02/11/2025
بێستوون عەبدوڵا دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر سووتانی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پێنجوێندا، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ پارێزگاری سلێمانی دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پەیامێکی هاوخەمیدا ڕایگەیاند، کە بێستوون عەبدوڵا دانیشتووی گوندی کواوای سەر بە شارۆچکەی پێنجوێن، کە بەهۆی بەشداریکردنی خۆبەخشانەی لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەی سنووری پێنجوێن سووتابوو گیانی لەدەستدا و بووە شەهیدێکی تری پاراستنی ژینگە.
ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە ڕۆژی ٢٨ـی ئابی ئەمساڵ لە دارستانی گوندەکانی مەسۆ و هەڵاڵاوای سەر بە شارۆچکەی پێنجوێن ڕوویدا و بووە هۆی برینداربوونی هەریەک لە بێستوون عەبدوڵا و ئالان یووسف و بەهۆی ئاگرەکەشەوە سەدان دۆنم دارستان سووتان.
پۆلیسی دارستانی پارێزگای سلێمانی پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە ئاگرەکە سنووری چەند گوندێکی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە دوو کەس برینداربوون و کەسێکیش لەسەر کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکراوە.