەماڵەی بارزانی بە دڵ و گیان جاشایەتی بۆ دەکەن حازر نەبوو نەک ئەوە بەڵکوو نیوەی ئەوەش بدا بە کوردی ئێران. لە کۆتایی نامەکەدا بارزانی بە تەواوی دڵپاکی و ئیمانی خۆی سەبارەت بە جیمی کارتەر و سەرکۆماری گەورەترین وڵاتی ئیمپریالیستی دەردەبڕێ و دەنووسێ:
“پەنجا ساڵە گەلی من بڕوا و ئیمانی تەواوی خۆی داوە بەمن. منیش ئەو بروایە پێشکەشی ئێوە دەکەم”;.
سەیر لەوە دایە بەرێوەبەرانی قیادەی مووەقەت لە یەک دووساڵی ئاش بەتاڵ دا هەمیشە حاشایان لەوە دەکرد کە پەیوەندی یان بە بارزانی یەوە مابێ و تەنانەت جاروبار ڕەخنەشیان لە ئاکار و کردەوەی سەرۆکایەتی پێشووی پارتی دەگرت. کەچی بارزانی تەواوی نامەکانی خۆی بەناوی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئیمزا کردبوو. دواڕۆژیش نیشانی دا کە قیادەی موقتیش هەر بارزانی بڕیویەتی و هەربارزانی دروویەتی. ئێستاش لە بەرچاومانە کە بەڕێوەبەرانی تازەی ئەو تاقمەیە لەسەر ئەوە سوورن کە رێگای بارزانی ڕێگای لەڕێ لادانی بزوتنەوەی کورد و ڕێگای هاودەستی لەگەڵ ئیمپریالیزم و کۆنە پەرستی درێژە پێ بدەن. تەنانەت هەوڵ دەدەن چەندین هەنگاویش لە بارزانی پێشتر کەون. بە پیرۆزیان بێ!.
کۆمیتەی ناوەندی
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
١٦/٩/١٩٨١ – ٢٥/٦/١٣٦٠
ماویەتی...